شارپرێس:
ڕاپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوەدەکەن، گروپه چەکدارەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیدەکرێن، تۆڕێکی ئاڵۆزی "ئابوریی سێبەر"یان دروستکردوە بۆ بێبایەخکردنی سزاکانی ئەمریکا.
هەرچەندە واشنتۆن سزای بەسەر چەندین دامەزراوەی داراییو بازرگانیی عێراقیدا سەپاندوە، بەڵام ئەو گروپانە توانیویانە لەڕێگەی دامەزراوە حکومییەکانو کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە بەردەوامی بەچالاکییە داراییەکانیان بدەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"ی ئەمریکی، کۆمپانیای (ئەلموهەندیس) نمونەیەکی دیاری ئەم هەوڵانەیە، ئەم کۆمپانیایە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دامەزراوە، سەرمایەیەکی سەرەتایی بەبڕی 76 ملیۆن دۆلارو بودجەیەکی وەبەرهێنانی 305 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە.
سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، حکومەتی عێراق زیاتر لە 1.2 ملیۆن دۆنم زەوی لەسەر سنوری سعودیە ڕادەستی ئەم کۆمپانیایە کردوە کە ئەمەش وەک پاڵپشتییەکی گەورە بۆ گروپە توندڕەوەکان دەبینرێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم گروپانه تەنها پشت بەکۆمپانیا گەورەکان نابەستن، بەڵکو چێشتخانە، هاوینەهەوار، زانکۆی تایبەتو تەنانەت کلینیکی پزیشکیش وەک پەردەیەک بۆ سپیکردنەوەی پارە بەکاردەهێنن.
ڕاپۆرتەکان دەڵێن بۆ نمونە، (عەلی شەمهەری) ئەندامی عەسائیبی ئەهللحەق، کلینیکە پزیشکییەکەی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنێتو لەهەمانکاتدا هەژمونی دارایی خۆی بۆ گەیشتن بەپەرلەمان بەکاردههێنێت.
باس لهوهشدهكرێت، شکستی حکومەتی عێراق لەگرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژی ئەم قەوارانە، وایکردوە سزاکانی ئەمریکا تەنها لەئاستی نێودەوڵەتییدا کاریگەربنو لەناوخۆدا بێبایەخ بن.
ڕاپۆرتەکە بهپێویستى دهزانێت، واشنتۆن فشاربخاتەسەر ئەو بەرپرسە حکومییانەی کە گرێبەست لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە واژۆدەکەنو هاوکارییە دیپلۆماسیو ئابورییەکانی ببەستێتەوە بەچاکسازییەکی ڕاستەقینە لەسیستەمی دارایی عێراقدا.
ئهوهش هاتوه، "ئەگەر ئەم چاکسازییانە سەرکەوتوبن، گروپه چهكدارهكان لەسەرچاوەی دارایی بەهێزەوە دەبنە بارگرانییەکی گەورە بۆسەر ئێران".
