مێژویەکی نەبیستراو؛ چۆن مەغریب بوو بەیەکەم هاوپەیمانی ئەمریکا؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەسەردەمی برسیێتی، شکستی سوپاکەی جۆرج واشنتۆن، شانشینی مەغریب بوو بەتاکە هاناو، یەکەم دۆستی ڕاستەقینەی ئەمریکای لەدایکبو، کە بەکردنەوەی بەندەرەکانی‌و واژۆکردنی پەیماننامەی دۆستایەتی لەساڵی 1786دا، شادەماری بازرگانیی واشنتۆنی لەئیفلیجی ڕزگارکردو بنچینەی پەیوەندییەکی مێژویی داڕشت کە تا ئەمڕۆش وەک بەهێزترین هاوپەیمانی بەردەوامە.


لەساڵی 1777دا، کۆماری نوێی ئەمریکا بۆ مانەوەی خۆی دەجەنگا، کاتێک سوڵتانی مەغریب بەندەرەکانی وڵاتەکەی بەڕوی کەشتییەکانی ئەمریکادا کردەوە، بەمەش بناغەی کۆنترین پەیوەندیی دیپلۆماسی بەردەوامی لەمێژوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا دانا.

ئه‌وساڵه‌ یەکێکبوو لەسەختترین ساڵەکان لەمێژوی ئەمریکادا، لەسەر وشکانی، هێزەکانی بەریتانیا دەستیان بەسەر چەندین شاری گەورەدا گرتبوو و نیویۆرک کەوتبوە ژێردەستیان، سوپای کیشوەریی بەسەرکردایەتی جۆرج واشنتۆن، دوجار هەوڵیدا ڕێگریی لەپێشڕەوی بەریتانییەکان بکات، بەڵام سەرکەوتونەبوو، لە 26ی ئەیلولدا بەریتانییەکان فیلادلفیای پایتەختی ڕاستەقینەی ئەمریکای ڕاپەڕیویان داگیرکرد.

سوپاکەی جۆرج واشنتۆن بەبارودۆخێکی زۆر خراپدا تێپەڕدەبوو؛ ورەیان ڕوخابوو، پێداویستی کەمبوو خەزێنەی سوپا بەتەواوی خاڵیی بوو، سێیەکی سەربازەکان کە ژمارەیان 11 هەزار بوو، بەهۆی ئەوەی پێپەتی یان نیمچە ڕوتبون، بۆ خزمەتکردن شیاو نەبون، واشنتۆن لەنامەیەکدا بۆ کۆنگرێس هۆشداریدابوو کە ئەگەر دۆخەکە نەگۆڕێت، سوپا ڕوبەڕوی سێ ئەگەر دەبێتەوە، ئه‌وانیش (مردن لەبرسا، یان هەرەسهێنان، یان پەرتەوازەبون).

ئەمە دۆخی وشکانی بوو، بەڵام لەدەریادا دۆخەکە زۆر خراپتربوو، هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا کۆنترۆڵی کەناراوەکانی ئەتڵەسی کردبوو، کەشتییە ئەمریکییەکانیش بێ پارێزگاری مابونەوەو ببونە نێچیرێکی ئاسان، بەهۆی نەبونی کەشتیگەلی دەریایی‌و نەبونی پەیماننامە لەگەڵ وڵاتانی دیكه‌ بۆچونە ناو بەندەرەکانیان، بازرگانی ئەمریکا توشی ئیفلیجی ببوو، لەوکاتە هه‌ستیاره‌دا، ئەمریکا پێویستییەکی زۆری بەدانپێدانانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەبوو، ئەم دانپێدانانەش لەباکوری ئەفریقاوە هات.

له‌مەغریب، سوڵتان محەمەدی سێیەم، بەندەرەکانی بەڕوی کەشتییە ئەمریکییەکاندا کردەوەو بوو بەیەکەم فەرمانڕەوای بیانی کە بەفەرمی دان بەئەمریکادا بنێت، بەڵام دامەزرێنەرانی ئەمریکا بەهۆی سەرقاڵییان بەئەوروپاوە، تەنها دوای چەند ساڵێک ئاوڕیان لەم دەستپێشخەرییە دایەوە.

سوڵتان سه‌یدی محەمەد بن عەبدوڵڵا ئەلخەتیب لەبنەماڵەی عەلەوی بوو و نازناوی (ئەمیری بڕواداران)ی هەبوو، ئەو جەنگاوەرو زانا بوو، لەماوەی حوکمڕانی خۆیدا مەغریبی لەپشێوی ڕزگارکردو سەقامگیریی بۆ گەڕاندەوە، بەپێچەوانەی پێشینانی خۆی، ئەو سەرنجی خستەسەر دەرەوەو بۆ گەشەپێدانی بازرگانیی، شاری (ئەسسەوێرە)ی پەرەپێداو کردیە بەندەرێکی گەشەسەندوو لەسەر زەریای ئەتڵەسی، ئەو پێیوابوو، بازرگانی نەک داگیرکاری، سەرچاوەی هێزە.

سوڵتان لەکاتێکدا کە وڵاتانی ئەوروپا ئەمریکییەکانیان تەنها وەک یاخیبوو دەبینی، ئەو وەک شەریکێکی بازرگانیی شاراوە سەیری دەکردن، هەروەها مەغریب کە پێشتر لەلایەن فەرەنساو هۆڵەنداو بەریتانیاوە ڕوبەڕوی هێرش‌و گەمارۆ ببوەوە، هاوسۆزبوو لەگەڵ ڕزگاربونی ئەمریکییەکان لەهەژمونی ئەوروپا، جگەلەوەش، دەیویست مەغریب بکاتە هێزێکی کاریگەر لەسەر زەریای ئەتڵەسی.

له‌و سەردەمەدا چەتەکانی باکوری ئەفریقیا کۆنترۆڵی دەریایان کردبوو و دەریاوانە ئەمریکییەکانیان دیلدەکردو دەیانکردن بەکۆیلە، لەمکاتەدا سوڵتان پاراستنی پێشکەش بەکەشتییە ئەمریکییەکان کردو ڕێگەی پێدان بەئازادی بازرگانی بکەن‌و پێداویستی ببەن.

هەواڵی ئەم دەستپێشخەرییە بەهۆی شەڕو خاوی گواستنەوەوە درەنگ گەیشتە ئەمریکا، دوای چەندین نامە گۆڕینەوە، سوڵتان بۆ ناچارکردنی ئەمریکییەکان بۆ دانوستان، لەساڵی 1784دا فەرمانیکرد بەدەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بازرگانی ئەمریکی بەناوی (بێتسی)، ئەم ڕێکارە وایکرد واشنتۆن بجوڵێت‌و لەساڵی 1786دا تۆماس بارکلی نێردرا بۆ مەغریب بۆ ڕێککەوتن، دواتریش جۆن ئادامزو تۆماس جێفەرسۆن وردەکارییەکانیان تەواوکرد.

پەیماننامەی دۆستایەتی مەغریب‌و ئەمریکا لە 28ی حوزەیرانی 1786دا واژۆکرا، لەساڵی 1789دا، جۆرج واشنتۆن نامەیەکی سوپاسگوزاریی بۆ سوڵتان محەمەدی سێیەم نارد، ئەم پەیماننامەیە تائێستاش درێژخایەنترین پەیماننامەی دیپلۆماسی بەردەوامە لەمێژوی ئەمریکادا کە لەبەردەم هەموو گۆڕانکاریی‌و شەڕەکاندا خۆی گرتوە.

بەپەلە