لەسەر وەزیرى دارایی وەستاوە.. وەزارەتى بازرگانى عێراق پارەى جوتیارانى هەرێم ئامادە دەکات

عیراق

16/04/2019‌ 1027 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەی قەرزی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستانی دابین کردووە و تەنھا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران ماوە.

محەمەد ئەمین، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانى عێراق، بە شارپرێسى راگەیاند، وەک فراکسیۆنى پارتى بەدواداچوونمان کردوە بۆ پارەى جوتیارانى هەرێمى کوردستان ئەوە پێمان راگەیەنراوە وەزارەتی بازرگانی عێراق بری ٤٨٠ ملیار دیناری جوتیارانی ھەرێمی کوردستانى ئامادەکردوە بەڵام لە ئێستادا رەزامەندى ئەنجومەنى وەزیرانى ماوە.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ دابینکردنى ئەو پارەیە ئەوان پەیوەندیان بە فوئاد حسێن وەزیرى داراییەوە کردوە بۆ ئەوەى رەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران بەدەست بهێنێت  بۆ خەرجکردنى ئەو پارەیە بۆ جوتیارانى هەرێم.

 

ئەو پەرلەمانتارە رونیشیکردەوە، لە یاسای بودجەى ٢٠١٩ باس لەوەکراوە ئەگەر ئەو پارەیەى دەدرێت بە جوتیاران کەم بێت پێویستە لەسەر حکومەت بەشەکەى ترى تەواو بکات کە بەوتەى خۆى ٧٠ ملیاری کەمە و بڕیارە ئەویش تەواو بکرێت.

 

لەلایەکى ترەوە بەپێى زانیاریەکانى شارپرێس رەوانەکردنى موچەى فەرمانبەرانى کوردستان و هەروەها جوتیارانیش لەسەر گەڕانەوەى فوئاد حسێن وەستاوە کە چەند رۆژێکە بەسەردانێک لە بەریتانیایە.

 

کۆی پارەی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان برتییە لە ٥٥٠ ملیار دینار کە هى ساڵەکانى ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ یە کە تا ئێستا نە دراوە بە جوتیارانى هەرێم.

س.هـ