عامی ئەیالون: حکومەتی ئێستای ئیسرائیل نوێنەرایەتی زۆرینەی ئیسرائیلییەکان ناکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تیرۆرکردنی ئیسحاق ڕابین لەساڵی 1995، تەنها تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانێک نەبوو، بەڵکو خاڵی وەرچەرخانی کۆمەڵگه‌یەک بوو کە بەرەو جەمسەرگیریی‌و دابەشبونی قوڵ هەنگاوی دەنا، ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبونی ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو ڕوداوەدا، یەکێک لەکەسایەتییە هەرە دیارو بەهێزەکانی ناو ناوەندی ئەمنیی ئیسرائیل دێتەوە دەنگ؛ عامی ئەیالون ئەو پیاوەی ڕێک دوای ئەو شۆکە مێژوییە پۆستی سەرۆکایەتی دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک)ی گرتە دەست.


ئەیالون لەچاوپێكه‌وتنێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (ئەلحوڕە)ى ئه‌مریكى، بەزمانێکی ڕەخنەیی توندو ڕاشکاو، نەشتەرگەریی بۆ برینە قوڵەکانی سیستەمی سیاسیی‌و ئەمنیی ئێستای وڵاته‌كه‌ى (ئیسرائیل) دەکات.

ئەیالون هۆشدارییەکی توند هاوشێوەی بومەلەرزە دەدات‌و ڕایدەگەیەنێت؛ ئیسرائیلی ئەمڕۆ لەلێواری تەقینەوەیەکی ناوخۆیی چەکداریدایە کە کەشەکەی ڕێک هاوشێوەی ڕۆژانی پێش تیرۆرکردنی ڕابینە، ئەو بەڕونی ئاماژە بەوەدەکات، "حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، لەبەر پاراستنی کورسی‌و بەرژەوەندیی شەخسیی، کایەی سیاسیی وڵاتی ڕادەستی کەمینەیەکی توندڕەو کردوە، بەجۆرێک کە شەڕی غەززەی لەئامرازێکی سەربازییەوە گۆڕیوە بۆ ئامانجی کۆتایی بۆ ئەوەی ڕێگریی لەهەر دۆسیەیەکی لێپرسینەوەو ئاشتیی بکات".

ده‌قى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌:

شەڕی بێ ئامانج‌و چارەنوسی نادیار
عامی ئەیالون پێیوایە، کێشەی ئێستای ئیسرائیل قەیرانێکی سەربازی نییە، بەڵکو قەیرانی نەبونی سەرکردایەتی‌و دیدگایەکی سیاسیی ڕونە، ئەو دەڵێت، "بەردەوامبونی شەڕ بەبێ دیاریکردنی ئامانجێکی سیاسیی، وڵات بەرەو داهاتویەکی نادیار دەبات؛ چونکە ئەگەر شەڕ ئامانجی سیاسیی نەبێت، چەمکێک نامێنێت بەناوی سەرکەوتن".

ئەیالون ڕەخنە لەوەدەگرێت، حکومەت بیر لە"ڕۆژی دوای شەڕ" ناکاتەوە، بەبڕوای ئەو، کاتێک دیدگای سیاسیی نامێنێت، شەڕ خۆی دەبێتە ئامانجی کۆتایی، کاتێکیش شەڕ بوو بەئامانج، ئیتر کۆتاییپێهێنانی مەحاڵ دەبێت.

ئەو ناتانیاهۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە نایەوێت شەڕەکە کۆتایی بێت، نەک لەبەر هۆکاری ئەمنیی، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندیی سیاسیی‌و شەخسی خۆی، چونکە کۆتاییهاتنی شەڕ بەواتای لەدەستدانی دەسەڵات‌و ڕوبەڕوبونەوەی دۆسیە یاسایی‌و دادوەرییەکانی دێت.

شێوازی دەوڵەت‌و حوکمی کەمینەکان
سەرۆکی پێشوی شاباک ئاماژە بەوەدەکات، کۆمەڵگه‌ی ئیسرائیلی هێشتا نەگەیشتوەتە وەڵامێکی هاوبەش بۆ پرسی "ئایا ئیسرائیل دەوڵەتێکی جولەکەیە یان دیموکرات؟"، ئەو سەرنج بۆ نادادیی نوێنەرایەتیکردنی گەلان ڕادەکێشێت‌و دەڵێت، "حکومەتی ئێستای ئیسرائیل نوێنەرایەتی زۆرینەی ئیسرائیلییەکان ناکات، ڕێک وەک چۆن ڕژێمی ئێران نوێنەرایەتی زۆرینەی ئێرانییەکان ناکات، حزبوڵڵا-ش نوێنەرایەتی لوبنانییەکان ناکات، حەماس-یش به‌هه‌مانشێوه‌ نوێنەرایەتی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ناکات‌و حوسییەکان نوێنەرایەتی یەمەنییەکان ناکەن"، ئەو دەڵێت، "چوار یان پێنج کەمینەی توندڕەو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو فەوزاو پشێویی دەبەن، کاتێک گەلان خۆیان لەدەرەوەی بازنەی بڕیاردانن".

پرسی فەڵەستین‌و نەمانی متمانە
سەبارەت بەشەڕی غەززە، ئەیالون دەڵێت، دەبوو ئامانجەکە داماڵینی چەکی حەماس بێت، جەختیشدەکاتەوە، شەڕ بەمشێوازەی ئێستا ڕەنگە حەماس لەڕوی سەربازییەوە لاوازبکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت وەک بیرۆکەو ئایدۆلۆژیا لەناوی ببات، چونکە ناتوانرێت هەموو ئەوکەسانە بکوژرێن کە جیاواز بیردەکەنەوە.

ئەو ڕەخنە لەفەرامۆشکردنی دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبی ساڵی 2002 دەگرێت‌و دەڵێت، "جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت پێشئەوەی داواکارییەکی فەڵەستینی بێت، بەرژەوەندییەکی باڵای ئیسرائیلە، چونکە نەبونی ئەم چارەسەرە ناوچەکە بەرەو شەڕێکی بێ کۆتایی دەبات".

گەڕانەوەی کەشی تیرۆکردنی ئیسحاق ڕابین
ئەیالون کە خۆی دوای تیرۆرکردنی ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیرانی پێشوو، پۆستی سەرۆکایەتی شاباکی وەرگرتوە، دەڵێت، "دۆخی ئێستای ناوخۆی ئیسرائیل‌و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر نزیکە لەو کەشەی پێش تیرۆرکردنی ڕابین، کۆمەڵگه‌ی ئیسرائیلی بوەتە کۆمەڵگه‌یەکی خێڵەکی‌و یاسای دابەشبون‌و یاریکردن بەهەستی خەڵک گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار کە ڕەنگە بەڕوداوێکی بچوک، تەقینەوەیەکی ناوخۆیی چەکداریی لێبکەوێتەوە".

دۆسیەی دزەپێکردنی زانیارییە نھێنییەکان لەنوسینگەی ناتانیاهۆ
لەکۆتایی دیدارەکەدا، پرسیاری لێدەکرێت سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هەندێک لەکارمەندانی نوسینگەی ناتانیاهۆ کراون بەوەی کە زانیارییان بۆ بەرژەوەندیی قەتەر دزە پێکردوە لەکاتی دانوستانەکانی ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرەکاندا، ئەیالون دەڵێت، "ئەگەر ئەم تۆمەتانە بەبەڵگەوە بسەلمێنرێن، ئەوا بەته‌واوى ناوی خیانەتی لێدەنرێت، چونکە هیچ پێناسەیەکی دیكه‌ نییە بۆ بەرپرسێک کە بەئەنقەست دژی بەرژەوەندیی‌و ئاسایشی وڵاتەکەی خۆی کاربکات".