شارپرێس:
ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە کە
روسیا ئامادەکاریی دەکات بۆ هێنانی نزیکەی 30 هەزار سەربازی دیکەی کۆریای باکور بۆ
بەشداریکردن لە جەنگی ئۆکراینادا.
زێلینسکی ئاماژەی
بەوەکردووە کە هەواڵگریی وڵاتەکەی ڕێکخستنی ئەم ئامادەکارییانەی لە ناوچەی ڤۆرۆنیژی
روسیا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە بەدی کردووە. هەروەها جەختی لەوە کردۆتەوە کە
پیۆنگیانگ ئامادەکاریی دەکات بۆ دابینکردنی سەکۆی نوێی هەڵدانی مووشەکی بالیستی بۆ
موسکۆ.
زێلینسکی هەروەک وتویەتی: ئەم هاوکارییە سەربازییە تەنها
مەترسیی بۆ سەر ئۆکراینا دروست ناکات، بەڵکو دەرفەت بە کۆریای باکوور دەدات ئەزموونی
ڕاستەقینەی مەیدانیی و دەستکەوتی تەکنەلۆجی بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئاسایشی وڵاتانی
ئاسیا دەخاتە مەترسییەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات لە حوزەیرانی
2024 ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژیی و بەرگرییان ئیمزا کرد، کە بەپێی ئەوە پێشتر کۆریای
باکوور نزیکەی 14 هەزار سەربازی ڕەوانەی ناوچەی کورسک کردبوو دوای چوونەناوەوەی هێزەکانی
ئۆکراینا بۆ ئەو ناوچەیە.
لای خۆیانەوە، کیێڤ و وڵاتانی ڕۆژئاوا تۆمەتی ئەوە دەدەنە
پاڵ کۆریای باکوور کە تەقەمەنیی و مووشەک دەداتە روسیا لە بەرامبەر وەرگرتنی
هاوکاریی ئابووریی و تەکنەلۆجیای سەربازیی پیشکەوتوودا.
هەرچەندە پێشتر دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و کۆریای
باشوور بەشداریی هێزەکانی پیۆنگیانگیان پشتڕاستکردبووەوە، بەڵام تا ئێستا موسکۆ و
پیۆنگیانگ هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بە ناردنی ئەم 30 هەزار سەربازە نوێیە نەداوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی