شارپرێس:
ئاژانسی ناسای ئەمەریكی باسی لەوە كردووە، كە گالیسكەیەكی ئاسمانی لەسەر رووی مەریخ توانیویەتی هەندێ دەنگی "نامۆ" لەسەر ڕووی ئەو هەسارەی سوورە تۆمار بكات .
بەگوێرەی پێگەی "سكای نیوز" زانا گەردوونناسەكان پێیان وایە ئەگەری زۆر ئەوەیە، كە ئەو دەنگانە بەهۆی روودانی بوومەلەرزەوە بووبن .
ئەو گالیسكەیە كە ناوی " ئینسایت"ی لێنراوە ، دوای ٥ مانگ لەگەیشتنی بۆ سەر ڕووی مەریخ ئەو دەنگانەی تۆمار كردووە ، دەنگەكەش مانگی پیشووتر تۆمار كراوە .
لێكۆڵەرانی تاقیگەیەك لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا پشكنینێكی زیاتریان بۆ ئەو دەنگە كردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە بەڵێ ئەو دەنگە هی سەر مەریخە .
ئەنجامەكان ئەوەیان دەرخستووە كە بوومەلەرزەكە زۆر لاواز بووە ، ئەگەر هاتبا و لەسەر زەوی روویدابا ئەوە زۆر بەكەمی هەستی پێدەكرا .
هاوشێوەی مانگ ، هەسارەی مەریخ هیج پلیتیكی تەكتۆنی لەخۆ نەگرتووە ، ئەمەش مانای وایە رووی مانگ و مەریخ زۆر لە هی زەوی ئارامترە ، كە بەهۆی كەشوهەوا و زەریاكانەوە ژاوەژاو و دەنەگ دەنگی لێپەیدا دەبێت .
هەر لەو بارەیەوە توێژەران خەریكی لیكۆڵینەوەن لە سێ ئاماژە كە گالیسكەی "ئینسایت " لە ١٤ ی مارس و ١٠ و ١١ی نیسان گرتوونی ، بەڵام ئەوەی كۆتاییان زۆر كز بووە و پێناچێت بەهۆی روودانی بوومەلەرزەوە بووبێت .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی