یابان قوربانیانی پلانی نەزۆک کردن لەوڵاتەکەیدا قەرەبوو دەکاتەوە

جیهان

25/04/2019‌ 1181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: وەرگێڕان و ئامادەکردنی: یاسین نادر
یابان لە ئەنجامدا لەبارەی پلانی نەزۆک کردنی زۆرەملێ لە وڵاتەکەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی کرد و بۆ هەر قوربانییەک بەڵێنی بژاردنی غەرامەی 25هەزار یۆرۆیی دا.

 یابان لەساڵی1948بەپێی پلانی " چاکسازی خەزنکردنی وەچە " کەسانی کەم ئەندام، کەسانی دوو ڕەگەز و نەخۆشانی دەروونی دۆخ خراپی نەزۆک کردووە.

حکومەتی شینزۆ ئابە، ڕۆژی چوارشەممە24ی مانگی ئەڤڕیڵ ڕایگەیاند، وڵاتی یابان پابەند دەبێت بە هەر قوربانییەکی پلانی نەزۆک کردن لە وڵاتەکەی، غەرامەیەک بەبڕی 25هەزار یۆرۆ ببژێرێت.

ئەم بڕیارە دوای ساڵانێکی زۆر پاش لە ڕەتکردنەوەی داواکاریی قوربانییەکان لەبارەی مافی پێشێلکراویانەوە دەرکرا. 

بڕیاڕەکە پاش دانیشتنێکی پەرلەمانی یابان دەرکرا کە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە یاسایەکیان بۆ بژاردنی غەرامە بە قوربانییەکانی ئەم پلانە دەرکرد،کە لەپاش ئەو ڕۆژی چوارشەممە "یوشی هیدە سوگا" سکرتێری گشتی یابان داوای لێبوردنی خۆی لەم قوربانیانەی وڵاتەکەی کردبوو.

پلانی نەزۆک کردنی زۆرە ملێ بەئامانجی چاکسازیکردن لە وەچە

بەپێی پلانی چاکسازیکردن لە وەچە، نزیکەی 16هەزار و پینجسەد کەس لە وڵاتی یابان، بەبڕیارێکی زۆرملێیانە نەزۆک کران، کە ئەم کەسانە بەبێ ڕەزامەندی خۆیان و لەژێر زۆر و گوشاردا ڕەزامەندی ئەنجامدانی ئەمکارە لەسەر جەستەیان پێکرا.

ئەم یاسایە کە لە ساڵی1948لەیابان پەسەند کرا، دەیویست ڕێگریی لە لەدایکبوونی منداڵانی ساوای خاوەن کێشەی جینات بکات. کۆتاجاریش کەپڕۆسەی نەزۆککردن لەم وڵاتدا جێبەجێکراوە، مێژووی تۆماری ئەو بۆ ساڵی1993دەگەڕێتەوە.


 پلانی نەزۆککردنی زۆرملێ لە چ وڵاتانێک جێبەجێکراوە؟

پلانی نەزۆک کردنی زۆرەملێ بە پڕۆسەیەکی نەگەڕاوە سەیر دەکرێت، کە تیایدا توانای خستنەوەی وەچە(منداڵ) لە کەسەکە دەسەنرێتەوە. ئەم پلانە لەنێوان ساڵانی 1870 تا 1946 لە وڵاتانی وەکوو ئەڵمانیا، یابان و ئەمریکاش بەئامانجی چاکسازیکردن لە وەچەدا جێبەجێکراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ژنانی توشبوو HIVی پوزەتیڤ، کەسانی دوو ڕەگەزە، کەم ئەندام یان ناتەواوی دەروونیی، کەمایەتیە تایفی ونەتەوەییەکان، لەو کەسانە بوون کە کەوتوونەتە ژێر نەشتەرگەری نەزۆکی پزیشکانەوە.

کە کۆئەندامی زاوزێی زۆر لە قوربانیانی ئەم پلانە بەهۆی نەشتەرگەرییەوە دەرهێنراوە یان بە لێزەر ئەوانیان نەزۆک کردووە.

لەماوەی ساڵانی کۆتاییدا قوربانییەکی زۆری نەزۆککراو، بۆ وەرگرتنی غەرامە سکاڵایان لە دادگاکانی ئەم وڵاتە تۆمار کردووە، بەڵام حکومەتی ئەم وڵاتە تا پێش لەمە لەو بڕوایەدا بوو، کە پلانی نەزۆککردن لەو ساڵانەدا بەپێی یاسای وڵات وەک کارێکی ئەرێنی و دروست و یاسایی جێبەجێکراوە.