بۆ کۆتاییهێنان به‌چه‌كى گروپه‌كان عێراق له‌ئێستاوه‌ بۆ 30ى ئه‌یلول هەوڵەکانی چڕكردوه‌ته‌وه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتە عێراقییەکان ئاشکرایانکرد، ئامادەکارییەکان بەچڕیی بەڕێوەدەچن لەگەڵ نزیکبونەوەی ئەو وادە یەکلاکەرەوەیەی کە حکومەت دەستنیشانیکردوە، کە کۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوە، بۆ کۆتاییهێنان بەدۆسیەی چەکی گروپه‌كان لەعێراقدا، ئەمەش لەکاتی جموجۆڵە سیاسیی‌و ئەمنییە خێراکاندا دێت کە ئامانجیان سنوردارکردنی چەکە لەدەستی دەوڵەتدا.


کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئەم دۆسیەیە هاوکات دەبێت لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق، بۆ ئەوەی ئەم مێژوە ببێتە وێستگەیەکی وەرچەرخان لەڕێڕەوە ئەمنیی‌و سیاسییەکەی وڵاتدا.

ڕاپۆرتێک ئاشكرایده‌كات، حکومەت بەردەوامە لەیەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە به‌گوێره‌ى ئەو وادە دیاریکراوانەی کە لەگەڵ کارنامەی وەزارەتەکەیدا دەگونجێت، لەڕێڕەوێکدا کە دەیەوێت چەک بەتەنها لەژێر چەتری دەوڵەتدابێت‌و زەمینەسازیی بکات بۆ قۆناغێکی نوێ کە ناونیشانەکەی سەقامگیریی، سەروەری یاساو بونیادنانی داهاتویەکی ئارامتربێت بۆ وڵات.

ئەمە لەکاتێکدادێت، گفتوگۆکان لەناوخۆی عێراقدا سەبارەت بەداهاتوی گروپە چەکدارەکان‌و میکانیزمەکانی تێکەڵکردنیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا یان ڕێکخستنی پێگەی یاسایی‌و سەربازییان گەرم بوەو لەکاتێکدا کە گوشارە سیاسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەدیاردەکانی چەک لەدەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا ڕوی لەزیادبونە.

دۆسیەی سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەیەکێک لەهەستیارترین بابەتەکانی گۆڕەپانی عێراق دادەنرێت، بەهۆی پەیوەستبونی بەهاوسەنگییە سیاسیی‌و ئەمنییە ئاڵۆزەکانەوە، جیا لەو ڕۆڵەی کە گروپە چەکدارەکان لەهاوکێشە ناوخۆیی‌و ناوچەییەکاندا دەیگێڕن.

حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، 30ى ئەیلولی داهاتوو دەبێتە دوا مۆڵەت بۆ سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتداو جەختیکردەوە، "بەگروپە چەکدارەکان ڕاگەیەندراوە کە پێویستە پابەندبن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەرئەوەی هەرکەسێک دوابکەوێت لەڕادەستکردنی چەکەکەی، به‌گوێره‌ى یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".