پەیوەندی لەگەڵ داعش.. ئەردۆغان هەندێك تۆماری نهێنی لەجیهان دەشارێتەوە

جیهان

30/04/2019‌ 2621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "سەبەق"ی سعوودی بانگەشەی ئەوە دەكات، كە بەڵگەگەلێك لەبەر دەستە ئەوە دەردەخات حكومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا تیوەگلاوە لەپشتیوانیكردنی تیرۆریستان لە سوریا و عێراق .

بەپێی ئەوەی رۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە رۆژنامەنووس عەبدوڵلا بۆزكورت، كە ئێستا بەڕێوەبەری پێگەی " نۆدریك مۆنیتۆرە" تایبەتە بە بەداواداچوونی رۆژنامەوانی باسی لەرۆڵی حكومەتی پارتی داد و گەشەپێدان كردووە لەپشتیوانیكردنی ڕیكخراوە تیرۆریستییەكان وەك قاعیدە و داعش لە سوریا و عێراق و هەندێك وڵاتی تری سەر دەریای ناوەراست ، ئەویش لەڕێگای هاوكاریكردنیان بەچەك و پارە و هاوكاری لۆجستی.

بوزكورت دەڵێت: لەسەر بنەمای ئەو تۆمارە گوێلێگیراوانەی لەكاتی تەلەفۆنكردندا تۆمار كراوە ، دەتوانین بڵێین حكومەتی ئەردۆغان ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی توندڕەوەكان بۆ سوریا كردووە ، هەروەك ڕێگای پێداون بۆ چارەسەر كردن بگەڕێنەوە بۆ توركیا ".

نووسەر هەروەها دەڵێت "ئەگەر سەیری زۆربەی كردەوە تیرۆریستییە گەورەكانی ئەوروپا و ئاسیا بكەین ، دەبینین زۆربەی هێرشبەرەكان بەشیكی كاتی خۆیان لە توركیا بەسەر بردووە ، ئەوەش كارێكە پلانی بۆ دانراوە".

هاوكات بەپێی رۆژنامەكە، وەك ئاماژەیەك بۆ تیوەگلانی توركیا لە كۆمەككردنی گرووپە تیرۆریستییەكان لەناو سوریا ، لە مانگی شوباتی رابردوو میدیاكانی توركیا باسیان لەوە كرد كە رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشنیازی ئەوەی بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكان كردووە كە توركیا ئەركی گوستنەوەی ٨٠٠ چەكداری داعشی ئەوروپی لە رۆهەڵاتی سوریاوە بگرێتە ئەستۆ.

هێزەكانی سوریای دیموكرات ٨٠٠ چەكداری ئەوروپییان دەستگیر كردووە كە لە ریزەكانی داعش لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا شەڕیان كردووە ، لەكاتێكدا ئەوروپا دەگەڕێت دەرچەیەك بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە ، توركیاش بۆ ئەو دۆسیەیە هاتۆتە سەر هێڵ .

هەروەها رۆژنامەی حوڕییەتی توركیش باسی لەوە كردووە كە ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپر ئەوەی خستۆتە بەر دەم ترامپ تا توركیا ئەركی گوستنەوەی ئەو چەكدارانە لە ناوچە كوردییەكانەوە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی توركیا لە سوریا بگرێتە ئەستۆ .

رۆژنامەكە باسی لەوە نەكردووە، كە چارەنووسی ئەو چەكدارانە چی دەبێت  ئەگەر بێت و رادەستی توركیا بكرێن .

هەر بەپێی رۆژنامەی سەبەقی سعوودی، سەرەرای چەند رووبەرووبوونەوەیەكی چەكداری لەنێوان توركیا و چەكدارانی داعش ، بەڵام توركیا دوای مامەڵەی ئازادكردنی بەرپرسانی قونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ ، هێڵێكی پەیوەندی لەگەڵ هەندێك لە فەرماندەكانی داعش پاراستووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی