توركیا بەنهێنی لەبەرانبەر فشارەكانی ئەمریكا نەرمی دەنوێنێت

جیهان

18/04/2019‌ 2421 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە بارگرژی ئەو پشێوییانە خاوكاتەوە، كە تووشی پەیوەندییەكانی بووە لەگەڵ ئەمریكا، ئەمەش‌ بەهۆی مامەڵەی كڕینی كۆسیستەمی بەرگری موشەكی ئێس-400 ی ڕووسی، چاودێرانیش دەڵێن مكوڕبوونی ئەردۆغان لەسەر كڕینی ئەو كۆسیستەمە موشەكییە، دەرگای ڕووبەرووبوونەوەیەكی نابەرابەر لە توركیا دەكاتە لە بەرامبەر واشنتۆندا. 

لە چاوپێكەوتنێكی نهێنیدا، ڕۆژی 3 شەممە پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت لەگەڵ خڵوسی ئاكاری هاوتا توركییەكەی كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكەش پنتاگۆن ڕایگەیاند كە دوو وەزیرەكە بە سیفەتی دوو هاوبەشی ستراتیژی كۆبوونەوە.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەداوە كە چاوپێكەوتنەكە تیشكی خستۆتەسەر بەرژەوەندی هەردوولا نەوەك هەڵوێستەكانیان، هەروەها گرنگی هاریكاری دوولایەنەی ئەمریكی – توركی وەك دوو هاوپەیمانی ناتۆ. 

بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ خاڵی ناكۆكی نێوان هەردوو دەوڵەت نەكردووە لە هاوكاری‌ ئەمریكا بۆ كوردەكانی باكوری سوریا و بڕیاری ئەنقەرە بە كڕینی كۆسیستەمی بەرگری موشەكی  ئێس 400 ی ڕووسی.

بەنهێنی هێشتنەوەی ئەو چاوپێكەوتنەی ڕۆژی 3 شەممە بۆ خۆپارێزیە لەمەڕ پرسیارەكانی ناكۆكییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن.

سەودا و مامەڵەی موشەكی ئێس 400 ی ڕوسی ناكۆكییەكی قوڵی لە نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن دروست كردووە و بۆتە هۆی كێشەیەكی دبلۆماسی بەوەی توركیا داوای ڕادەستكردنەوەی فەتحوڵا غولەن لە ئەمریكا دەكات، هەروەها ناكۆكی دیكەش هەن سەبارەت بە پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی سوریا و سزاكانی سەر ئێران.

ناكۆكی و بارگرژی
چەند مانگێكە ئەنقەرە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا دەكات كە هاوپەیمانی ئەمریكان لە جەنگی داعشدا.

ئیدارەكەی تڕەمپ پڕۆسەی ڕادەستتكردنی كەرەستەكانی پەیوەست بە فرۆكەی ئێف 35  بە توركیا هەڵپەساردوە وەك ووڵامێك بۆ ئەنقەرە لە بەرامبەر مكوڕبوونی لە كڕینی كۆسیستەمی بەرگری موشەكی ئێس 400 ی ڕووسی.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا هەفتەی ڕابردوو مكوڕبوونی خۆی دووپات كردووە كە ئەنقەرە مامەڵەی موشەكە ڕوسییەكە تەواو دەكات كە وا بریارە لە یۆلیۆی ئایندە تەواو بكرێت و ووتیشی كە ناچێته ‌ژێرباری داواكارییەكانی ئەمریكا بە هەڵوەشاندنەوەی سەودایەكە.

وڵامی ئەمریكا بۆ ئەو هەنگاوەی توركیا دوانەكەوت و لەسەر زاری وەزیری دەرەوە مایك پۆمپیو ڕایگەیاند واشنتۆن بە ئەنقەرەی ڕاگەیاندووە كە لەوانەیە لە بەرامبەر تەواوكردنی ئەو سەودا موشەكییەدا واشنتۆن سزای ئەنقەرە بدات، ئەمەش بە گویرەی یاسایەك كە ناودارە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ڕێگەی سزاكانەوە.

توركیا هیشتا لەو سەودا و مامەڵەیە پاشەكشەی نەكردووە و دەڵێت تەواوكردنی ئەو سەودایە نابێت ببێتە هۆكاری سەپاندنی سزاكان بەسەریدا، چونكە ئەنقەرە دوژمنی واشنتۆن نییە و هێشتا وابەستەی پابەندبوونەكانیەتی بە ناتۆوە.

پیشتریش بەرپرسە ئەمریكییەكان ڕایانگەیاندبووە كە كڕینی ئەو سیستەمە موشەكییەی ڕوسیا هەڕەشە لە هاوبەشبەندی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن دەكات سەبارەت بە پرۆگرامی فڕكەی شەڕكەری ئێف- 35  ، چونكە سیستەمەكە ئاشایشی ئەو فڕۆكە شەڕكەرانە دەخاتە مەترسییەوە كە كۆمپانیای لۆكهید مارتن دروستیان دەكات. كۆمپانیا توركییەكانیش هەندێك پارچەی ئەو فڕۆكەیە بەرهەم دێنن.

ئەمریكا و ئەندامانی دیكەی ناتۆ كە خاوەن فڕۆكەی ئێف-35 ، لەوە دەترسن كە ڕادارەكەی سیستەمی موشەكی ئێس – 400 فیری ئەوە بێت سیرە لەو فڕۆكەیە بگرێت و بیدۆزێتەوە، ئەمەش توانستی فرۆكەكە لاواز دەكات و دەرفەتی زیاتر بە سیستەمە موشەكییە ڕوسییەكە دەدات سیرەی لێبگرێت و بیدۆزێتەوە.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر