شارپرێس:
بەرەو پێشچونە سیاسییەكانی هەرێمو پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، جموجۆڵی نوێی لەناو حزبە سەرەكییەكاندا دروستكردوەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشتی خۆی بۆ كۆبونەوەی سەرۆكی یەكەمی لایەنەكان نیشاندەدات.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ئاشكرایكرد، لەدوایین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیی حزبەكەیدا، بەفەرمی داوا لەبافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی كراوە، بەشداریی لەكۆبونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكاندا بكات، كە بڕیارە تەنها بەبەشداریی كەسی یەكەمی هێزە سیاسییەكان ئەنجامبدرێت.
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەكرد، دواكەوتنی دەستبەكاربونی پەرلەمانو پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوەتە كارێكی نادروست بەرامبەر بەهاوڵاتیان، ئەو جەختیكردەوە، یەكێتیی وەك هێزێكی سەرەكی لەم پڕۆسەیەدا، ناچێتە ژێر باری بیانوی چاوەڕوانیی لایەنەكانی دیكە، بەڵكو پێویستە بەزوترینكات پەرلەمان چالاكبكرێتەوەو كابینەی نوێی حكومەت دابمەزرێت.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕونكردنەوەیدا كە لەتەواوی هەرێمێكی یەكگرتودا، هیچ حكومەتێكی بنكەفراوان بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆی یەكێتییو پارتی پێكنایەت، هەر بۆیە داوایكرد، پێویستە هەم پارتیو هەمیش یەكێتیی، نەرمی بنوێننو دەستو پەنجە لەگەڵ زۆر شتدا نەرم بكەن، هاوكات فەزای پێویستیش بۆ بەشدارییو جێگەی لایەنە سیاسییەكانی دیكەش لەناو حكومەتی نوێدا بكەنەوە.
