شارپرێس:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم خوێندكاران ئاگاداردەكاتەوەو دەڵێت، پرۆسەی وردبینیکردن لەداتاو نمرەکانی دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی لەقۆناغی کۆتاییدایەو چاوەڕوان دەکرێت لەچەند کاتژمێری داهاتودا سیستەمی "زانکۆلاین" بەفەرمی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری لەزانکۆو پەیمانگەکان کارا بکرێت.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پرۆسەی هەڵسەنگاندن و وردبینیکردن لەنمرەی دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی گەیشتوەتە وێستگەی کۆتایی؛ بەئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ یان سبەی سیستەمی زانکۆلاین کارا دەکرێت تاوەکو دەرچوان بتوانن بەگوێرەی ئارەزوو کۆنمرەکانیان بەش و کۆلێژەکان لەزانکۆو پەیمانگەکان دیاری بکەن."
هاوکات وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دڵنیایی دایە دەرچوان و کەسوکاریان کەسەرجەم ئامادەکاری و رێکارە پێویستەکان گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی قوتابیان لەزانکۆو پەیمانگە حکومییەکاندا جێگەیان بۆ بکرێتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە مافی هیچ قوتابییەک نافەوتێت.