وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران سەردانی ئەمریکا دەکات

جیهان

23/04/2019‌ 2034 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی بەشداریكردن لەكۆبونەوەیەکی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، کە ساڵانە لە شاری نیویۆرك دەبەسترێت، سەردانی وڵاتی ئەمریکا دەکات.

بەپێی ئاژانس تەسیمی ئێرانی، موحەمەد جەواد زەریف، بەمەبەستی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەک لەژێر ناوی "رۆژی جیهانی بۆ فرەلایەنی و دیبلۆماسی لەپێناو ئاشتی"  ئەمڕۆ بەرەو ئەمریكا بەڕێكەوتووە، كە بڕیاڕ وایە رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەکە کارەکانی دەست پێبكات.

هەروەها لەم کۆبونەوەیه‌دا بڕیارە شاندێکی ئێرانی كه‌ پێكهاتوون له‌ غولامحوسەینی دیهقانی، یاریدەری کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی ئێران و باڵیۆزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەجید تەخت ڕەوانچی هاوڕێیەتی زەریف بکەن.

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌مریكا زه‌ریف چەند کۆبوونەوەیه‌ك لەگەڵ نوێنەری وڵاتان و سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەنجامده‌دات.
 
كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە 73ەمین كۆبونەوەی ساڵی 2018 یدا رەزامەندی لەسەر بڕیاڕێكی پێشنیازكراوی رێكخراوی وڵاتانی بێلایەن دەربڕی، کە پێشنیاری ئەوەی کردبوو،  ناوی رۆژی 24ی نیسانی هەموو ساڵێك وەک رۆژی " نێودەوڵەتی بۆ فرەلایەنی و دیبلۆماسی لەپێناو ئاشتی"دا بنرێت.

وەرگێڕانی: یاسین نادر