ئاگادارییەك لە قایمقامیه‌تی دوكانەوە بۆ هاوڵاتیان و خاوەن كەپرو پڕۆژە گەشتیارییەكان

کوردستان

19/04/2019‌ 3396 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قائیمقامێتی قەزای دوكان له‌ ئاگاداریه‌كدا بۆ هاوڵاتیان رایگه‌یاند، دوای ئەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوكان بەڕێژەیەك بەرزبوه‌وە و بەنداوی دوكانیش ناچاربوو بڕی بەردانەوەی ئاو بۆ نزیك هه‌زار مەتر سێجا لەچركەیەكدا بەرزكاتەوە بەم هۆیەشەوە ئاستی ئاوی زێ یەكە بەڕادەیەك بەرزبۆوە ناچاربووین بۆ سەلامەتی گەشتیاران شەقامی گشتی گەشتیارییەكە بەڕووی هاوڵاتیاندا داخەن.

قائیمقامێتی قەزای دوكان له‌ ئاگاداریه‌كدا بۆ هاوڵاتیان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، داوایان لە بەڕێوەبەرێتی بەنداوی دوكان كردوه‌ بۆ چەند ڕۆژێك بڕی بەردانەوەی ئاو كەمكەنەوە بۆ ئەوەی شەقامی گشتی گەشتیارییەكە بەڕووی هاوڵاتیاندا بكرێتەوە، بۆ ئه‌وه‌ی كێشەو ئاستەنگی هاتووچۆ كەم بێتەوە لەشەقامەكاندا.

راشیگه‌یاندووه‌، "بۆ ئەم مەبەستە ئاگادارتان دەكەین له‌مڕۆ هه‌ینیه‌وه‌ هاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن  ڕێگای چوونە سەیرانگای دوكان لە پردی نوێ یەكەوە بۆ پردە كۆنەكە بەكاربێن وەك ڕێگەی جێگرەوە بۆ تێپەڕبوون یان بۆ مەبەستی گەشتیاری".

به‌لام هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی كه‌ ئەم بڕیارە بەشێوەیەكی كاتیەو هیچ كەرەسەو كەل و پەلێكی گەشتیاری نەبەنەوە ئەو شوێنانەی ئاو گرتوویەتیەوە، چونكە دواتر بڕی بەردانەوەی ئاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێ یەكە دەگەڕێتەوە هەمان شوێنی پێشوو پێش هەر زیادكردنەوەیەكیش هاوڵاتیان و گەشتیاران ئاگاداردەكرێنەوە.
ه.م