شارپرێس:
لە پەلامارێكی چەكداری و بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی مەریوان بۆ بانه، مەهدی تەوەكولی، چالاكی فەرهەنگی و هونەری لەگەڵ دوو كەسی دیكەی نزیكیدا كوژران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەهدی تەوەكولی چالاكی هونەری و بەڕێوەبەری ماڵی وێنەگرانی كوردستان و دامەزرێنەری ماڵی هونەریی چاو و بەندكراوی سیاسیی پێشوو، لەگەڵ دایكی بەناوی مریەم ئەسلانی و خوشكی بە ناوی سومەیە تەوەكولی درانە بەر دەستڕێژی گولە و گیانیان لەدەست دا.
تەرمی ئەم سێ هاووڵاتییە لەژێر ڕێكارە توندە ئەمنییەكاندا لە سنە بە خاك سپێردران.
میدیاكانی حكومەتی ئێران، كوژرانی ئەم چالاكەیان لەگەڵ دوو ئەندامی بنەماڵەكەی بەچەكدار و ئەندامانی حیزبێكی كوردستانی ناساندووە.