پارتی هەفتەی داهاتوو رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان دەكات

کوردستان

25/04/2019‌ 1040 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات، لەبارەی رێككەوتنی كۆتایی پێكێهانی حكومەت لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیان لەگەڵ دەكات‌و رێككەوتنی كۆتایی ئەنجامدەدەن.

مەحمود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەلێدوانێكی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە دەكرێت و رێككەوتنی كۆتایی رادەگەیەندرێت.

مەحمود محەمەد راشیگەیاند "كۆبوونەوەكانی ڕابردووش، كە ئەنجامماندان، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت و كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوون".

هەرسێ لایەن رێكدەكەوین
مەحمود محەمەد، تیشكی خستە سەر رێككەوتنەكەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، كە لەسەر جێگری سەرۆكی هەرێم رێككەوتبوون، ئاماژەی بەوە دا، ئەو پۆستە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت، لەدواییدا یەكێتی داوای ئەو پۆستەی كرد، كە بكرێت بە دوو جێگر، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان رازی نەبوو، كە داوای یەك جێگری دەكرد بۆ سەرۆكی هەرێم.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژە بەو گرفتەش دەكات‌و رایگەیاند "ئەو گرفتەی هاتە بەردەم كۆبوونەوەكان، ئێمە‌ ویستمان بە رازی بوون و بە پێكەوەبوون كار بكرێت، نەك لە ژێر گوشاردا بێت، بۆ ئەم مەبەستە زەمەنێكی زیاتر لە پێویستمان دایە گفتوگۆكان، هەروەها بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنەكان دروست ببێت، هەروەها ئەو لێكتێگەیشتنە لە هەفتەی داهاتوودا كۆتایی پێ دێت، بە شێوازێك هەرسێ لایەن رێكدەكەوین".

پێویستە لێكتێگەیشتن دروست ببێت
هەروەها وتەبێژی پارتی ئاماژە بەوەش دەكات، لە پێكهێنانی حكومەت مەرج لە ئارادا نییە، تەنیا داواكارییەكی یەكێتی بووە، كە هەیان بووە، پێشتر وتوومانە مەرج لە كەس قبووڵ ناكەین و مەرجیشمان بۆ هیچ كەسێك نییە، بەڵام لێرەدا داواكارییەك دەبێت پێویستە لە بەینی هەموو ئەو لایەنانەی، كە پێكهێنەری كابینەكەن و بەشدار دەبن، لێكتێگەیشتن دروست ببێت، ئێمەش هەوڵی ئەو لێكتێگەیشتنە دەدەین و هیچ كێشەیەك لە بەینی ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕاندا نیبە".

90%ی تەواو بووە
وتەبێژی فەرمیی پارتی، جەختی لەو هەوڵ و كۆششانەی خۆیان كردەوە، كە بۆ پێكهێنانی كابینەكە كردبوویان و  رایگەیاندووە "پێشتر لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستەكانیان رێككەوتووین، لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیش رێككەوتووین، تاكە شوێن مابوو رێككەوتنی لەسەر بكرێت، بابەتی سەرۆكی هەرێم بوو، كە یەك جێگر یاخود دوو جێگری هەبێت".

سەبارەت بەو گرفتەی، كە لە بەینی یەكێتی و گۆڕان بوو، داوای هەمان پۆستیان دەكرد، مەحمود محەمەد هێمای بۆ ئەوە كرد، ئەو كێشەیە لە نێوان یەكێتی و گۆڕاندا بووە، كە هەردووكیان داوای هەمان پۆستیان دەكرد، لە دواییدا داوا كرا كە بكرێتە دوو پۆست، ئێستا ئەم بابەتە لە گفتوگۆ و چارەسەركردندایە، لە سەدا 90ی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تەواو بووە‌، كە ئەوەی دیكەش لەو چەند رۆژەدا یەكلا دەكرێتەوە".

كۆبوونەوەی سێقۆڵی
مەحمود محەمەد ئاشكرای كرد، كۆبوونەوەی سێقۆڵی كاتی خۆی بڕیار بوو ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی كارنامەی كابینەكەی پێ بنووسرێ، بەڵام وەك خۆی ڕاشكاوانە باسی لێوە كرد، ئەوكات یەكێتی نەهاتە پێش بۆ ئەو بابەتە، بەڵام ئێستا پێویست دەكات كارنامەیەك بنووسرێ و ئەو كارنامەیە تەعبیر لە بۆچوونی هەرسێ لایەنی پێكهێنەری كابینەكە بكات.

لەبارەی ئەنجامدانی كۆبوونەوە سێقۆڵییەكەش لە ‌نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕاندا، مەحمود محەمەد رایگەیاند، كۆبوونەوەی سێقۆڵی بۆ نووسینەوەی بەرنامەی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەبێت، ناوبراو دەشڵێت: "پێشتر‌ لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی سیاسیمان بەستووە،‌ ئەو رێككەوتنەی ئێستاش دەكرێت، رێككەوتنە لەسەر پۆستەكان".

هـ ـ ح