یەکەی 400 چییه‌؟ ئیسرائیل نهێنییەکانی دەزگا سێبەرەکەی ئێران ئاشكراده‌كات

جیهان

55 خولەک پێش ئێستا‌ 3803 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەزگایەکی هەواڵگریی سێبەر لەناوجەرگەی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، چەند مانگێکە خەریکی چاندنی سیخوڕو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژە لەوڵاتانی ناوچەکە، ئیسرائیل-یش پەردەی لەسەر نهێنییەکانی (یەکەی 400) لاداو هێڵە سورەکانی تاران بۆ هێرشکردنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل ئاشکرادەکات.


دەستەی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل پەردەی لەسەر چالاکییەکانی دەزگایەکی هەواڵگریی زۆر نهێنیی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لادا، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، ئەم دەزگایە چەند مانگێکە کاردەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی نهێنی دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل‌و ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و جیهاندا.

ئەم زانیارییانە لەلێکۆڵینەوەیەکی ماڵپەڕی هەواڵگریی "ئینتێڵی تایمز" وەرگیراون، تێیدا هاتوە، ئەم هێزە ناوی (بەشی 400)ەو وەک باڵێکی تایبەتی ئێران بۆ ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان کاردەکات، یەکەکە پشت بەسیخوڕە ئێرانییەکان دەبەستێت بۆ دروستکردنی بنکەی حەشارگە، تاوەکو لەوێوە بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشبکەنەسەر ئامانجەکانیان.

لیستی ئامانجەکانی ئەم یەکەیە، چەندین شوێنی ستراتیژیی لەناوخۆی ئیسرائیل دەگرێتەوە، جگە لەمەش، پلانى تاقیکردنەوەی هێرش بۆسەر بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو هێزەکانی هاوپەیمانان لەوڵاتانی (تورکیا، ئازەربایجان، یۆنان، قوبرس‌و دورگەی کریت) لەئارادایه‌.

هەروەها ئەم یەکەیە تۆمەتبارە بەداڕشتنی پلانێک بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ کاتێک بۆ بەشداریکردن لەلوتکەی ناتۆ لەتورکیا بوە، بەڵام ئیسرائیل ڕایگەیاندوه‌، پلانەکەیان پوچەڵکردوەتەوە، ئامانجی سەرەکیی ئێران لەمشێوازی کارکردنە ئەوەیە، هێرشەکان بەجۆرێک بن، لەکاتی ئاشکرابونیدا بتوانێت نکوڵی لەتێوەگلانی خۆی بکات‌و کارەکە نەگاتە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ.

ئەم یەکەیە چۆن کاردەکات؟
چەکدارەکان لەناوخۆی ئێران ڕاهێنانی تایبەتیان پێدەکرێت لەسەر چۆنیەتی دروستکردن، پڕۆگرامکردن‌و ئاڕاستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ پێشئەوەی ڕەوانەی وڵاتانی دیكه‌ بکرێن، لەژێر پەردەی کۆمپانیاو شوێنی مەدەنی لەوڵاتانی وەک تورکیاو ئازەربایجان، بنکەی نهێنی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی‌و قاچاخکردنی کەلوپەل دروستدەکەن، کۆمپانیای وەهمی لەڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەجۆرێک کە لەگومرگەکاندا وەک کەلوپەلی ئاسایی‌و مەدەنی دەربکەون.

ئه‌وه‌ش ئاشكرابوه‌، بۆ ئەوەی هیچ سەرەداوێک بۆ ئێران نەچێتەوە، خەڵکی ڕەسەنی ئەو وڵاتانە لەبوارەکانی بازرگانی، قوماش‌و کۆمپانیاکانی پاسەوانیدا دادەمەزرێنن‌و بەکاریاندەهێنن، ئەم یەکەیە هەماهەنگی تەواوی هەیە لەگەڵ تۆڕەکانی قاچاخچێتی فەیلەقی قودس بۆ گواستنەوەی چەک لەڕێگەی خاكی وڵاتانى سوریاو ئوردنەوە.

پوچەڵکردنەوەی هێرشەکان
ئیسرائیل بەهاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت ئەمریکا)، لەم چەند مانگەی دواییدا توانیویەتی زنجیرەیەک هێرشی ئەم تۆڕە پەکبخات، یەکێک لەپلانەکانیان گواستنەوەی چەک بوە بۆ کەناری ڕۆژئاوا لەڕێگەی سوریاو ئوردنەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش لەناوخۆی ئیسرائیل، هاوکات سەرقاڵی سیخوڕی بون لەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.

کام بنکە سەربازییانە لەژێر مەترسیدا بون؟
لێکۆڵینەوەکان چەند بنکەیەکی ئاسمانی گرنگیان ئاشکراکردوە کە لەلایەن (یەکەی 400)ەوە نیشانەکرابون، لەتورکیا بنکەی (ئینجیرلیک) لەئەدەنە، بنکەی (چیغلی) لەئیزمیرو بنکەی (ئێتیمەسگوت) لەئەنكەرە، هه‌روه‌ها لەقوبرس-یش بنکەی (ئەکرۆتیری) سەر بەهێزی ئاسمانی بەریتانیا، لەیۆنان (دورگەی کریت)، هەردوو بنکەی ئاسمانی (سودا بای‌و کاستێلی).