شارپرێس:
ئەبو مەهدی جەعفەری، وتەبێژی سەربازیی گروپی "سەرایا ئەولیائولدەم"، زانیارییەكانی پەیوەست بە تێوەگلانی گروپەكەیانی لە هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر هەولێر و وڵاتی كوێت ڕەت كردەوە.
جەعفەری لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاندووە، چەكدارەكانیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا هیچ كردەوەیەكی سەربازییان لە هەولێر، كوێت یان هەر شوێنێكی دیكە ئەنجام نەداوە و سەرجەم ئەو هەواڵانەی لە میدیاكان بڵاوكراونەتەوە دورن لە ڕاستییەوە.
وتوشیەتی، بڵاوكردنەوەی ئەم دەنگۆیانە خزمەت بەو ئەجێندایانە دەكات كە ئامانجیان تێكەڵكردنی كارتەكان و دروستكردنی ئاژاوەیە. ناوبراو جەختی لە سەربەخۆیی گرووپەكەی كردەوە و ڕایگەیاند، پاشكۆی هیچ لایەنێك نین و تەنها پابەندن بە ئەركی شەرعی، نیشتمانیی و مرۆیی خۆیان.
ئەم كاردانەوەیە دوای ئەوە هات كە كەناڵی "حەدەس"ی سعودیی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاوی كردبۆوە گروپی "ئەولیائولدەم" بەرپرسیارێتی هێرشەكانی سەر بنكە ئەمریكییەكانی لە ئوردن، كوێت و سعودیە گرتووەتە ئەستۆ.
ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی