لەسلێمانی بڕی پارەی ئەم مانگەی مۆلیدە ئەهلییەکان دیاریکرا

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5321 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، سەبارەت بەو دۆخە کاتییەی دروست بوەو پێدانی کارەبای نیشتیمانی کەمبوەتەوە، بە ناچاری پەنایان بۆ کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان بردوە، کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانیش دەڵێت،  بڕی هەشت هەزار دینار دیاریکرا بۆ 125 کاتژمێر کارکردن.


قائیمقامیەتی سلێمانی لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" ئاگاداری هاوڵاتیانی بەشداربوی مۆلیدەکانی سنوری قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی دەکەین پابەند بن بە پێدانی پارەی پێشەکی بە خاوەن مۆلیدەکان بە پێی ئەو پسوڵەی دیاریکراوە ".

ئەوەشیخستەڕوو، خاوەن مۆلیدە مافی خۆیەتی قەرزە کۆنەکەشی وەربگرێتەوە .

هاوکات، کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی باسی لەوەکرد، سەبارەت بە نرخی ئەمپێری مۆلیدە بڕی هەشت هەزار دینار دیاریکرا بۆ 125 کاتژمێر کارکردن، لە دوێنێ  پێنجشەممەوە مۆلیدەکان پسوڵەی پارە کۆکردنەوەیان بەدەستگەشت و پارە کۆدەکەنەوە.

کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی راشیگەیاند، بڕی پارە کۆکردنەوەکە لە مۆلیدەیەک بۆ مۆلیدەیەکی تر جیاوازە، پێشتر بڕێک قەرزی هاوڵاتی لای خاوەن مۆلیدە مابوەوە، بەشێک لە مۆلیدەکانیش هیچ قەرزێکی هاوڵاتیان لانەماوەو بڕی هەشت هەزار دینار کۆدەکاتەوە، ئەوانەشی کە قەرزاری هاوڵاتیانن، بڕی قەرزەکەیان لێ بڕاوە لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە.