ئەحمەد داود ئۆغڵۆ ڕەخنەی توند لەسیاسەتەكانی ئەردۆغان دەگرێت

جیهان

23/04/2019‌ 1949 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، كە هاوپەیمانێكی نزیكی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا بوو، ڕەخنەی توندی ئاراستەی پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوا كردووە.

ئەو لاوازی ئاستی كاری ئەو پارتەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی توركیای مانگی ڕابردوودا گەڕاندووەتەوە بۆ گۆڕینی سیاسەتەكانی ئەو پارتە و هاوپەیمانییەتی لەگەڵ پارتە نەتەوەییەكانی توركیا.

لەو ساوەی 3 ساڵ پێش ئێستا وازی لە پۆستی سەرۆك وەزیران هێناوە، ئەوە یەكەمجارە داود ئۆغڵۆ بە ئاشكرایی ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت، ئەو ناڕەزایی خۆی بەرانبەر سیاسەتە ئابوورییەكان و ئەو كۆت و بەندانەی سەر میدیاكان دەربڕی، كە پارتی داد و گەشەپێدان سەپاندوونی و پیادەیان دەكات.

ئۆغڵۆ رایگەیاندووە "ئەو سیاسەتە زیانی بە سیستەمی جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵات و دامەزراوەكان گەیاندووە".

داود ئۆغڵۆ ئەندامێكی پارتی داد و گەشەپێدانە و شوێن و پێگەیەكی دیاری هەیە لەو پارتەدا، پێش ئەوەی ناكۆكی لە نێوان ئەو و ئەردۆغاندا سەرهەڵدات، لە نێوان ساڵانی 2014-2016 پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە.

پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی 31 مارسی ڕابردوو تووشی شكستێكی گەورە هات و شارەوانییە گەورەكانی وەك ئەنقەرەی پایتەخت و ئەستەمبوڵی دوو گەورە شاری توركیای لەدەستدان.

هێشتا ئەو پارتە توانستی قبوڵكردنی ئەو شكستەی پێ هەرس نەكراوە كە كاریگەرییەكی گەورەی بەسەر ئەردۆغانەوە جێهێشتووە، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ دەستپێكی كەوتنی جەماوەری ئەردۆغان لە ناو توركەكاندا، بە تایبەتیش لە دوو گەورە شارەكەی توركیادا.

داود ئۆغڵۆ لە بەیاننامەیەكی 15 لاپەڕەیدا باسی ئەوەشی كردووە: "ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەوەیان دەرخست كە سیاسەتەكانی هاوپەیمانییەتی، چ لەسەر ئاستی دەنگەكان و چ لەسەر ئاستی قەوارەی حزبی، زیانیان بە پارتەكەمان گەیاندووه".

پارتی داد و گەشەپیدان و جوڵانەوەی نەتەوەپەرستی پیش هەڵبژاردنەكانی مانگی پێشووی توركیا هاوپەیمانیەتییەكیان پێكهێنا بوو، لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییە جێبەجێكاریی و یاساكارییەكەكەدا،‌ ئەردۆغان جێبەجێكارییەكەی بردیەوە، بەڵام لەسەر ئاستی جەماوەری پارتەكەی پاشەكشەی كرد.

میدیاكانی توركیا چەندەها جار لەم ساڵانەی دوایدا وای بۆچوون كە كە پەرتبوونێكی سیاسی كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی وەك داود ئۆغڵۆ لە نێو پارتی داد و گەشەپێداندا ڕوودەدات بەوەی پارتێكی سیاسی تازە دادەمەزرێنێت، بەڵام ئەوە ڕووینەدا و لە بەیاننامەكەشیدا داودئۆغڵۆ باسی دامەزراندنی حزبێكی تازەی نەكردووە. 

بەڵكو جەختی لەسەر چاكسازی ناو حزبەكە كردۆتەوه ‌و ووتی:"داوا لە بەرپرسە جێبەجیكارییەكانی حزبەكەم و قەوارە پەیوەندیدارەكانی دەكەم بە میتۆدیكی ئەقڵانی و هێمنانە‌وە، هەموو ئەوشتانە  و دیدگامان بۆ ئایندە هەڵسەنگێنن". 

ئەم‌ لێدوانانەی داود ئۆغڵۆ لە دوای ئەوەهات كە ئیمام ئۆغڵۆ سەرۆك شارەوانی تازەی ئەستەمبوڵ ڕۆژی یەكشەممە لە ناو ئاپۆرایەكی سەدەها هەزار كەسی جەماوەری لایەنگرانیدا ئاهەنگی سەركەوتنی گێرا، ووتیشی كە ئەم سەركەوتنە دەستپیكی قۆناغێكی نوێیە، دوای سەركەوتنیشی بەسەر پاڵێوراوەكەی ئەردۆغان و پارتی فەرمانڕەوادا، داوای یەكبوونی گەلی توركیای كرد.

ئیمام ئۆغڵۆی تەمەن 49 ساڵی ئەندامی پارتی گەلی كۆماری بەرهەڵستكار، بە زۆرینەیەكی كەم بەسەر بن عەلی یەڵدرمی نەیاریدا سەركەوت، بەمەش شارەوانی ئەستەمبولی لەبن دەستی پارتی داد و گەشەپێدان دەرهێنا كە لە دوای 15 ساڵ فەرمانرەوایی تووشی نوشوستێكی گەورە هاتن.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر