شارپرێس:
لە هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل لە غەززە لە ڕۆژی یەكشەممە، بەرپرسێكی باڵای ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بزوتنەوەی حەماس و یەكێك لە پاسەوانەكانی كوژران.
وەزارەتی ناوخۆ لە غەززە ڕایگەیاندووە، بەهۆی بۆردومانەوە عەقید وائیل موسا ئەللەداوی، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ لە غەززە و ڕائید ڕامز تۆفیق ئەبو زەریق پاسەوانەكەی كوژراون.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێرشێكی ئاسمانییان ئەنجامداوە و ئۆتۆمبێلێكی بزوتنەوەی حەماسیان كردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو.
ئیسرائیل لە چەند مانگی ڕابردودا دەیان ئەفسەری پۆلیسی لە كەرتی غەززە كوشتووە، لەنێویاندا بەرپرسانی باڵا، زۆرێكیانی بە باڵی چەكداری حەماس تۆمەتبار كردووە و هەڕەشەی نزیكیان بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەكانی لەناو غەززەدا دروستكردووە.