رۆشنبیری راستەقینەو رۆشنبیری شەعبەوی

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1312 جار خوێندراوه‌ته‌وه


  ئەقڵ وەک تاقە مەنزڵگای وجود، لە ڕووبەرە هەرە قووڵەکانیدا ململانێیەکی تاهەتایی لەگەڵ سادەکاریدا هەیە، چونکە فیکر لە جەوهەری خۆیدا پرۆسەیەکی دژوارە و بە ئاسانی خۆی تەسلیمی مانا ڕووکەشەکان ناكات. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، نەک وەک ناو و نازناوێک، بەڵکو وەک فۆرمێکی ئۆنتۆلۆژی لە بوون، هەمیشە خەریكی هەڵکەندنی بنەماکانی ڕاستییە لەناو ئەو خەرمانە وەهمەی کە ژیانی ڕۆژانە و بەرژەوەندییە کاتییەکان دەیخوڵقێنن. لە بەرانبەردا، ڕۆشنبیری شەعبەوی یان پۆپۆلیستی، وەک سێبەرێکی لێڵی فیکر زەق دەبێتەوەو مرۆڤ بەرەو ڕووی هەقیقەتە تاڵەکان نابات، بەڵکو دەیەوێت لەناو بێشکەی سۆز و عاتیفەی جەماوەردا، خەونێکی ساختە و ئارامبەخشی بۆ بخوڵقێنێت. ئەم دوو جەمسەرە لە مێژووی فیکریی کوردیدا، بە تایبەت لە وەرچەرخانە گەورەکانی دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١، ململانێیەکی توند و کاریگەریان پێکەوە هەبووە، کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان لە پێکهاتەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا دروست کردووە.
  پێش راپەڕینی بەهاری ١٩٩١، ڕۆشنبیری کورد لەناو جۆرێک لە تەنیاییەکی شکۆمەندانەدا دەژیا. ئەگەرچی ژمارەیان کەم بوو، بەڵام قورساییەکی مەعریفییان هەبوو کە دوور لە ژاوەژاوی سیاسی و جەماوەرییەوە سەرچاوەی گرتبوو. ئەوان لەناو ژوورە تاریک و پەرتووکخانە دەگمەنەکاندا، خەمی مرۆڤ و نیشتمانیان بە فلتەری فیكر و ئەدەبێکی قووڵدا دەنووسی. ئەو ڕۆشنبیرانە راوچی حەقیقەت بوون، نەک ئەکتەری سەر شانۆ. بەڵام دوای ڕاپەڕین و کرانەوەی بێ بەرنامەی هەموو دەرگاو پەنجەرەكانی ئازادی ، فەزایەکی نوێ خوڵقا كە ڕێژەییبوونی مەعریفە جێگەی قووڵایی گرتەوە. لێرەدا بوو مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆشنبیری هاتە کایەوە، دەتوانین ناوی بنێین رۆشنبیری شەعبەوی. بەتایبەت لەگەڵ دەرکەوتنی پڕۆژە میدیایی و سیاسییەکانی وەک کۆمپانیای وشە و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان، فیکر لە فەزایەکی تیۆرییەوە بۆ فەزایەکی شەعبەوی گوازرایەوە. كەسانێكی لە جۆری  مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، ڕێبین هەردی و فاروق ڕەفیق، سەرەتا وەک پڕۆژەیەکی ڕەخنەیی جدی خۆیان نیشان دا، بەڵام کاتێک تێکەڵی کێڵگەی سیاسی و جەماوەریی بوون، گوتارەکەیان کەوتە ژێر فشارێکی توندی پۆپۆلیزمییەوە. ئەمە تەنها بۆ ئەوان نەبوو، بەڵکو نووسەرانی وەک شێرزاد حەسەن و فەرهاد پیرباڵ و چەندانی دیكەش، کە پێشتر لە قووڵایی ئەدەب و هونەردا كاریان دەکرد، کەوتنە ناو ئەو گێژاوەی کە جەماوەر داوایان لێدەکردن ببنە دەنگی ئەوان نەک دەنگی ڕاستی.
  کێشە بنەڕەتییەکە لێرەوە دەستی پێكرد؛ ڕۆشنبیری شەعبەوی ئەو کەسەیە حەقیقەت دەکاتە قوربانی دڵ رازیكردن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ فەلسەفەی یۆنانی، سوکرات نموونەی فەیلەسووفی ڕاستەقینە بوو، ئامادە بوو ژەهر بخواتەوە بەڵام سازشی لەسەر لۆژیک نەكرد. لە کاتێکدا سۆفیستەکان نوێنەری فەلسەفەیەكی شەعبەوی بوون بێ گوێدانە ڕاستی، هونەری ڕەوانبێژییان بۆ ڕازیکردنی خەڵک بەکاردەهێنا. لە کوردستاندا، ئەم دیاردەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی سۆشیال میدیا گەیشتە لووتکەی مەترسیداری خۆی. سۆشیال میدیا کاتی لە ڕۆشنبیر دزی، ئەو کاتەی کە پێویست بوو بۆ ڕامان و داڕشتنی تیئۆر. ڕۆشنبیر لە جیاتی ئەوەی ساڵانێک خەریکی نووسینی کتێبێکی بونیادی بێت، ناچارە ڕۆژانە یان هەفتانە پۆستێک یان ڤیدیۆیەک بڵاو بکاتەوە تا لە زاکیرەی جەماوەردا بمێنێتەوە. ئەمە وای کردووە فیکر ببێتە جۆرێک لە ڕۆژنامەوانییەکی رۆشنبیر! کە تەنها کاردانەوەیە بۆ ڕووداوەکان نەک دامەزراندنی فیکر. وەک ئەوەی فریدریك نیچە دەڵێت، ئەمە سەردەمی پیاوی کۆتایی یە، ئەو مرۆڤەی هەموو شتێک بە سادەیی و بۆ ئاسودەیی خۆی دەوێت. ڕۆشنبیری شەعبەوی لە کوردستاندا، سواری شەپۆلی سۆزی جەماوەر دەبێت، قسە لەسەر برینەکان دەکات بێ ئەوەی چارەسەری زانستی پێشنیار بکات، چونکە چارەسەری ڕاستەقینە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەئازار هەیە کە جەماوەر حەزی پێ ناکات.
  جیاوازییەکی تری جەوهەری لە نێوان ئەم دوو جۆرە ڕۆشنبیرییەدا، پێوەندییان بە سەربەخۆیییەوە هەیە. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، وەک ئیمانوێل کانت لە تێکستی ڕۆشنگەری چییە؟دا باسی كردووە، ئەو کەسەیە بوێری ئەوەی هەیە ئەقڵی خۆی بەکاربهێنێت بێ ئەوەی كەسێك رێنمایی بكات،  بەڵام ڕۆشنبیری شەعبەوی لە کوردستاندا بووەتە دیلی فۆڵۆوەرەکانی. ناچارە بەو زمانە بدوێت کە لایک و کۆمێنتی زۆری بۆ دێت. ئەمە جۆرێکە لە دیكتاتۆریەتی جەماوەر کە ڕۆشنبیر دەبێتە پاشکۆی ویستی گشتی. کاتێک ڕۆشنبیرێک دەبێتە ئایکۆنێکی پیرۆز و ڕێگە نادرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، لێرەدا کۆتایی فیکر ڕادەگەیەنرێت. ئەمە ڕێک ئەو پۆپۆلیزمە ڕۆشنبیرییەیە کە جەماوەر وەک جێگرەوەیەک بۆ حیزب سەیری ڕۆشنبیر دەکات، ڕۆشنبیریش بۆ ئەوەی ئەو پێگەیە لەدەست نەدات، دەست دەکات بە سادەکردنەوەی هەموو چەمکە ئاڵۆزەکان. فیکرێک کە بۆ هەمووان بێت، هی هیچ کەس نییە. فیکری قووڵ پێویستی بە ماندووبوون و تێپەڕاندن هەیە لە ئاستە سادەکان، بەڵام ڕۆشنبیری شەعبەوی ڕێگایەکی زۆر کورت دەبڕێت و وەڵامی ئامادەکراویش بۆ پرسیارە گەورەکان دەداتەوە!.
  لە واقیعی کوردستاندا، رۆژانە سووپایەك لە توێژە جیاوازەكان و نووسەران دەبینین، لە جیاتی ئەوەی ببنە ڕێپیشاندەری ئەقڵانی، کەوتوونەتە ناو بازاڕی فرۆشتنی سۆز، بەردەوام ماندووی فرۆشتنی سۆزی خەڵكن. ئاخر ئەوان دەزانن جەماوەری کورد بەهۆی مێژوویەکی پڕ لە ستەم و بەشمەینەت، تینووی پیاهەڵدان و لۆمەکردنی دەسەڵاتە، بۆیە ڕۆشنبیری شەعبەوی ئەم خاڵە بەکاردەهێنێت و گوتارەکەی دەکاتە شیننامەیەکی رۆشنبیری . لە بەرانبەردا، ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دەبێت پێیان بڵێت کە کێشەکە تەنها لە دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لە پێکهاتەی ئەقڵی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆیشماندایە. بەڵام کێ حەزی لەو ڕاستییە تاڵەیە؟ جەماوەر حەزی لەو کەسەیە پێی بڵێت تۆ بێتاوانی و هەموو تاوانەکە لە ئەستۆی ئەوانی ترە. لێرەوەیە ڕۆشنبیری شەعبەوی دەبێتە پۆپۆلیستێکی ترسناک و ڕێگری لە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دەکات، چونکە گۆڕانکاری لە ڕەخنەگرتن لە خۆوە دەست پێدەکات، نەک لە چەپڵەلێدان بۆ هەڵەکانی خۆمان.
  ئەگەر سەیری جولیان بێندا بکەین لە کتێبی خیانەتی ڕۆشنبیران، دەبینین چۆن هۆشداری دەدات لەوەی ڕۆشنبیران کاتێک دەچنە ناو کێڵگەی بەرژەوەندییە سیاسی و شەعبەوییەکانەوە، خیانەت لە ئەرکە ئەبەدییەکەی خۆیان دەکەن کە گەڕانە بەدوای حەقیقەت. لە کوردستان، ئەم خیانەتە زۆرجار بە ناوی خزمەت بە خەڵکەوە دەکرێت!. ڕۆشنبیری شەعبەوی وادەزانێت بە دابەزینی بۆ ئاستی زمانی شەقام، خزمەت دەکات، لە کاتێکدا ئەو تەنها ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی دادەبەزێنێت. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دەبێت جەماوەر بەرز بکاتەوە بۆ لای فیکر، نەک فیکر دابەزێنێت بۆ لای جەماوەر. ئەمە ئەو کێشە ئیستاتیکی و فەلسەفییەیە کە وای کردووە کتێبخانەی کوردی پڕ بێت لە کتێبی کرچ و کاڵ کە تەنها بۆ یەکجار خوێندنەوەش دەست نادەن و دوای ساڵێک هیچ دەقێكی فیکرییان لێ نامێنێتەوە. ئەم جۆرە بەرهەمانە وەک خۆراکی خێرا (Fast Food) وان، تێرت دەکەن بەڵام تەندروست نین.
  واقیعی کوردستان نیشانمان دەدات ڕۆشنبیری ڕاستەقینە هەمیشە لە پەراوێزدایە. تەنیا و غەریبە، چونکە نایەوێت ببێتە پاشکۆی هیچ لایەک. وەک مارتن هایدیگەر دەڵێت، لە هەوڵی خۆماڵیکردنی بووندایە لە ڕێگەی زمانێکی ڕەسەنەوە، نەک زمانێکی وەرگیراو و سواو. ڕۆشنبیری شەعبەوی زمانەکەی هی خۆی نییە، بەڵکو زمانی میدیا و دروشمە گشتییەکانە. ئەو وشە گەورەکان بەکاردەهێنێت بێ ئەوەی لە قورساییە فەلسەفییەکەیان تێبگات. بۆ نموونە، کاتێک باسی ئازادی یان دیموکراسی دەکات، تەنها وەک چەمکێکی پڕوپاگەندەیی بەکاریان دەهێنێت، نەک وەک پڕۆژەیەکی ئۆنتۆلۆژی کە مرۆڤ ناچار بکات پێداچوونەوە بە هەموو ژیانی خۆیدا بکاتەوە. ئەمە وای کردووە جۆرێک لە ئەقڵیەتی مێگەلی لەناو چینی ڕۆشنبیریشدا دروست بێت، هەمووان هەمان شت دەڵێنەوە و تەنها شێوازەکەی دەگۆڕن.
  پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دژە خەڵک نییە، بەڵکو دژە نەزانییە. ئەو جەماوەری خۆش دەوێت، بەڵام خۆشەویستییەک کە لە ڕێگەی ڕەخنەوە دەردەکەوێت. وەک چۆن تیۆدۆر ئەدۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر لە دیالێکتیکی ڕۆشنگەری دا باسی دەکەن، پیشەسازیی کولتووری دەیەوێت مرۆڤەکان بکاتە کەرەستەیەکی بەکاربەر. ڕۆشنبیری شەعبەوی لە کوردستاندا بووەتە بەشێک لەم پیشەسازییە؛ بەرهەمێکی فیکری بەرهەم دەهێنن کە بە ئاسانی هەرس بکرێت و بازاڕێکی باشی هەبێت. بەڵام ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بەرهەمەکەی ئەشکەنجەی ئەقڵە، مرۆڤ تووشی گومان دەکات، ئارامی لێ دەبڕێت و ناچاری دەکات بیر بکاتەوە. فیکری ڕاستەقینە وەک بروسکەیەکە تاریکیی وەهمەکان دەدڕێنێت، نەک وەک مۆمێکی بچووک کە تەنها بۆ ئەوە بێت مرۆڤ لەناو تاریکیدا هەست بە ئارامی بکات.
  ئەو قەیرانەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە، قەیرانی قووڵایییە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین ڕووکەش حوکم دەکات. ڕۆشنبیری شەعبەوی وەک ئەکتەرێکی سەر شانۆ، هەموو ڕۆژێک ماسکێکی نوێ دەپۆشێت تا سەرنجی بینەران ڕابکێشێت. جارێک دەبێتە نەتەوەییەکی توندڕەو، جارێک دەبێتە لیبڕاڵێکی مۆدێرن، جارێکیش دەبێتە پارێزەری دابونەریت، بەپێی ئەوەی شەپۆلی سۆشیال میدیا بەرەو کوێ بڕوات ئەوانیش بەدوای ئەودا دەڕۆن. ئەم ناسەقامگیرییە فیکرییە نیشانەی نەبوونی ناوەندێکی مەعریفیی سەربەخۆیە. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بە پێچەوانەوە، خاوەن مێژوویەکی فیکریی یەکگرتووە، گوتارەکەی لەسەر بنەمای ڕاستی دادەمەزرێنێت نەک هەوا. ئەگەر هەموو جیهانیش دژی بن، ئەو لەسەر پرەنسیپە ئەقڵانییەکانی خۆی دەمێنێتەوە، چونکە دەزانێت فیکر بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە نەک تەنها چالاکییەکی کات بەسەربردن.
  بۆ دەربازبوون لەم دۆخە شەعبەوییە، پێویستە ڕۆشنبیرانی ئێمە جارێکی تر فێری ئەوە ببن نەبینرێن تا بتوانن ببینن. بینین پێویستی بە دووری هەیە، کەسێک لە ناو قەرەباڵغیدا بێت ناتوانێت وێنە گەورەکە ببینێت.لەناو ژاوەژاودا بێت رستەیەكی جوان نابیسێت. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دەبێت لەو جەنجاڵییەی سۆشیال میدیا و شاشەکان دوور بکەوێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ قووڵایی تێکست و فەلسەفە. دەبێت جورئەتی ئەوەمان هەبێت بڵێین: هەموو ئەوەی لە فەیسبووک و تیڤییەکاندا دەگوزەرێت ڕۆشنبیری نییە، بەڵکو ژاوەژاوی فیکریی رووكەشانەیە. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە دەتوانێت لەناو ئەم هەموو دەنگەدا، دەنگێکی ڕەسەن و جیاواز بخوڵقێنێت کە تەنها بۆ ئێستا نەبێت، بەڵکو بۆ داهاتووش بمێنێتەوە.
   ململانێی نێوان ڕۆشنبیری ڕاستەقینە و شەعبەوی لە کوردستان، ململانێیە لە نێوان بوون و دەرکەوتن. ڕۆشنبیری شەعبەوی خەمی ئەوەیەتی چۆن دەربکەوێت، بەڵام ڕۆشنبیری ڕاستەقینە خەمی ئەوەیەتی چۆن بێت. جەوهەری فیکر لەوەدایە مرۆڤ لە کۆیلایەتیی چەپڵە و لایک ڕزگار بکات و بیبات بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر کە ئەقڵ تاقە دادوەر بێت. کوردستان پێویستی بە ڕۆشنبیرێکە بە پێگەیەكی پتەوی فەلسەفی کار بکات، نەک وەک گۆرانیبێژێکی پۆپ. تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانین هیوایەکمان هەبێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکان تەنها بینەر نەبن، بەڵکو بکەرو كاریگەر بن و بتوانن بە ئەقڵی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە چرای ئەو  مێژووەیە ئەگەرچی ڕووناکییەکەی کەم بێت، بەڵام ڕێگای ڕاست نیشان دەدات، لە کاتێکدا ڕۆشنبیری شەعبەوی وەک یارییە ئاگرینەکانە؛ بۆ ساتێک ئاسمان ڕووناک دەکاتەوە و چێژ بە جەماوەر دەبەخشێت، بەڵام دواتر تاریکییەکی قووڵتر و دووکەڵێکی خنکێنەر لە دوای خۆی جێ دەهێڵێت. ئێمە پێویستمان بەو ڕووناکییە هەمیشەییەیە کە لە قووڵایی مەعریفەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە سۆزی کاتیی شەقام.
[1] - حەزم نەكرد رۆشنبیرەكان بەناوهێنان پۆلین بكەم، دەنا زۆریتر ماون ناویان بهێنرێت.

  فوئاد سدیق