سوپای نیشتمانی لیبیا تەنیا 10 كیلۆمەتر لەتەڕابلوسەوە دوورە

جیهان

22/04/2019‌ 1508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیوا ئەحمەد مسماری وتەبێژی فەرمی سوپای نیشتمانی  لیبیا، كە سوپاسالار خەلیفە حەفتەر سەركردایەتی دەكات رایگەیاند، سوپا دەیسەلمێنێت شەڕەكەی لیبیا لە نێوان لیبییەكان و تیرۆردایە، ڕێگە بەوەش نادات لیبیا ببێتە تانوپۆی تاوانكاری‌و‌ هەڕەشە لە ئاشتەوایی جیهانی بكات.

ناوبراو لەگفتوگۆیەكی بۆ ڕۆژنامەی بەیانی ئیماڕاتی ئاماژەی بەوەشدا، كە هێزەكانی سوپای لیبیا ئێستا لە دەوروبەری تەڕابلوسی پایتەخت سەنگەریان گرتووە، دەستیان گەیشتووەتە چەند گەڕەكێك‌ و تەنیا 10 كیلۆمەتریش لە سەنتەری شارەكەوە دوورن.

ئەو راشیگەیاند، سوپای لیبیا ئێستا شەڕ لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە دەكات كە لە پشت میلیشیا و ڕێكخراوە تیرۆرستەكانن كە چەكیان داوەتە تیرۆرستان (...)، ئێمە لە جەنگێكی یەكلاییكەرەوەداین دژ بە تیرۆر لە لیبیا، یەكلاییكردنەوەی جەنگەكەی تەڕابلوسیش لێدانێكی كوشندە دەبێت بۆ توركیا و قەتەر.

مسماری هەروەها رایگەیاند "بەم نزیكانە بۆ پشتیوانی هێزە چەكدارەكانی سوپا، دژ بە میلیشیاكان ڕادەپەڕین))، جەختیشی لەوە كردەوە كە سوپا بەپەرۆشە بۆ پارێزگاریكردن لە سەلامەتی مەدەنییەكان، چونكە میلیشیا چەكدارەكان وەك قەڵغانێكی مرۆیی بەكاریان دێنن".

باسی لەوەش كرد، سوپا بەرەبەرە پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەڵمەتە سەربازییەكەی لە تەڕابلوس بەدەست دێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەموو جیهان باوەریان بەوە هێناوە پێویستە لیبیا لە تیرۆرستەكان پاك بكرێتەوه، چونكە هیچ دەوڵەتێك نییە لە جیهاندا بوونی تیرۆر و هەڕەشەكردن لە هاوڵاتییەكانی قبوڵ بكات لەسەر خاكی خۆی.

سەركردایەتی گشتی سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەركردایەتی حەفتەر هەڵمەتێكی سەربازی بۆ لەناوبردنی تیرۆر - هەروەك خۆیان دەڵێن – لە تەڕابلوسی پایتەخت دەست پێكردووە كە حكومەتی سازانی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی فایز سەڕاج تیایدا باڵادەستە و لە ڕووی نێودەوڵەتییشەوە دانپێدانراوە، سەڕاجیش داوای لە هێزەكانی كردووە بەهێز ڕووبەڕووی جوڵەی هێزەكانی حەفتەر ببێتەوە، بەوەش تۆمەتباری كردووە كە لە ڕێككەوتننامە سیاسییەكەی ساڵی 2015 هەڵگەڕاوەتەوە.

لەوساوەی ڕژێمەكەی قەزافی لە ساڵی 2011 وە گلاوە ، لیبیایی دەوڵەمەند بە نەوت تووشی كێشمەكێشمی ناوخۆیی جیاواز بووە، هێرشەكەی حەفتەریش دۆخەی ئاڵۆزتر كردووە لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی ململانێكار.
 
ئێستا دوو دەسەڵات لە لیبیا ململانێیانە: حكومەتی سازانی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی فایز سەڕاج  كە لە ساڵی 2015 و بە گوێرەی ڕێككەوتنێكی نەتەوە یەكگرتووەكان دروست بووە و بارەگاكەی لە تەڕابلوسی پایتەختە، وە دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی لیبیا كە سوپای نیشتمانی لیبیا پشتیوانی دەكات بە سەركردایەتی خەلیفە حەفتەری سوپاسالار.

جەنگەكەی ئێستای لیبیا بۆتە هۆی پەكخستنی ڕاگەیاندنەكەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا تایبەت بە گرێدانی كۆنگرەی نیشتمانی لیبیا كە بڕیار بوو لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا گرێبدرێت.

سەرچاوە: SPUTNIK
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر