شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، بەجدی بیر لە هێرشی سەربازی بەرفراوان دەكاتەوە دژی ئێران كە وێنەی نەبووبێت پێشتر.
دۆناڵد ترەمپ، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەكسیۆس، ڕایگەیاند، "زۆر نزیكە لە بڕیاردان لەبارەی ئێرانەوە، بەوردی تاوتوێی هێرشێكی زۆر گەورە دەكەم بۆ سەر ئێران، گەورەترە لە هەموو شتێك كە پێشتر بینیومانە، ئێمەش زۆر ئامادەین بۆ ئەوە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا كە تێدەگات بڕیارێكی لەو شێوەیە دەرەنجامی دەبێت، جەختیشی لەوە كردەوە كە هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە.
ئەكسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسانی باڵای ئەمریكا بڵاویكردەوە، كۆشكی سپی هێشتا فەرمانی نوێی بۆ هێرشی سەربازی دەرنەكردووە و هیچ بڕیارێكی كۆتاییش سەبارەت بە فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان نەدراوە.
سەرۆكی ئەمریكا ڕاشیگەیاند، ئیسرائیل بەشداری لە هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی دەكات، ئەگەر واشنتۆن داوای بكات، بەڵام ئەمریكا پێویستی بە كەس نییە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی نوێ بۆ سەر ئێران. هەروەها هۆشداریشی دا كە تێوەگلانی ئیسرائیل دەتوانێت وەڵامی ڕاستەوخۆی ئێرانی بەدوادابێت.