شارپرێس:
ئەمڕۆ چوارشەممە مانگرتنی گشتی لەزۆرینەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوو، لە شاری سەقز هێزە ئەمنییەكانی ئێران بەچڕی بڵاوەیان پێكرا و گەمارۆی گۆڕەكەی ژینا ئەمینی درا.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەكان گەمارۆی گۆڕستانی شارەكە و گۆڕی ژینا ئەمینیان داوە و ڕێگەیان نەداوە خەڵك بچنە سەر گۆڕەكەی، هەروەها ڕێگریان لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی كردووە لەماڵەكەیان بچنە دەرەوە.
هاوكات هێزێكی زۆری ئەمنی و سەربازی بەچەكی جۆراوجۆرەوە لەنێو شارەكانی سەقز، مەریوان، سنە و دیواندەرە بڵاوكراوەتەوە و لە شارەكانی شنۆ، مەهاباد و سنە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو 10 كەس دەستگیركراون .
مانگرتنی گشتی لەساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینیدا لە شارەكانی سنە، دیواندەرە، مەهاباد، بۆكان، شنۆ، پیرانشار، بانە، مەریوان، كامێران، بیجاڕ، قوروەو چەند شوێنی دیكە بەڕێوەچوو، زۆرینەی دوكان و بازاڕەكان نەكرانەوە.