کۆڵبەرێکی کورد کوژرا.. لە سێ هەفتەدا پێنج کۆڵبەر کوژراون

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەشارۆچکەی نەوسودی سنوری پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێکی کوردی تەمەن 18 ساڵ بەناوی سوهەیل فیردەوسی بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا، بەپێی ئامارەکانیش، تەنها لەماوەی سێ هەفتەی رابردودا پێنج کۆڵبەری کورد کوژراون.


رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" کاتژمێر 2:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سنوری نۆدشە هێزەکانی هەنگی سنوریی ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەر کردوەو لە ئەنجامی ئەم دەستڕێژەدا کۆڵبەرێکی گەنج بە ناوی سوهەیل فیردەوسی گیانی لەدەستدا ".

ئەوەشخراوەتەڕوو،" هێزەکانی هەنگی سنوریی ئێران بێ ئاگاداری و هۆشداریی پێشوەختە، کۆمەڵێک کۆڵبەریان داوەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ، لەئەنجامدا سوهەیل فیردەوسیی لە بەشی سکییەوە فیشەکی بەرکەوتوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەشی بۆ پزیشکی دادوەریی پاوا گواستراوەتەوە ".

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە سێ حەفتەی ڕابردودا، لانیکەم پێنج کۆڵبەری کورد لە سنورەکانی نەوسوود (دوو حاڵەت)، سەوڵاوا، مەریوان و کۆتۆل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنوریی ئێران کوژراون.