کێشە بۆ بەشێکی فەرمانبەران دروستبوەو بڕوانامە نوێیەکانیان بۆ نابەسترێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 989 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی بڵاودەکەنەوەو دەلێن، سەرباری ئەوەی دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە نوێیەکانیان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، بەڵام تاوەکو ئێستا دەرماڵەی شایستەی بڕوانامەکانیان بۆ نەبەستراوەتەوە.

نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان لەهەرێمی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوەدەکەن، لەدوای مانگی دووی ساڵی ڕابردوەوە دوابەدوای تەواوکردنی ئەرکە زانستییەکان و بەدەستهێنانی بڕوانامەکانیان، گەڕاونەتەوە سەر دەوام و خزمەت و کارە ڕەسەنە ئەکادیمییەکانیان، سەرەڕای تەرخانکردنی تواناکان و خستنەگەڕی چەندین ساڵ لەماندوبوونی شەونخونی و توێژینەوە لەپێناو پێشخستنی ناوەندە زانستییەکاندا، بەڵام تاوەکو ئێستا دەرماڵەی شایستەی بڕوانامەکانیان بۆ نەبەستراوەتەوە.

خاوەن بڕوانامە نوێیەکان باس لەوەشدەکەن،" لە قۆناغی سەرەتادا پاساوی دواخستن و ڕاگرتنی ئەم دەرماڵانە بەسترایەوە بە هەبونی ڕێنمایی و بڕیاری ئاراستەکراو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، کە تیایدا سەرجەم دەرماڵە نوێیەکانی ڕاگرتبوو، خۆشبەختانە، لەئێستادا بەنوسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق بە ژمارە 22288 لە 21ی 6ى 2026 کە وێنەیەکی ئاراستەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، بەڕونی داوای بەستنەوەی دەرماڵە نوێیەکان کراوە و کۆتاییهاتنی بە یەکجارەکیی قۆناغی ڕاگرتنەکەی ڕاگەیەندراوە ".

ئەوەشخراوەتەڕوو،" سەرەڕای دەرچونی ئەم نوسراوە فەرمییە و هەڵگرتنی تەواوی بەربەستە کارگێڕی و یاساییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پابەند نەبون بە جێبەجێکردنی، ئەم دواکەوتنەش لەکاتێکدایە کە لەئێستادا پرۆسەی پێداچونەوە و دەستکاریکردنی دەرماڵەکان بەڕێوەدەچێت و چەندین جۆری تری دەرماڵە کە هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا ڕاگیرابون، ئێستا خەرجیان بۆ کراوەتەوە و بەستراون ".

نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان چەند داواکارییەک ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکەن، کە بریتین لەمانە:

*یەکەم: ئەنجامدانی کاری خێرا و جدی بە مەبەستی بەستنەوەی فەرمی دەرماڵەکانی بڕوانامە نوێیەکان (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) و (نازناوی زانستی- لقب علمی).

*دووەم: دابینکردن و خەرجکردنی سەرجەم شایستە داراییە پاشەکەوتکراوەکان لە ڕێکەوتی دەستبەکاربونەوەی فەرمییانەوە، بە شێوەیەک کە قەرەبوی کاتە ڕابردوکان بکاتەوە و هیچ زیانێکی مادی بە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا نەگات.

*سێیەم: دەرکردنی ڕێنماییەکی ڕون، یەکگرتوو و دادپەروەر بۆ سەرجەم زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان، بە ئامانجی نەهێشتنی جیاکاری، خێراکردنی پرۆسەی بەستنەوەی دەرماڵەکان و مسۆگەرکردنی پاراستنی تەواوی مافە یاسایی و مەدەنییەکانی توێژەران.