شارپرێس:
سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی نوێی پێکدادانە سەربازییەکانی
نێوان ئەمریکاو ئێران، دۆخی ئەمنی ناوچەکەی گەیاندوەتە بەرزترین ئاستی گرژیی، لەدوایین
پێشهاتدا، سوپای پاسدارانی ئێرانو بەرپرسانی باڵای سیاسیی ئەو وڵاتە، زنجیرەیەک هۆشداریی
توندو کتوپڕیان ئاراستەی واشنتۆنو هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا کردوە، پاسداران دهڵێت،
"هێرشهكان چڕتر ببنهوه، ناوچهكه تاریك دهكهینو ئهمریكاش توشى ماتهمینى
گشتیى دهكهین".
سوپای پاسدارانی ئێران لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا
ڕایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لەئامادەباشییەکی تەواودان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی
سەربازیی بەرفراوان، تاران جەختدەکاتەوە، کە دەرەنجامی ئەم هێرشە وادەکات ئەمریکا
ناچاربێت "ماتەمینی گشتییو فەرمی" لەناوخۆی وڵاتەکەیدا ڕابگەیەنێت.
ئەم پەیامە کتوپڕە هاوكات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی
کۆتاییهاتنی شەپۆلی 25مین لەپرۆسەی سەربازیی (سەرکهوتنی 2)، بهگوێرهى ڕاپۆرتە مەیدانییەکان،
هێزەکانی ئێران لەڕێگەی هێرشێکی بەرفراوانی موشەکیو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، بنکە سەربازییەکانی
(مەلیک فەیسەڵو ئەمیر حەسەن)یان لەخاکی ئوردن کردوەتە ئامانج کە هێزە ئەمریکییەکانی
تێدا نیشتەجێن.
سوپای پاسداران لەبەیاننامەکەیدا زیانەکانی
ئەو هێرشەی بەمشێوەیە پۆلێنکردوە، تێکشکاندنی ٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوی ئەمریکی
لەجۆری (MQ-9)
کە هێشتا لەناو سندوقەکانیاندا بون، گەیاندنی زیانی توند بەدوو فڕۆکەی جەنگیو دوو
هێلیکۆپتەری شهڕكهرى ئەمریکی، پێکانی ڕاستەوخۆی کۆگاکانی چاککردنەوەی فڕۆکەکانی
(F-15)، کە بەهۆیەوە چەندین سەربازی ئەمریکی
کوژرانو برینداربون.
لەسەر ئاستی سیاسیی، عەلی ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری
باڵای ڕێبەری باڵای ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چوەتە قۆناغێکی
نوێو پێشکەوتوەوە لەبواری بەرپەرچدانەوەی سەربازیدا، وەلایەتی هۆشداریدایە کۆشکی
سپیو ڕایگەیاند، "ههر بیرکردنەوەیەک کە پێیوابێت دەکرێت هێرشێکی کەم تێچوو
بکرێتەسەر ئێران، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە، چونکە لێکەوتەکانی ڕاستەوخۆ بازاڕی
وزەی جیهانیو ئابوریی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە".
هاوکات بارەگای سەربازی خاتهمولئهنبیا ڕایگەیاندوە،
لەئەگەری جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی ئەمریکا، ڕێگەنادەن تەنانەت یەک دڵۆپە نەوتیش لەگەروی
هورمزەوە هەناردەبکرێت.
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیش هۆشداریداوە،
کە هاتنو ڕۆیشتن لهگەروەکە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایەو ڕێڕەوە بەدیلەکان بۆ کەشتییەکان
مەترسیدار دەبن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبهر لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی
ئەمریکا کە ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئێران هێرشبکاتەسەر کەشتییەکان، وێستگەکانی کارەباو
پردەکان لەناوخۆی ئێران بهئامانجدهگرن.
لەڕوی دیپلۆماسییەوە، عەباس عێراقچی وەزیری
دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوە، بنەمای بەرگریی وڵاتەکەیان لەسەر یاسای چاو بەرامبەر
چاو جێگیرە، عێراقچی ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەر دەوڵەتێک، بەهەر شێوازێک بێت،
هاوکاری یان پاڵپشتی هێرشەکانی ئەمریکا بکات، لەلایەن ئێرانەوە وەک ئامانجێکی سەربازیی
ڕەوا سەیر دەکرێت".
لەسەر هەمان بنەما، مەجید موسەوی فەرماندەی
هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بازنەی هەڕەشەکانی فراوانترکردو ڕایگەیاند؛ ئەگەر وێستگەکانی
وزەی ئێران بۆردومان بکرێن، ئەوان وەک تۆڵەکردنەوەیەک، تۆڕی کارەبای سەرجەم ئەو وڵاتانە
دەبڕن کە میوانداریی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن لەناوچەکەدا.
ئەم تەقینەوە ئەمنییە دوای ئەوەدێت، لەچەند ڕۆژی
ڕابردودا هێزەکانی ئەمریکا هێرشیانکردبوەسەر بەندەرو تاوەرەکانی چاودێریی لەکەناراوەکانی
باشوری ئێران، لەبەرامبەردا هێزەکانی ئێران چەندین بنکەی ئەمریکایان لەکەنداو، سوریاو
ئوردن کردە ئامانج، شیکەرەوە سەربازییەکانیش پێیانوایە، دۆخی ناوچەکەو گەروی هورمز
چیدی ناگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش بەرپابونی ئەم شەڕە.
