نانا سەددام حوسێن نهێنی شاراوەی ناو بنەماڵەكەیان ئاشكرادەكات

عیراق

20/04/2019‌ 5579 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
نانا سەددام حوسێن دەڵێت: بەتۆمەتی ناوزراندن داوای یاسایی لەسەر هۆزەكەی سەرۆكی كۆچكردووی عێراق تۆماردەكەم، هەروەك خواستی خۆشی نیشانداوە بۆ ئەوەی لەتاراوگەوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و كاری سیاسی بكات.

نانا ئیستا لەئەڵمانیا نیشتەجێیە، كاتێك ئاشكرای كرد ئەو كچی شەرعی سەددام حوسێنی سەرۆكی كۆچكردووی عێراقەو هەمووانی تووشی شۆك كرد، بۆ ئەوەش گەلێك بەڵگە و ناسنامەی نیشاندا، كە دەیسەلمێنێت ئەو كچی یەكێك لەژنەكانی سەددام حوسێنە بەناوی سەلما ئەسعەد سەعید ناسر ئەلدوسری. 

بەڵام هۆزی سەددام حوسێن لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، ئەو كەسەی ناوی خۆی ناوە "نانا سەددام حوسێن "و دەڵێت: من كچی سەددام حوسێنم بانگەشەكەی دوورە لەراستییەوە .

سەبارەت بەو بابەتە نانا قسەی بۆ پێگەی "شەفەق نیوز' كردووە و لەسەر بەیاننامەكەی هۆزی سەددام حوسێن و هەندێك دۆسیەی تر وتوویەتی: نە هۆزەكەم و نە هیچ كەسێكی تر ناتوانن نكوڵی لەرەچەڵەكی من بۆسەر باوكم بكەن ، ئەوانە هەموو قسەی پووچن و هیج بەهایەكی یاساییان نییە ، لەسەر ئەو تۆمەت‌و ناوزڕاندنە داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەم.

هەروەك نانا ڕەغدی كچی سەددام حوسێن و تاقمەكەی بەستەمكار وەسف كردو وتی: ئەوان دەیانەوێت لە ئاوی لێڵدا مەلە بكەن .

وتیشی: "هەموو كەس دەزانێت رەغد كێیە ، درۆزنێكی بكوژی هەلپەرستە ، دەیەوێت هەموو شتێك قۆرخ بكات.

جگە لە هۆزەكەی سەددام حوسێن ، رەغدیش یەكیكی تر  بوو لەوانەی لێدوانێكی نووسراوی لە پێگەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاوكردەوە و گوتی " نانا كچی سەددام حوسێن نییە ، نە لەدوور نە لە نزیك هیچ پەیوەندییەكی بەباوكمەوە  نییە ".

ڕەغد وتووشیەتی " نانا بە دەركەوتنی بەو جۆرە خۆی ریسوا كردووە و رووی روستەقینەی خۆی دەرخستووە ".

لەسەر بەیاننامەكەی ڕەغد نانا گوتوویەتی " پەرچەكرداری ڕەغد شتێكی چاوەڕوانكراو بوو ، لەبەر ئەوەی ئەو لەدەركەوتنی راستییەكان تۆقیوە ، دەشترسێت لەسەر دۆزی كوشتنی دایكم لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێت " ، نانا ڕەغدی تۆمەتبار كرد بەوەی لەگەڵ حوسێن كامیلی مێردی و ساجیدەی خەیروڵلای ژنی سەددام  پلانداڕێژەری كوشتنی دایكی بوون لە ١٦/٧/١٩٩٥.

نانا باسی لەوە كردووە كە باوكی سەددام حوسێن لەبەر مەترسی لەسەر  ژیانی ئەو ناردوویەتی بۆ سویسرا ، دەشڵێت بەڵگەم لایە كە من كچی سەددام حوسێنم و جیناتە بۆماوەییەكانیشم ئەوە دەسەلمێنن ، 

نانا پەیامێكیش ئاراستەی هۆزی ئەلبو ناسر دەكات و دەڵێت " من لە ئەڵمانیام ، ئەوەی دەیەوێت لە بەڵگەنامە فەرمییەكانم بكۆڵێتەوە دەتوانێت ئەوە بكات ".

دوور لەو بابەتە نانا باس لە ناوەكەی دەكات و دەڵێت " ناوی نانا ناوی خوای مانگە"  ، سەبارەت بە سیاسەتەكانی باوكیشی نانا دەڵێت " بەتەنیا باوكم بەرپرس نەبووە لە سیاستەی دەرەوە و ناوەوەی عێراق ، دەزانم هەڵە زۆر كراون ، من نامەوێت بیانگێڕمەوە ، بەڵكو دەمەوێت دوور لە باوكم جێپەنجەم لەو وڵاتە دیار بێت ".

نانا جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ عێراق و گوتویەتی " ڕووی قسە و هاوارم دەكەمە گەلی عێراق ، پێیان دەڵێم زۆر ستەمم لێكراوە و بەزۆری زۆرداری لەعێراق دەركراوم ، لەلایەن ساجیدە و رەغدەوە ستەمم لێكراوە ، بەمنداڵی و هەتتیوی و دوور لە دایك و دوور لە باوك گەورە بووم ".

باسی لەوەش كردووە كە لەلایەن زۆر لە سیاسییەكانی عێراقەوە پەیوەندی پێوە كراوە ، بەڵام دەڵێت ناوی هیچیان ناهێنم .

دەشڵێت خواست و ئارەزووی كاری سیاسیم هەیە و بۆ ئەوەش كۆلێژی زانستە سیاسییەكانم تەواو كردووە ، دەمەوێت ئەو دەوڵەتە بەڕێوەبەرم كە لێی بێبەش كراوم .

سەبارەت بەو وێنەیەی كە نانا ئالای ئیسرائیلی بەدەستەوە گرتووە چی دەڵێت نانا گوتوویەتی " من لە كۆنگەرەیەك بووم لەسەر ئاشتی ، ئێمە گەل و ئاینی ئاشتین ، ئەدی چۆن دەبێت بەو شێوەیە هەڵسوكەوت نەكەین ، من كچێكم دەمەوێت تۆوی ئاشتی لەگەڵ هەموو دینە ئاسمانییەكان، لەگەڵ هەموو دەوڵەتە عەرەبی و دەوڵەتانی جیهان  بچێنم ، هەموو وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە ، بۆچی بۆ ئەوان حەڵاڵە و بۆ ئیمە حەرام ؟.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی