شارپرێس:
هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاك لە پەیامێكدا بۆ خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت "بە بۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی مێژوویی ژن ژیان ئازادی، بە ناوی پارتیمان پەژاك و بە ناوی بەڕێوەبەری دەورەیی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، یادی هەموو شەهیدانی ئەم شۆڕشە لە كوردستان و سەرانسەری ئێران دەكەمەوە و ڕێز و حورمەت بۆ بنەماڵەی شەهیدان دەنێرم".
لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئەمیر كەریمی هاوسەرۆكی پەژاك دەڵێت "ئەوە سەلمێندرا كە گەلی كورد گەلێكی خاوەن ڕێكخستن، خاوەن ئیرادە و هاوپشتییە؛ گەلێكە كە بە یەكەوە گرێدراوە، سیاسی بیر دەكاتەوە و بەرژەوەندییەكانی خۆی دەناسێت. گەلێكە كە لە كاتی خۆیدا هەڵوێستی سەرتاسەری دەگرێت و بەو هەڵوێستانە هێز و ئیرادەی خۆی نیشان دەدات؛ هێزێك كە بێگومان كاریگەری لەسەر داهاتووی سیاسیی ئێران دەبێت".
كەریمی ڕونیشیكردەوە، لەو هەلومەرجەدا، ئەو مانگرتنە مانایەكی زۆر گەورەی هەیە و كاریگەرییەكی بەرچاوی دەبێت. بۆیە سوپاس و پێزانینی خۆمان پێشكەشی گەلەكەمان دەكەین، كە بە هەڵوێستێكی یەكگرتوو و بەشدارییەكی فراوان، پشتیوانیی خۆی لە بانگەوازەكە نیشان دا و بە هەڵوێستێكی مێژوویی، ڕۆح و ئاڵای "ژن، ژیان، ئازادی"ـی پاراست.
