شارپرێس:
سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو حزب و لایەنەكان هەرچی زوە بەدەنگمانەوە بێن و دەڵێت، خواستی خەڵك و ئەركی لەپیشینەی خۆتان وەك ئەمانەتێكی مێژویی لەم قۆناغە هەستیارەدا بەجێ بگەیەنن.
سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دەزگای داواكاری گشتی كە ئەركی پاراستنی سیستمی گشتی و سەروەری یاسایە، بەنیگەرانییەكی قوڵەوە سەیری دۆخی چەقبەستوی سیاسی و یاسایی ئێستەی هەرێمی كوردستان دەكات و پێی وایە، مانەوەی هەرێمەكەمان بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بەبێ پەرلەمانێكی كارا كە نوێنەری شەرعی گەلی كوردستانە، دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی دەی حكومەتی هەرێم، زیانێكی گەورەیە لەهەموو بوار و ئاستێكدا و پەككەوتن و گرفتی قوڵی یاسایی دروست دەكات لە زۆربەی داودەزگاكانی دەستوری هەرێم".
دەشڵێت، گرفتی یاسایی دامودەزگاكانی هەرێم كەپەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەماف و ژیانی هاوڵاتییان و بەڕێوەبردنی سێكتەرە گرنگەكانەوە هەیە كە تەنها بەكاراكردنەوەی پەرلەمان چارەسەر دەكرێن.
لەبەیاننامەكەدا هاتوە، لەبارەی ڕاگرتن و پەكخستنی پرۆسەی دادوەری لەدادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، زیاتر لەدۆخی پەرلەمان جێی نیگەرانیمانە، چونكە دەسەڵاتی دادوەری دامەزراوەیەكی سەربەخۆ و بێلایەنە، تەنها یاسا دەسەڵاتی بەسەریدا هەیەو دەڵێت" بەهەستكردن بەبەرپرسیارێتیی دەستوری و یاسایی، داواكارین دەسەڵاتی دادوەری دور بخرێتەوە لەهەر كێبەركێیەكی حزبایەتی و ململانێی سیاسی و سەربەخۆیی و بێلایەنی پارێزراو بێت، ڕەچاوی مادەی (52/ بڕگەی دووەم) لەیاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێم بكرێت كە كاری حزبایەتی لەدادوەران قەدەغە كردوە.
لەدرێژەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، داواكارن دادگای پێداچونەوە دەست بەكاری ئاسایی خۆی بكاتەوە بۆ خزمەتی هاوڵاتییان و پاراستنی مافەكان.
سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی جەختیش دەكاتەوە، كە لەسۆنگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی لەچوارچێوەی بنەماكانی ئەركی خۆمان، پاڵپشت بە مادەی (١/بڕگەی یەكەم و چوارەم) لە یاسای داواكاری گشتیی بەركار كە لەئەركە هەرە پێشینەكانی داواكاری گشتی، (پارێزگاریكردنە لە سیستمی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی و ماڵ و سامانی گشتی لەچوارچێوەی مەشروعییەت و چەسپاندنی سەروەری یاسا و دروست جێبەجێكردنی حوكمەكانی)، داواكارین لەهەموو حزب و لایەنەكان بەگشتی و فراكسیۆنە براوەكانی پەرلەمانی كوردستان بەتایبەتی، هەرچی زوە بەدەنگمانەوە بێن و خواستی خەڵك و ئەركی لە یشینەی خۆیان وەك ئەمانەتێكی مێژویی لەم قۆناغە هەستیارەدا بەجێ بگەیەنن".
ڕودەكاتە فراكسیۆنە براوەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەشلێت، هەوڵەكان چڕ بكەنەوە لەپێناو سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
