شارپرێس:
سەرچاوە تایبەتەکان ئاشکرایدەکەن، عەلی زەیدیی
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپێناو پاراستنی شادەماری ئابوریی وڵاتەکەی، داوایەکی بەپەلەی
ئاراستەی تاران کردوە بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبونی كهشتیه نهوتیهكانى تایبهت بهعێراق
لهڕێگهى گەروی هورمزهوه، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشبینییەکان ئاماژە بەئەگەری وەڵامێکی
نەرێنیی ئێران دەکەن بەهۆی نزیکبونەوەی ئەمدواییەی بەغداو واشنتۆن.
کەناڵی (حوڕه) لهزارى سەرچاوەکانیهوه بڵاویكردوهتهوه،
بهئهگهرى زۆرهوه ئێران بەشێوازێکی نەرێنی مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکەی عێراقدا
بکات، ئەمەش بەهۆی سەردانی ئەمدواییەی زەیدیی بۆ واشنتۆن.
ئهو سەرچاوانه ڕایانگەیاندوە، عەلی زەیدیی
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ تاران، داوای لەبەرپرسانی ئێران کردوە
کە گەرەنتی تێپەڕبونی ئەو كهشتیه نهوتیانه بکەن کە نەوتی عێراق لەڕێگەی گەروی
هورمزەوە دەگوازنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لەهاتوچۆی دەریایی ئەم ڕێڕەوە
ستراتیژییەدا بەردەوامن.
بهگوێرهى سەرچاوەکان، تاران وەڵامێکی ڕونی
نەداوەتەوە کە ڕەزامەندبێت یان ڕەشبین، بەڵام پێشبینیدەکرێت، ئێران بەنەرێنی مامەڵە
لەگەڵ داواکارییەکەدا بکات، لەسەر بنەمای سەردانی ئەمدواییەی زەیدیی بۆ واشنتۆنو
واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتنامە لەلایەن حکومەتەکەیەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا.
زەیدی ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوو گەیشتە تارانو
لەوێ لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران کۆبوەوە، هەردولا شایەدی واژۆکردنی
چەندین ڕێککەوتنامەو یاداشتی لێکتێگەیشتن بون.
بهبڕواى چاودێران، ئەم سەردانە دوای چەند ڕۆژێک
هات لەسەردانی زەیدیی بۆ ئەمریکا لەنێوان 13 بۆ 18ی تەمموزدا، کە تێیدا لەگەڵ دۆناڵد
ترەمپ کۆبوەوە، لەوێ هەردولا هاوبەشییەکی ستراتیژییان لەنێوان بەغداو واشنتۆن ڕاگەیاند،
ئەمەش یەکەم گەشتی دەرەوەی زەیدیی بوو لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لەمانگی
ئایاردا.
داواکارییەکەی عێراق سەبارەت بەگەروی هورمز
گرنگییەکی تایبەتی بۆ بەغدا هەیە، چونکە عێراق بۆ دابینکردنی زیاتر لە 90٪ی داهاتی
گشتیی خۆی پشت بەهەناردەکردنی نەوت دەبەستێتو بەشە هەرە زۆرەکەی ئەو هەناردەیەش لەو
گەروەوە تێپەڕدەبێت.
پێش هەڵگیرسانی شەڕ، عێراق مانگانە نزیکەی
90 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەڕێگەی گەروی هورمزەوە هەناردە دەکرد، بەڵام ئەم ژمارەیە لەمانگی
نیساندا بۆ تەنها 10 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.
ئێران بەبەکارهێنانی موشەک، درۆنو بەلەمی خێرا
هێرشدەکاتەسەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە هەوڵدەدەن لەدەرەوەی ئەو ڕێڕەوانەی
تاران دیاریکردون، بەگەروی هورمزدا تێپەڕببن.
بڕیاروابوو هێرشەکانی ئێران دوای ئەو یاداشتی
لێکتێگەیشتنە بوەستن کە تاران لە 17ی حوزەیراندا لەگەڵ واشنتۆن واژۆیکردبوو، بەڵام
ئەوە ڕوینەدا، ئەمەش وایکرد ئەمریکا ڕێکاری سەربازیی دژ بەئێران بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن
لەتێکدانی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی.
داتاکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان نیشانیدەدەن،
ژمارەی ئەو كهشتیانهى ڕۆژی پێنجشەممە بەگەروی هورمزدا تێپەڕیون تەنها یەک دانە
بوە، ئەمەش نزمترین ڕێژەیە لەحەوتی ئایارەوە لەکاتێکدا مەترسییەکان لەسەر کەرتی
ناردنی دەریایی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامن.
بهگوێرهى داتاکانی کۆمپانیای (کێبلەر) بۆ
شیکاریی، لە23ى تەمموزدا تەنها یەک كهشتی بەگەروەکەدا تێپەڕیوە، لەکاتێکدا لەڕۆژی
پێشوتردا سێ كهشتیى بون.
قەیرانی گەروی هورمزو لێکەوتەکانی بەشێوەیەکی
ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی عێراقییەکان داناوە، ئابوریی عێراق بەتەواوی
لەسەر نەوت وەستاوە، چونکە داهاتی نەوت پارەی موچەکانی کەرتی گشتی دابیندەکات، دابەزینی
توندی داهاتیش مەترسی هەرەسی ئەم سیستەمە ئابورییە دروستدەکات.
هاوڵاتیانی عێراق لەئێستاوە هەست بەبارگرانییە
ئابورییەکان دەکەن لەژیانی ڕۆژانەیاندا، لەدوای هەڵگیرسانی شەڕەوە لەکۆتایی مانگی
شوباتدا، بەهای دیناری عێراقی توشی ناجێگیرییەکی بهردهوام كردوهو بەشێوەیەکی بەرچاو
بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریکی دابەزیوە.
هەروەها تۆڕی کارەبای عێراق لەژێر پەستانێکی
زیادەدایە بەهۆی گەرمای هاوینەوە، لەکاتێکدا پشتبەستنی دەوڵەت بەغازی هاوردەکراوی
ئێرانی کێشەکەی قوڵترکردوەتەوە، ئەمەش مەترسی بڕانی بەرفراوانی کارەبا زیاد دەکات.
زۆرێک لەعێراقییەکان دیسانەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان
پەنایان بردوەتەوەبەر تۆڕی هاوکاری خێزانیو خێڵەکی کە ڕاهاتون لەکاتی قەیرانەکاندا
هانای بۆ ببەن، هاوكات لەگەڵ فراوانبونی کەرتی ئابوریی، بەڵام توانای بەرگریی ئەم ڕێکارانە
بێ سنور نییە، چونکە فشاره ئابورییەکان دەبنە هۆی سەرهەڵدانی توڕەیی جەماوەریی کە
شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوی عێراق وەبیردەهێنێتەوە.
