ڕێککەوتن یان لێدانی توندتر؟ ترەمپ هەڵوێستی خۆی لەسەر گرژکردنی دۆخەکە دژ بەئێران ئاشکرادەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1772 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەناوەڕاستی ئامادەکارییەکانی کۆشکی سپی بۆ ئەنجامدانی "هێرشێکی گەورە" دژ بەتاران، دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەیەنێت، هێڵی سوری ئەو، پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییەو متمانەی تەواوی بەبەڵێنەکانی ڕوسیاو چین هەیە بۆ چەکدارنەکردنی ئێران، بەڵام هۆشداریدەدات، ئەگەر دانوستانەکان سەرکەوتونەبن، واشنتۆن بۆ کاردانەوەیەکی سەربازیی بێبەزەییانە ئامادەیە.


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێشتا بڕیارینەداوە سەبارەت بەئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانتر بۆسەر ئێران، چونکە تاران لەئێستادا "جدییەتی زیاتر" لەدانوستانەکانیدا لەگەڵ واشنتۆن نیشاندەدات.

ترەمپ لەکۆشکی سپی (نوسینگەی هێلکەیی) لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان سەبارەت بەوەی ئایا بڕیاری کۆتاییداوە، دوای بڵاوبونەوەی چەند ڕاپۆرتێک کە ئاماژەیان بەوەدەکرد، لەگەڵ گەورە ڕاوێژکارانی کۆبوەتەوە بۆ تاووتوێکردنی پرۆسەیەکی سەربازیی بەرفراوان دژ بەئێران، ڕایگەیاند، "نەخێر، هێشتا بڕیارم نەداوە، ئێمە لەئێستادا قسەیان لەگەڵ دەکەین، پێموایە ئەوان ڕۆژ بەڕۆژ جدییەتی زیاتر نیشاندەدەن، پێدەچێت هۆکارەکەشی ڕون بێت".

وتیشى، "ئێران دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: یان گەیشتن بەڕێککەوتن، یان ڕوبەڕوبونەوەی ئاستێکی زۆر توندتر لەهێرشە سەربازییەکان، ئەمەش دوای نزیکەی دوو هەفتە دێت لەدەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دژ بەتاران‌و وەڵامدانەوەی ئەمدواییەی ئێران بەبۆردومانکردنی چەند ئامانجێک لەناوچەکەدا".

ترەمپ لەدرێژەی قسەکانیدا وتی، "ئێمە بەتەواوی ئامادەین‌و سازین بۆ جوڵە، بەڵام ئێمە قسەیان لەگەڵ دەکەین، دەشبینین ئەم گفتوگۆیانە بەچی دەگەن، پێموایە ئەوان جدین، پێویستیشە هەروابن".

ترەمپ دوبارە جەختی لەسەر هەڵوێستی پێشوی کردەوە کە هێڵی سوری ئەو بریتییە لەنزیکبونەوەی ئێران لەپەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، "خاڵی وەرچەرخان" کە پاڵی پێوەدەنێت بۆ بڕیاردان هێشتا بەتەواوی ڕون نییە.

ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بڵاویکردبوەوە، ترەمپ ڕۆژی هەینی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ڕاوێژکارانی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا ماڵپەڕی هەواڵی (ئاکسیۆس) لەزاری سەرۆکی ئەمریکاوە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، تاووتوێی ئەنجامدانی "هێرشێکی گەورە" بۆسەر ئێران دەکات.

هەروەها، ترەمپ جەختی لەسەر ئەو لێدوانانە کردەوە، پێشتر لەپۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی (تروس سۆشیاڵ)دا بڵاویکردبوەوە، تێیدا بڕوای خۆی دەربڕیبوو کە ڕوسیاو چین چەک بەئێران نافرۆشن، سەرەڕای بونی چەند ڕاپۆرتێک کە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو دوو وڵاتە زانیاری هەواڵگریی ورد پێشکەش بەتاران دەکەن بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا.

ترەمپ بۆ ڕۆژنامەنوسان وتى، "دەتوانم پێتان بڵێم (شى جین بینگ) سەرۆکى چین پێی وتم کە ئەو هەنگاوە نانێت، سەرۆک (ڤلادیمیر پوتین)یش بەهەمانشێوە، پێموایە دەزانن کە من متمانەیان پێدەکەم، پێموانییە ئەوان بیانەوێت بێهیوام بکەن".

ترەمپ لەپۆستەکەیدا لەتروس سۆشیاڵ هۆشداریدابوە پەکین‌و مۆسکۆ لەفرۆشتنی چەک بەئێران‌و ڕایگەیاندبوو، "ئەگەر ئەوەبکەن، ئەوا کارەکە بۆ ئەوان زۆر خراپدەبێت‌و بێگومان لەبەرژەوەندیی ئەواندا نابێت".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، هاوتا چینییەکەی لەکاتی کۆبونەوەیان لەپەکین لەمانگی ئایاردا پێیڕاگەیاندوە، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا چەک ناداتە ئێران، وتیشی، "بەڕەچاوکردنی پەیوەندییەکامان، من باوەڕی پێدەکەم".

ئه‌وه‌شى وت، "پوتن بەڵێنێکی هاوشێوەی داوە سەرەڕای شەڕی ئۆکرانیا، ئەو تێدەگات کە من چەک بەئۆکرانیا نافرۆشم، بەڵکو بەوڵاتانی ناتۆى دەفرۆشم، ئەوان پارەکە بەتەواوی دەدەن، بەڵام چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو چەکانە، من زانیاریم لەسەری نییە".