شارپرێس:
ناوچەی باکوری ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژههڵاتى كوردستان) كه هاوسنوره لەگەڵ هەرێمی کوردستان (باشورى كوردستان)، بەرەو قۆناغێکی نوێی پێکدادانی سەربازییو سیاسیی مەترسیدار هەنگاو دەنێت، لێدوانە فەرمییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانو زانیارییە دزەپێکراوەکان لەسەر هێڵی واشنتۆن ـ هەولێر-یش ئاماژە بەوەدەکەن، هەرێمی کوردستان کەوتوەتە ناوجەرگەی ململانێیەکی هەرێمیی زۆر سەخت کە تێیدا قەوارەی سیاسیی هەرێمەکەو چالاکیی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتونەتە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆوە.
عەمید حوسێن موحیبی وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوه، "هێزەکانیان چیتر لەسەر سنورەکان تەماشاكار نابن، تاران بڕیاریداوە نەخشەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەباکوری ڕۆژئاوا (ناوچە کوردییەکانی هاوسنور لەگەڵ هەرێم واته ڕۆژههڵاتى كوردستان) بەشێوەیەکی بەربڵاو فراوان بکات".
وهكو موحیبى وتویهتى، "ئامانجمان لەناوبردنی ههر جوڵەیهكه دژ بهكۆمارى ئیسلامى ئێران"، کە مەبەست لێی هێزو حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لهو ڕوهشهوه دەڵێت، "ئەم هێزانە دەیانەوێت ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە بۆ دروستکردنی پشێوی لەناوخۆی ئێران، بۆیە سوپای پاسداران پێشوەختەو پێش بەزاندنی سنورەکان، هێرشەکانی بۆسەر مۆڵگەو خاڵە ستراتیژییەکانیان دەستپێکردوەو مەودای جوڵە سەربازییەکانیش قۆناغ بەقۆناغ گەورەتر دەکات".
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئێران، ڕاپۆرتە میدیاییەکان پەردە لەسەر زانیارییەکی یەکجار شۆککەرو هەستیار لادەدەن، بهگوێرهى ئەم زانیارییانە، واشنتۆن گوشارێکی توندی خستوهتهسهر سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمیو ڕاستەوخۆ بچنە ناو بەرەی شەڕی دژ بەکۆماری ئیسلامی ئێرانهوه.
وهكو ڕاپۆرتێكى ماڵپهڕى مهیادین ئاماژهى پێكردوه، مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەمریکا تەنها داوا ناکات، بەڵکو هەڕەشەی ڕاستەوخۆى لەسەرکردایەتی کورد كردوه، ئەگەر نەچنە ناو ئەو شەڕەوە، ئەوا واشنتۆن دەستبەرداری پشتگیرییەکانی دەبێتو پێگەی فەرمیو قەوارەی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان (شێوازی حوکمڕانیی ئۆتۆنۆمی) هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەمەش هەرێمی کوردستانی خستوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنوسسازو مەترسیدار کە پەیوەستە بەمانو نەمانی قەوارەکەیەوە.
لەم نێوەندەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چەندینجار ئاماژەی بەوەکردوە، چەکی قورسیان گەیاندوەتە دەست کوردانی سەر سنورهكانى ئێران بەمەبەستی هاندانیان بۆ شەڕی چەکداریی دژ بەتاران، بەڵام ترەمپ بێهیوایی خۆی نەشاردوەتەوە لەوەی، هێزە کوردییەکان چەکەکانیان وەرگرتوەو کۆگایان کردونو ئامادەنەبونە بچنه ناوشهڕهكهو چهكهكان دژى ئێران بهكاربهێنن.
چاودێرانى سیاسیى بۆچونیان وایه، هەرێمی کوردستان لەئێستادا لەنێوان دوبەرداشی گەورەدایە، یهكهمیان فشارو هێرشی سەربازیی ئێران کە دەیەوێت ڕوبهڕوى سەرجەم هێزەکانی ڕۆژهەڵات ببێتهوهو مهترسیهكان لەسەر سنورەکان نههێڵێتو هێزی زیاتر لهوهى ئێستا جێگیریكردوه جێگیر بکات، دوهمیش گوشاری ڕەهای ئەمریکایه کە دەیەوێت بەزۆری چەک، کورد بکاتە بەشێک لەشەڕی دژ بەئێرانو لهئهگهرى ڕهتكردنهوهشیدا، ئهوا ترهمپ هەڕەشە لەقەوارەی هەرێمى كوردستان دەکات.
ههروهك بهشێكى زۆرى چاودێران ئاماژه بهوهدهكهن، ئەم هاوکێشەیە وادەکات ڕۆژانی داهاتوو، بۆ داهاتوی هەرێمی کوردستانو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر هەستیارو چارەنوسسازبن.
