بەپێی قسەی ڕەیمۆند ڤێرنۆن، شیکەری ئەمریکی، "نەوت زیاتر لە هەر ماددەیەکی تر تێکەڵ بە پرسە سیاسی و ستراتیژییەکان بووە و مەحاڵە ئەم دووانە لە یەکتر جیا بکرێنەوە". هەرچەندە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، پێناسەی باوی ئاسایشی وزە بریتییە لە دەستڕاگەیشتن بە خستنەڕووی پێویست بە نرخی گونجاو، بەڵام وڵاتانی جۆراوجۆر پێناسەی جیاوازیان لەم چەمکە هەیە.
لە بنەڕەتدا مێژووی ئاسایشی وزە لە کاتی گۆڕینی سووتەمەنی کەشتی و پاپۆڕەکان لە خەڵوزەوە بۆ نەوت دەستی پێکرد و لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا گرنگییەکەی زیاتر ئاشکرا بوو و ڕەهەندی ستراتیژی وەرگرت و دوای شۆکی ١٩٧٣، بوو بە پرسێکی جیهانی. بەڵام لە سادەترین مانادا، ئاسایشی وزە بە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ڕەوانی وزە (بەتایبەت نەوت و گاز) دەوترێت. بیرمەندێک بە ناوی بارتۆن پێی وایە ئاسایشی وزە ئەو بارودۆخە دادەنێت کە تێیدا نەتەوە یان زۆرینەیان دەستڕاگەیشتنێکی گونجاویان بە سەرچاوە و پاشەکەوتەکانی وزە بە نرخی گونجاو و هاوسەنگ هەبێت.
لە بنەڕەتدا زاراوەی ئاسایشی وزە بۆ خستنەڕووی بەردەوام و متمانەپێکراو بە نرخی گونجاو لە هەڵگرەکانی وزەدا دەگەڕێتەوە. ئەوانەی ئەم زاراوەیە بەکاردەهێنن، بەدوای ئەوەدان کە هەڕەشە جیۆپۆلەتیکی، ئابووری، تەکنیکی، ژینگەیی و دەروونییەکانی چاودێری بازاڕەکانی وزە کەم بکەنەوە. مەبەست لە بەکارهێنانی لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە ئەوەیە کە
یەکەم: دەستڕاگەیشتنێکی ئاسان و بێ ئەگەری مەترسی بە سەرچاوە جیهانییەکانی نەوت و گاز هەبێت.
دووەم: ئەم سەرچاوانە لە ڕووی ناوچەی جوگرافی و هەروەها ڕێڕەوەکانی گواستنەوەوە هەمەجۆرییان هەبێت.
سێیەم: گشتیانە ڕێژەی نەوت و گاز لەو شوێنانەوە دابین بکرێت کە درێژخایەن و جێگیر بن. ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە (٢٠٠٧)یش ئاسایشی وزە وەک لقێک لە کاریگەرییەکان لەسەر خۆشگوزەرانی ناساندووە کە نەتوانینی دەستڕاگەیشتن بە وزە یان ناڕێکییە توندەکانی نرخەکەی دروستی دەکات. دوو بیرمەندی تر بە ناوی تۆمان و بۆهی (١٩٩٦) ئاسایشی وزە بە کاریگەرییە ئابوورییەکان پێناسە دەکەن کە گۆڕانکارییەکانی نرخ و دەستڕاگەیشتن بە وزە لەسەر ئاستی خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەیەک دەبێت. هەروەها کۆمسیۆنی ئەوروپی، ئاسایشی وزە وەک توانای دابینکردنی پێداویستییە پێویستەکانی وزە لە داهاتوودا، چ لە ڕێگەی سەرچاوە ناوخۆییە بەردەستەکانەوە بە شێوەیەکی ئابووری و پاشەکەوتە ستراتیژییەکان و چ بە هۆی بەکارهێنانی سەرچاوە دەرەکییە جێگیر و بەردەستەکان پێناسە دەکات.بەڵام لە گشتیترین مانادا، ئاسایشی وزە بابەتە فراوانەکانی وەک زیادبوونی خواستی جیهانی و پشتبەستنی زیاتر بە بازاڕەکانی بەرهەمهێنان، ئاسایشی خستنەڕوو، ترانزێت و پاراستنی بۆرییەکان، سەرچاوە متمانەپێکراوەکانی وزە، نرخە گونجاوەکانی وزە، دیاریکردنی سیاسەتەکانی وزە، گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا و ژینگەیی و زیستییەکانی بەهۆی بەکارهێنانی هەندێ سووتەمەنی و وزە جێگرەوەکان دەگرێتەوە. لە لایەکی ترەوە ئاسایشی وزە چەند پێوەرێکی هەیە؛ یەکەم پێوەری ئاسایشی وزە دەتوانرێت لە چوارچێوەی ئەو کاڵایانەدا دابنرێت کە سروشتی دووبارەبوونەوەیان نییە؛ بە واتایەکی تر، سەرەکیترین پێوەری ئاسایشی وزە ئەوەیە کە کاڵایەکی لەو شێوەیە ئەگەری بەرهەمهێنانی سنووردار نییە. ئەم بابەتە خواستبوونی وزە لە ئابووری جیهانی و ئاسایشی نێونەتەوەییدا بەرەوپێش دەبات.
دووەم پێوەری ئاسایشی وزە ئەوەیە کە کاڵا بەرهەمهێنراوەکان و بازاڕی ئابووری جیهانی لە خواستبوونی پێویست بەهرەوەر بن؛ واتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و هاوپەیوەندییەکی بەرچاو لە نێوان کاڵا وزەییەکان و هەروەها ئابووری پیشەسازی سەرمایەداریدا هەبێت. سێیەم پێوەری ئاسایشی وزە، پەیوەندی بە سەقامگیری سیاسی وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزەوە هەیە. ئەم وڵاتانە بەگشتی تووشی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوون و لە لایەکی ترەوە، ڕووبەڕووی نیشانەکانی ناسەقامگیری و ناهاوسەنگی دەبنەوە. لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزە، ڕووبەڕووی نیشانەکانی ناکۆکی خاکی، دژایەتی ناسنامەیی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە. ئابووری وڵاتانی بەرهەمهێنەر سروشتێکی ڕێنتییان هەیە و ئەم بابەتە، پەیوەندی ئۆرگانیکی دەوڵەت و کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. لەبەر ئەوە وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزە، لە لایەکەوە دەتوانن تووشی ناکۆکی و دژایەتی سیاسی بن و لە لایەکی ترەوە ڕووبەڕووی نیشانەکانی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ببنەوە.
دکتۆر لوقمان قەنبەر