40 هەزار بۆمبی قورس و کڵاوەی دژە سەنگەر.. وردەکاریی گەورەترین پاکێجی چەکی ئەمریکی بۆ ئیسرائیل ئاشکرا دەکرێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 149 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی پەنتاگۆن دانی بە کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنیی ئەمریکا بەهۆی شەڕی ئێرانەوە ناوە، واشنتۆن بەرەو ئیمزاکردنی یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی بۆمبی قورس دەچێت لەگەڵ ئیسرائیل، کە بەردەوامیی پاڵپشتیی سەربازیی ئەمریکا بۆ تەلئەبیب دەردەخات سەرەڕای ئەو گوشارانەی لەسەر جبەخانەی ئەمریکا هەیە.

 
بڕی ئەم پاکێجە نوێیە دەگاتە 2.8 ملیار دۆلار و 40,000 بۆمبی قورس بە کێشی 2,000 پاوەند (نزیکەی یەک تۆن بۆ هەر بۆمبێک) لەخۆدەگرێت، کە دابەشبوون بەسەر 20,000 بۆمبی جۆری MK-84 و 20,000 بۆمبی جۆری BLU-117، جگە لە 20,000 کڵاوەی جەنگیی دژە سەنگەر لە جۆری I-2000 Penetrator.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، ئەنجامدانی ئەم مامەڵەیە  بە گەورەترین فرۆشتنی  ئەم جۆرە بۆمبە قورسانە دادنرێت بۆ ئیسرائیل لە ساڵانی دواییدا.

بودجەی ئەم گرێبەستە لە ڕێگەی بەرنامەی دارایی سەربازیی دەرەکیی ئەمریکاوە دابین دەکرێت، کە تێیدا واشنتۆن هاوکاریی دارایی دەداتە ئیسرائیل بۆ کڕینی چەکی ئەمریکی، بەمەش پاکێجەکە تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بودجەی گشتیی ئەمریکا جێبەجێ دەکرێت. 

بۆمبی MK-84 لە قورسترین بۆمبە کلاسیکییەکانە و توانایەکی وێرانکەری بەرزی لە بڕینی کانزا و کۆنکرێتی ئەستووردا هەیە، لە کاتێکدا BLU-117 وەشانی دەستکاریکراوی هەمان بۆمبە و کڵاوەی I-2000 تایبەت بۆ تێکدانی دامەزراوە و سەنگەرە قایمەکان دروستکراوە.

ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دانی پێدا ناوە لە نێوان 28ی شوبات تا 30ی حوزەیرانی 2026، نزیکەی 22.3 ملیار دۆلاری لە تەقەمەنیدا خەرج کردووە.

 ڕۆژنامەی "نیویۆڕک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردۆتەوە کە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندیی لەسەر گرێبەستەکە دەربڕیوە، بەڵام هێشتا ڕێکارە فەرمییەکانی و ئاگادارکردنەوەی فەرمیی کۆنگرێس بە تەواوی کۆتایی پێ نەهاتووە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
https://www.mc-doualiya.com/%D8%A3%D9%85%D8%B1%D9%8A%D9%83%D8%A7/20260916-%D8%B1%D8%BA%D9%85-%D9%86%D9%82%D8%B5-%D8%A7%D9%84%D8%B0%D8%AE%D9%8A%D8%B1%D8%A9-%D8%A8%D8%B3%D8%A8%D8%A8-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%88%D8%A7%D8%B4%D9%86%D8%B7%D9%86-%D8%AA%D8%AC%D9%87%D8%B2-40-%D8%A3%D9%84%D9%81-%D9%82%D9%86%D8%A8%D9%84%D8%A9-%D9%84%D8%A5%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D9%84-%D9%81%D9%8A-%D8%B5%D9%81%D9%82%D8%A9-%D8%A8%D9%802-8-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1