شارپرێس:
ئیبراهیم تراوری، سەرۆکی بۆرکینافاسۆ کە لە ڕێگەی
کودەتایەکی سەربازییەوە دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتەدەست، بە لێدوانە توندەکانی دژ بە شەریعەتی
ئیسلامی و وڵاتانی عەرەبی، شەپۆلێکی گەورەی سەرسوڕمان و کاردانەوەی لە ناوەندە سیاسی
و میدیاییەکاندا دروستکرد. تراوێری کە پێشتر لەلایەن عەرەبەکانەوە وەک "پاڵەوانێکی
دژە فەڕەنسا" سەیر دەکرا، لە کتوپڕێکدا گوتارەکەی گۆڕی و هۆشداریی توند دەداتە
ئەو خوێندکارانەی وڵاتەکەی کە لە زانکۆ ئیسلامییەکانی جیهانی عەرەبیدا دەخوێنن.
هێرش بۆسەر شەریعەتو هەڕەشەی سەندنەوەی هاوڵاتیبون
سەرۆکی بۆرکینافاسۆ لەلێدوانە نوێکانیدا، بەتوندی
هێرشیکردوەتەسەر شەریعەتی ئیسلامیو داوایکردوە تەواوی ئەو گەنجو خوێندکارانەی بۆرکینافاسۆ
کە لەزانکۆ ئیسلامییەکانی وڵاتانی عەرەبیدا دەخوێنن، بەزۆر بگەڕێنرێنەوە.
تراوری هەڕەشەی ئەوەشدەکات، ئەگەر ئەو خوێندکارانە
نەگەڕێنەوە، ئەوا چیدی وەک هاوڵاتیی وڵاتەکەیان نامێننەوەو ناسنامەیان لێدەسەندرێتەوە،
ئەو بەئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ گەڕانەوەیان دەربڕییو ڕایگەیاند، "با ڕێگرییان
لێبکرێت بگەڕێنەوەو لەناو ئەو مزگەوتە عەرەبییانەدا بمێننەوە کە بۆی چون".
وروژاندنی دۆسیەی مێژویی کۆیلایەتی
تراوری بۆ قورسکردنی هێرشە دیپلۆماسیو میدیاییەکانی
دژ بەلایەنی عەرەبی، مەلەفێکی مێژویی هەستیاری وروژاندوەو ڕایگەیاندوە، "عەرەبەکان
بۆ ماوەی زیاتر لەههزار ساڵ، ئەفریقییەکانیان کردوە بەکۆیلە"، ئەم لێدوانە وەک
هەوڵێک سەیر دەکرێت بۆ دروستکردنی دەمارگیریی نەتەوەیی لەناوخۆی ئەفریقیادا دژ بەناسنامەی
عەرەبیو ئیسلامی.
لەپاڵەوانی دروشمەکانەوە بۆ نەیاری یەکەم
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە، گەورەترین سەرسوڕمانی
لای ڕای گشتیی عەرەبی دروستکردوە، لەسەرەتای سەرکەوتنی کودەتا سەربازییەکەیدا، شەقامو
میدیا عەرەبییەکان ئاهەنگیان بۆ تراوێری دەگێڕا، چونکە ئەو دروشمی دژایەتیکردنی فەرەنساو
هەژمونی ڕۆژئاوای بەرزکردبوەوە، بەڵام ئێستا تراوری بەهەمان ئەو تۆمەتە باوانەی کە
ڕۆژئاوا بۆ لێدان لەئیسلام بەکاریاندەهێنێت، تۆمەتی ئاڕاستەی کوڕانی وڵاتەکەی دەکات
کە خەریکی خوێندنی زانستە شەرعییەکانن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لێدوانەکانی ئیبراهیم تراوری نیشانیدەدەن کە
هاوپەیمانیو دروشمە سیاسییەکان لەکیشوەری ئەفریقیادا بەخێرایی دەگۆڕێن، ئەم هێرشە
توندەش بۆ سەر شەریعەتی ئیسلامیو خوێندکارە ئەفریقییەکان لەوڵاتانی عەرەبیدا، دەرگای
قەیرانێکی دیپلۆماسیی قووڵ لەنێوان بۆرکینافاسۆو پایتەختە عەرەبییەکاندا دەکاتەوەو
داهاتوی پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوانیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
تراورى كێیه؟
ئیبراهیم تراوری ئەفسەرێکی سەربازیی گەنجی بۆرکینافاسۆیە
کە لەتەمەنی 34 ساڵیداو لەڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە بوو بەدەسەڵاتدارو لەئێستادا
وەک گەنجترین سەرۆکو ڕێبەری وڵات لەجیهاندا دەناسرێت.
پاشخانی ژیانو دەستپێکی سەربازیی
لەساڵی 1988 لەشاری "بۆندۆکوی" لەبۆرکینافاسۆ
لەدایکبوە، لەزانکۆی "واگادۆگۆ" خوێندویەتیو پاشان لەساڵی 2009 چوەتە
ناو سوپای وڵاتەکەیەوەو لەئەکادیمیای سەربازیی نیشتمانی خوێندنی تەواوکردوە، وەک ئەفسەرێکی
هێزە تایبەتەکان (کۆماندۆ) بەشداریی لەچەندین شەڕی قورسدا کردوە دژ بەگروپە چەکدارە
توندڕەوەکانی سەر بەقاعیدەو داعش لەناوچەکانی باکورو ڕۆژئاوای بۆرکینافاسۆ.
گەیشتن بەدەسەڵات لەڕێگەی کودەتاوە
تراوری بەشداربوو لەکودەتاى یهكهمى وڵاتهكهى
لهکانونی دوەمی 2022، كه تێیدا (ڕوچ کابۆری) لاداو (پۆڵ هێنری دەمیبا)ی هێنایەسەر
حوکم، دواتر كودهتاى دوهمى لهئەیلولی 2022 ئهنجامدا، واته دوای تەنها ههشت
مانگ، تراوری بەهۆی لاوازیی دەمیبا لەڕوبەڕوبونەوەی گروپە چەکدارەکاندا، کودەتایەکی
دیكهى ئەنجامداو خۆی وەک سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەو فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان
ڕاگەیاند.
وەرچەرخانی ستراتیژییو دروشمە سیاسییەکانی
تراوری ڕاستەوخۆ دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، هێزەکانی
فەرەنساو باڵیۆزی ئەو وڵاتەی لەبۆرکینافاسۆ دەرکرد، ئەو فەرەنساو ڕۆژئاوای بەهۆکاری
سەرەکیی هەژارییو نائارامیی ئەفریقیا تۆمەتبارکرد، ئەمەش وایکرد لەسەرەتادا لەناو
شەقامی عەرەبیو ئیسلامیدا وەک پاڵەوانێکی نیشتمانی دەربکەوێت، دواتر تراوری پەیوەندییەکی
بههێزى لەگەڵ مۆسکۆو گروپە سەربازییەکانی سەر بەڕوسیا (وەک ڤاگنەر/فەیلەقی ئەفریقیا)
دروستکرد بۆ ئەوەی لەڕوی سەربازییەوە هاوکاریی بکەن، لەگەڵ وڵاتانی مالیو نایجیریا
کە ئەوانیش بەکودەتا گۆڕابون، هاوپەیمانییەکی توندی دژ بەهەژمونی ڕۆژئاوا
دروستکرد.
گۆڕانی گوتارەکەی بەرامبەر ئیسلامو عەرەب
هەرچەندە تراوری خۆی لەخێزانێکی موسڵمان لەدایکبوە،
بەڵام لەمدواییانەدا گوتارە سیاسییەکەی گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەو دەسەڵاتدارانی
وڵاتانی عەرەبیو شەریعەتی ئیسلامیی بەوە تۆمەتباردەکات، هۆکارن بۆ توندڕەوی لەوڵاتەکەیدا،
لهو ڕوهشهوه هۆشداریداوەتە ئەو گەنجە ئەفریقییانەی لەزانکۆ عەرەبییەکاندا دەخوێنن،
ئەگەر بەزۆر نەگەڕێنەوە، ناسنامەیان لێ دەسەندرێتەوە.
تراورى بەئاشکرا ڕایگەیاندوە، "عەرەبەکان
بۆ ماوەی ههزار ساڵ ئەفریقییەکانیان چەوساندوەتەوەو کردویانن بەکۆیلە"، ئەمەش
بوەتە هۆی شۆکو سەرسوڕمانی ئەو لایەنە عەرەبییانەی کە پێشتر پشتگیرییان لێدەکرد.
پێشتر یاسای دەوڵەتهكهى گۆڕیی بۆ حوکمی ئیسلامیی،
بهڵام لهچهند ڕۆژى ڕابردودا یاسای وڵاتهكهى ههمواركردهوهو گۆریویهتىو
دژایەتیی بۆ ئیسلامی ڕادیکالی ڕاگەیاندو جهختیشدهكاتهوه، هەر مەلایەك توندڕەوبێت،
لهوڵات دەردەکرێت، بهڵام هەر مەلایەك نهرم بێتو بیرى توندڕهوى بڵاونهكاتهوه،
پاداشتدەکرێت، لهنوێترین كاردانهوهى بیروڕاى سیاسیى تراورى، باڵیۆزخانهى ئیسرائیلیی
لەوڵاتهكهیدا کردەوە.