شارپرێس:
دوای تێپەڕینى 13 شەوی ئێجگار سەختو پڕ لەئاڵوگۆڕی موشەکیو بۆردومانی چڕ لەنێوان ئەمریکاو کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، شەوی ڕابردوو بۆ یەکەمجار ناوچەکە شاهیدی بێدەنگییەکی سەربازیی بوو.
هەژماری شیکاریی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاویکردوهتهوه، شەوی ڕابردوو هیچ جۆرە هێرشێكى موشەکی لەنێوان هێزەکانی ئەمریکاو ئێران ڕوینەداوە، ئەم پێشهاتە وەک "ئارامییەکی ڕێژەیی" وەسفکراوە دوای ئەو شەپۆلە توندوتیژەی کە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە بەردەوامبوو و ناوچەکەی بەرەو لێواری جەنگێکی سەرتاسەری بردبوو.
عێراقچی ڕایگەیاندوه، "ئەمریکا دەیتوانیی لەڕێگەی دانوستانەوە چارەسەری ئەو تەمومژو ناڕونییانە بکات کە پەیوەستن بەبهندی پێنجەم لەیاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بەگەروی هورمز، بەڵام پێشەنگیی بەمسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە تاکلایەنەکانی خۆیداو ڕێڕەوێکی دیكهى هەڵبژارد کە بوە هۆی تەقینەوەی زیاتری بارودۆخەکە".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، بەکارهێنانی "ڕێڕەوی باشور" بۆ گەروەکە تەنها دوای 10 ڕۆژ لەهێوربونەوەو سەرلەنوێ کردنەوەی، هەنگاوێکی مەبەستدارو تێکدەرانە بوە لەلایەن ئەمریکاوە.
ئەو جەختیکردەوە، ئامانجی ڕاستەقینەی واشنتۆن چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، بەڵکو دەیەوێت بەزۆرەملێ چەند ڕێڕەوێکی دەریایی زیادە لەدەرەوەی ئەو سنورو هێڵانە دروستبکات کە تاران بۆ هاتوچۆی ئارام دیاریکردون.
عێراقچی بەئاشکرا هێزەکانی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی، "ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکانیان گۆڕیوەو لەو هێڵانە لایانداون کە ئێران دیاریکردبون، ئەم دەستوەردانە سەربازییە پێشێلکارییەکی ڕونی تێگەیشتنەکانی پێشوەو بارودۆخی ئەمنیی گەروی هورمز بەرەو تەقینەوەو ئاڵۆزیی قوڵتر دەبات".
ئەم بێدەنگییە کاتییەی بەرەکانی جەنگ لەکاتێکدایە، جوڵە دیپلۆماسییەکان لەناوچەکەدا گەیشتونەتە ئاستێکی باڵا، گەیشتنی ئانتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دیمەشقو لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەبونی گفتوگۆ لەگەڵ تاران، ئاماژەن بۆ ئەوەی، ڕەنگە هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەو گەیشتن بەلێکتێگەیشتنێکی نوێ لەسویسرا، چوبێتنە قۆناغێکی جدییەوە.
شارەزایانی سیاسیی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم پشوە سەربازییە دوای 13 شەو لەشەڕی بەردەوام، دەکرێت وەک "دەرفەتێکی زێڕین" بۆ نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان (وەک سویسرا، قەتەرو پاکستان) سەیربکرێت تاوەکو ڕێگریی لەتەقینەوەی دوبارەی دۆخەکە بگرن.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێزەکانی ئەمریکا هێشتا لەئامادەباشی تەواودانو گەمارۆ دەریاییەکانیش بەردەوامن کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئارامییەکە هێشتا زۆر لەرزۆکەو بەستراوەتەوە بەئەنجامی ئەو گفتوگۆیە سیاسییانەی کە بڕیارە لەکاتژمێرەکانی داهاتودا بەڕێوەبچن.
