شارپرێس:
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، لە چوارەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و دەستكەوتەكانی بزووتنەوەی "ژینا - ژن، ژیان، ئازادی"، مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان وەك وەڵامێكی بڕیاردەرانە و هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە سەركەوتووانە بەڕێوەچوو.
لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئەم مانگرتنە گشتییە لە كاتێكدا بەڕێوەچوو كە ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو توانایەكی سەربازی و ئەمنیی بۆ میلیتاریزەكردنی شارەكانی كوردستان و دروستكردنی گوشار و هەڕەشەی جۆراوجۆر لەسەر بازاڕییەكان و خەڵك بەكارهێنابوو. بەڵام ئیرادەی بەهێزی خەڵكی كوردستان و هەڵوێستی بەرپرسیارانەی دوكانداران و بازاڕییەكان، دەسەڵاتی تووشی شكست كرد. پشتیوانیكردن لەم بانگەوازە لەلایەن دەیان حیزب و لایەنی سیاسی، ڕێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستی كوردستان و ئێران و هەروەها پەیوەستبوونی بەشێك لە زیندانیانی سیاسی لە ڕێگەی مانگرتن لە خواردن، دەبێتە نرخێكی گرنگ بۆ كاری هاوبەش و هاوپێوەندی لە تێكۆشانمان دژ بە كۆماری ئیسلامی لە هەر دەرفەت و شوێنێكدا".
هەروەها هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران دەڵێت "سەركەوتنی ئەم حەرەكەتە مەدەنییە نیشانەی ئاستی بەرزی بەرپرسیارەتیی كۆمەڵایەتی، هۆشیاریی سیاسی، یەكێتیی نەتەوەیی و ڕەتكردنەوەی سیاسەتەكانی سەركوت، هەڵاواردن و سێدارە لەلایەن خەڵكی كوردستانە. هەروەها سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە كە هێزە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی كوردستان بەشێكی لێكدانەبڕاون و ئەم پەیوەندییە قووڵە سەرمایەیەكی گەورەی سیاسی و كۆمەڵایەتییە بۆ بەردەوامیی خەبات و هەنگاوەكانی داهاتوو".
هاوكات هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران دووپاتی دەكەنەوە كە بەردەوام پابەند دەبن بە نوێنەرایەتیكردن و گەیاندنی دەنگی داواكارییە ڕەواكانی كۆمەڵگە و ئەم یەكگرتوویی و هاوبەشییە بە زامنی سەركەوتنەكانی داهاتوو دەزانن.
