حوسیه‌كان سێ كه‌شتیى سعودیه‌یان كرده‌ ئامانج

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1153 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی تایبەتی یەمەنى ئاشكرایكردوه‌، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەى لەدوو ڕۆژی ڕابردودا سێ کەشتیی نەوتیی سعودیەیان كردوه‌ته‌ ئامانج‌و لەڕۆژی دوشەممەی ڕابردوشەوە تا دوێنێ یەکشەممە، 16 کەشتیی دیکەی ئەو وڵاتەیان ناچارکردوە بگەڕێنەوە.


ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، لەدوای سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن یەمەنەوە، هیچ کەشتییەکی نەوتیی سعودیە نەیتوانیوە لەگەروی بابولمەندەبەوە تێپەڕبێت‌و بڕیاری ڕێگریکردن لەهاتوچۆی کەشتییەکانی سعودیە بەتەواوی بەردەوامە.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوەدێن، یەمەنییەکان هێرشی موشەکی‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردەسەر بنکەکانی کۆمپانیای (ئارامکۆ) لەجیزان، لەبەرامبەریشدا سعودیە چەندین شوێنی گرنگی لەناوچەی حودەیدە بۆردومانکرد، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی هاوکێشەی (گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ).

هاوکات، یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازیی یەمەن ڕایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی جەنگی لەجۆری "بایرەکتار ئاکه‌نجی" کە دروستکراوی تورکیایەو سەر بەسعودیە بوە، لەئاسمانی ناوچەی جەوف بخاتە خوارەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم پەرەسەندنە توندە دوای ئەوەهات، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا لەلایەن سعودیەوە کرایە ئامانج بۆ ڕێگریکردن لەنیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی کە وه‌فدى یەمەنی تێدابوو کە بەشدارییان لەبەخاکسپاردنی ڕێبەری کۆچکردوی ئێران عەلی خامنەییدا کردبوو، یەمەنییەکانیش لەوەڵامی ئەمەدا فڕۆکەخانەی "ئەبها"یان لەناوخاکی سعودیەدا بۆردومانکرد.