شارپرێس:
ئاسمانی ئێران بوەتە مەیدانی نمایشێکی سەربازیی
کوشندەو بێدەنگی ئیسرائیل، کە تێیدا تەلئەبیب بەبێ هیچ سڵکردنەوەیەک هەستیارترین پێگە
ستراتیژییەکانی تاران دەکاتە ئامانج، لەکاتێکدا نەبونی وەڵامی موشەکیی ئێران جیهانی
توشی شۆک کردوە، مەکینەی جەنگیی ئیسرائیل لەناو قوڵایی ئەو وڵاتەدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی
پلانێکی 40 ڕۆژەی گەورەیە، ئەم هێرشانە پەردە لەسەر دوو مەتەڵی گەورە لادەدەن، چارەنوسی
گوماناویی موجتەبا خامنەییو ڕاستی کێبرکێی تاران بۆ دەستڕاگەیشتن بەچەکی ئەتۆمیی.
موجتەبا خامنەیی؛ پیاوی سێبەرو میراتگرە بێدەنگەکە
موجتەبا خامنەیی کوری ڕێبەری پێشوی کۆماری ئیسلامی،
بەپێچەوانەی باوکیەوە پیاوی دروشمە بەرزەکان نەبوو، بەڵکو وەک ئەندازیاری نهێنییەکانی
سیستمی حوکمڕانیو پیاوی سێبەر کارەکەی دەکرد.
ئەو تاقە پردی متمانەو پەیوەندیی بوو لەنێوان
نوسینگەی ڕێبەرو قورسترین ناوەندەکانی بڕیار (وەک خاتهمولئهنبیا، بەسیج، سوپاو دەزگای
ئیتڵاعات)، هیچ زانیارییەک نەدەگەیشتە باوکیو هیچ بڕیارێکی هەستیاریش دەرنەدەچوو
ئەگەر پێشتر لەلایەن موجتەباوە فلتەر نەکرابێت، ئەم پێگە بێهاوتایەش وایکرد ببێتە
نێچیرێکی سەرەکیی مۆساد.
گورزەکەی مۆسادو ڕاپۆرتە سێ قۆناغییەکەی سەر
مێزی ترەمپ
بەگوێرەی زانیارییە لێکۆڵینەوەییەکان، مۆساد
لەپرۆسەیەکی یەکجار وردا موجتەبا خامنەیی بەسەختی بریندارکرد، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان
بۆ پاراستنی ورەی سوپاو بەسیج لەوساتە مێژوییەدا، ئەم ڕاستییەیان شاردەوەو ناوبراویان
لەژێرزەمینە قوڵەکاندا لەدۆخی کۆمادا هێشتەوە، دواتر مۆساد سێ ڕاپۆرتی گەشەکردوی جیاوازی
پێشکەش بەدۆناڵد ترەمپو ژوری ئۆپەراسیۆنە باڵاکان کرد.
مۆساد لهڕاپۆرتى یهكهمدا ئاماژهى بهبریندارییەکی
وێرانکەر كردوه، دهڵێت، "جەستەی موجتەبا بەتەواوەتی شێواوە، قاچەکانی لەدەستداوە،
لەکۆمایەکی قوڵدایەو ناتوانێت هیچ ڕۆڵێکی سیاسیی بگێڕێت".
لهڕاپۆرتى دوهمى مۆساددا ئاماژه بهئەگەری
مردن كراوه، لهو ڕوهشهوه ڕایدهگهیهنێت، "دوای 50 ڕۆژ، بەزمانی گومانی
دڵنیایی دهڵێین، ئەگەرێکی زۆر هەیە موجتەبا خامنەیی مردبێت".
لهسێیەم ڕاپۆرتیشدا باسى ڕاکردن بۆ مۆسکۆ
كراوه، بۆ ئهوهش بەشی تایبەتی هەواڵگریی مۆساد هاوکێشەکەی گۆڕیوهو ئاشکرایکردوه،
موجتەبا بەزیندویی، بەڵام بەبریندارییەکی کوشندەوە خاکی ئێرانی جێهێشتوە.
پرۆسەی چونە دەرەوەی لەئێران لەکاتی مەراسیمی
ناشتنی باوکیدا بوو، کە تێیدا تیمێکی هەواڵگریی دەرەکی لەڕێگەی هێڵی عێراقەوە وەک
دەرچەیەکی ئارام، ناوبراویان بەنهێنی گەیاندە مۆسکۆ بەمەبەستی پاراستنی لەدەستی مۆسادو
وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێشکەوتوو.
مەتەڵی ئەتۆمی؛ تاران لەبەردەم 'تەقێنەری ڕاستەقینە'دا
پرسیارە جەوهەرییەکەی جیهان ئەوەیە؛ ئایا
تاران خاوەنی چەکی ئەتۆمییە؟ بهگوێرهى بەدواداچونە زانستییەکانی مۆساد، ئێران
تائێستا چەکی ئەتۆمیی کارای نییە، هەرچەندە تاران بڕی پێویست یۆرانیۆمی پیتێنراوی
لەبەردەستدایە، بەڵام وهكو دهڵێت، "کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هێشتا نەگەیشتوەتە
میکانیزمی دروستکردنی بۆمبەکە یان هێزی تەقاندنەوەی سەرەتایی".
مۆساد باسى لهوهشكردوه، ئێران توانای
دروستکردنی ئەو تەقێنەرە وردەی نییە کە بۆمبەکە چالاکدەکات، ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە
کە وایکردوە ئیسرائیل پەلەبکات لەبۆردومانکردنی ناوەندە ستراتیژییەکان پێشئەوەی
تاران بگاتە ئەو قۆناغە یەکلاکەرەوەیە.
ئۆپەراسیۆنی 40 ڕۆژەی ئیسرائیل نیشانیدەدات
کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی بێدەنگ، بەڵام ڕیشەییدایە، لەلایەکەوە بڕینی تاقە
پردی متمانەی ناوخۆیی ئێران (موجتەبا خامنەیی)و دورخستنەوەی بۆ ڕوسیاو لەلایەکی دیكهشهوه
هێرشە پێشوەختەکان بۆسەر پڕۆژە ئەتۆمییەکەی پێش خاڵی گۆڕان، وادەکات تاران لەناچارییەوە
بێدەنگی بەرامبەر ئەم هێرشانە هەڵبژێرێت تاکاتی داڕشتنەوەی سەرلەنوێی هاوسەنگییەکانی
هێز.
