وەزیرى رۆشنبیرى بۆ شارپرێس: لەدواى شەڕى داعش پێویستمان بە شەڕێکى فکرى هەیە لەدژى توندڕەوى

کوردستان

18/04/2019‌ 744 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیرى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە لەدواى داعش شەڕێکى فکرى و رۆشنبیرى لەدژى توندڕەوى بکرێت.


خالید دۆسکى وەزیرى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێم لەپەراوێزى فیستیڤاڵى گەلاوێژ لە شارى سلێمانى بەشارپرێسى راگەیاند" ئێمە لەدواى شەڕى داعش پێویستە لەرووى رۆشنبیرى و فکرییەوە شەڕى ئایدۆلۆژى توندڕەو بکەین، چونکە تا ئەو شەڕە نەبەینەوە ناتوانین سەرکەتوو بین لەو بوارەدا کە رەنگە داعش لەژێر ناوێکى تر دا دووبارە بێتەوە".


دۆسکى ئاماژەى بەوەشکرد، داوایان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردوە لەرێى نوێنەرەکانیان لە هەرێمدا کە هاوکاریان بن و ئەزموونى خۆیانیان پێ بڵێن، بۆ ئەوەى ئەو شەڕە فکرییە بکەن، رونیشیدەکاتەوە ئەو شەڕە فکرییە تەنیا کوردستانى نەگرتووەتەوە، بەڵکو سەرتاسەرى جیهانى گرتووەتەوە.


ئاماژەى بەوەشکرد، لەماوەى رابردوودا چەندین فێستڤاڵ و چالاکى جۆراو جۆرایان کردوە بەمەبەستى نەهێشتنى فکرى توندڕەوى هەروەها بڵاوکردنەوەى فکرو هۆشیارى دونیاى هاوچەرخ بۆ هاوڵاتیان.


وەزیرى رۆشنبیرى باس لەوەش دەکات، قەیرانى دارایی کاریگەرى لەسەر کارو چالاکییەکانیان کردوە، بەڵام جەختیش دەکاتەوە کە لەماوەى چوارى ساڵى رابردوودا کارو چالاکى بەتایبەت لە سلێمانى زۆر ئەنجامدراون، ستایشى نوسەرو رۆشنبیرو هونەرمەندان دەکات بەبێ رەچاوکردنى قەیرانى دارایی زۆر باش چوونەت پێشەوە لەکارەکانیاندا.


بەشێکى زۆر لە سەرمایەداران و رێکخراوەکان و هونەرمەندان و نەتەوەیەکگرتووەکان و وەزارەتى دارایی و ئەنجومەنى وەزیران هاوکاریان پێشکەش کردوە بۆ ئەوەى کاروانى رۆشنبیرى پەکى نەکەوێت و نەوەستێت.

 

سەبارەت بە ئەگەرى کاندیدکردنەوەى بۆ پۆستى وەزیرى رۆشنبیرى لەلایەن یەکێتییەوە خالید دۆسکى وتی" جارێ نازانم هیچ شتێک روونییە".

 

س.هـ