غالب محەمەد: پارتی رۆژانە ٢٠ هەزار بەرمیل نەوت لەکەرکوک بۆخۆى دەبات

عیراق

02/05/2019‌ 4270 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سازدانى: هێمن حەسەن
ئەندامێکى لیژنەى وزە لەپەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنیێت ئەگەر لەم مانگەدا هەرێم رێکەوتنى رادەستکردنى داهاتى خاڵە سنورییەکان جێبەجێ نەکات ئەوا جارێکى تر ئەو گومرگانەى لەنێوان شارەکانى هەرێم و عێراقدا هەبوون دادەنرێنەوە.

غالب محەمەد ئەندامى لیژنەى وزە لەپەرلەمانى عێراق لەم چاوپێکەوتنەى شارپرێسدا باس لەدواین گۆڕانکارییەکانى پرسى نەوت و خاڵە سنوریەکان دەکات کە بوونەتە کێشەیەکى ئاڵۆز لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ناوەندى عێراق.

شارپرێس: پرسى خاڵە سنوریەکانى هەرێم و داهاتەکە لەنێوان هەرێم و بەغدا گەیشت بەکوێ؟
غالب محەمەد: هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک خاڵى سنورى فەرمى(نێودەوڵەتى) و نافەرمى هەیە،گرنگە ئەوانەى نافەرمین بکرێنە نێودەوڵەتى ئەگەرنا ناخرێنە سەر حسابات، دەبێت هەموویان ببەسترێنەوە بە سیستەمێکى گومرگى بۆنموونە ئەگەر کیسەیەک چیمەنتۆ گومرگەکەى لە بەسرە چۆن بێت لە گەرمیان و حاجى ئۆمەرانیش بەو شێوەیە بێت ئەمە هەرێمى کوردستان نایەوێت جێبەجێى بکات،کێشەکە داهاتى خاڵە سنوریەکانە لە ٥٠% بۆ خەزێنەى حکومەتى عێراق دەبێت بگەڕێتەوەو لە ٥٠% ى تریشى بۆ خزمەتگوزارییەى ئەو پارێزگایەى خاڵە سنورییەکەى تێدایە  کە بە ئەمرى پارێزگارو ئەنجومەنەکەى خەرج دەکرێت هەرێم نایەوێت ئەمە جێبەجێ بکات،کێشەیەکى تر ئەوەیە کە پانزە کەس لە هەموو دەروازە سنوریەکان بە تێکەڵى لەگەل دەستەیەک کە دادەنرێت لە هەولێر فەرعى هەیە و رەنگە لە سلێمانیش هەیبێت پەیوەست دەبن بەوانەوەو دەخرێنە سەر عێراق دیسان لەمەشدا هەرێم خاوە خاوى پێدەکات و دەیەوێت جێبەجێى نەکات، هەرێم داواى کردوە شەش مانگى تر مۆڵەتى بدەنێ تا جێبەجێ بکات،بەڵام بەغدا بڕوایان بە هەرێم نەماوە، ئەوەش وایکردوە کە بەرپرسى دەستەى هەموو گۆمرگەکانى عێراق دەڵێت ئەگەر لەم مانگەدا جێبەجێ نەکرێت ئەوا نوسراو بۆ عادل عەبدول مەهدى دەکات جارێکى تر ئەو گومرگانەى لەنێوان شارەکانى هەرێم و عێراقدا هەبوون دابنرێنەوە، ئێمە تا ئەو گومرگانەمان لابردووە شەش مانگى پێچوو دونایەک مناقەشەو نوسراو شتمان کرد تا ئەو گومرگانە لابران، بەڵام هەرێمى کوردستان هیچ جێبەجێ ناکات،ئێمە هەرچى لە بەغدا دەیچینین هەرێم لەوێ دەیکاتەوە بە خورى، بەراستى ئێمەش تاقەتمان نەماوە لێرە ئەوەندە قسە بکەین و داوا بکەین، بەراستى ئەگەر هەرێم ئامانە جێبەجێ نەکات گومرگەکان دادەنرێنەوە ئیتر ئەو کاتە کەس بەرگرى لە هەرێم ناکات.

شارپرێس: دەوترێت پارتى دەیەوێت گومرگى ئیبراهیم خەلیل دەربکات لەو چاودێریەى بەغدا دەیەوێت ئەم تاچەند راستە؟
 غالب محەمەد: جا بەغدا بە زۆرى باسى ئیبراهیم خەلیل دەکات، چونکە پارەکە لەوێدایە بەغدا دەیەوێت ئیبراهیم خەلیل و هاوشێوەى گومرگەکانى تر لەژێر چاودێرى دابن و داهاتەکەى بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت، ئیتر ئەوە کۆتایی هات هەرێم پارە بخوات و پارە نەدات لە پارەى بەسرە بۆى بچێت پارەى گەنمت بۆ بدرێت پارەى دەرمانت بۆ بدرێت پارەى وەرقەى جەوازو جنسیەو بۆ چاپ بکرێت و هەموو پارەیەکت بۆ بدرێت، بەڵام هەرێم پارە  نەدا بە بەغدا کێ ئەمە قبوڵ ئەکات، بەراستى ئەو سەردەمە کۆتایی هات، بەغدا چیتر لە هەرێمى قبوڵ ناکات.

شارپرێس: بەغدا لە پای چى ئەو هەموو شتە لە هەرێم قبوڵ دەکات؟
غالب محەمەد: وەلا حکومەتى عێراق بەرامبەر هەرێم ئەخلاقى هەیە، ئێستاش پەرلەمانتارەکانیان پێمان دەلێن ئەوان هاولاتى هەرێمى کوردستان وەک هاوڵاتى بەسرەو شارەکانى تر سەیر دەکەن و نایانەوێت قوت و موچەکانیان ببڕدرێت پێیان خۆش نییە ئەوانە رووبدات،بەڵام چى بکەن ئەوانیش هیچ رێگەیەکیان نییە و نازانن چى بەرامبەر هەرێم بکەن، ئەوان خۆیان دەڵێن هیچ چارەسەرێکمان نییە ناچارین بێینەوە گومرگ دابنێینەوە لە سنورەکان، بەراستى ئەوان چارەسەرى دووەم و سێیەمیان نییە نازانن چی بکەن.

شارپرێس: ئەگەر بەو جۆرە هەرێم بەردەوام بێت گومرگەکان دادەنرێنەوە؟
غالب محەمەد: بەڵێنى دادەنرێنەوە، چونکە چارەسەرى تریان نییە، من سێ مانگ پێش ئێستا ئەوەم وت حکومەتى هەرێم پابەند نەبێت دادەنرێتەوە، من چەند جاری تر لەگەل ئەوانەى گومرگەکانى بەغدا قسەم کردوە ئەوان دەڵێت هەرێم پابەند نەبێت گومرگەکان دادەنێینەوە.

شارپرێس: دەستەى خاڵە سنورەکان نوسراوى کردوە بۆ سەرۆک وەزیران بۆ دانانەوەى گومرگەکان؟
غالب محەمەد:دەستەى گومرگەکانى عێراق بڕوایان بە هەرێم نەماوە و دەڵێن هەرێم راستگۆ نییە لەگەڵمان، بۆیە داوایان کردوە جارێکى تر گومرگەکان دابنرێنەوە.

شارپرێس: پەیوەست بە پرسى نەوتەوە هەرێم بۆچى نەوت رادەست ناکات؟
غالب محەمەد: حکومەتى هەرێم رۆژانە ٤٣٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و دەینرێت بۆ دەرەوە، بەشێکى لەناوخۆ دەفرۆشێت و بەشێکى دەپاڵێوێت دوایی بە گران بە هاوڵاتیانى دەفرۆشێتەوە، بەکورتى هەرێم نایەوێت نەوت رادەست بکات بەتایبەت نێچیرڤان بارزانى سورە لەسەر ئەوەى نەوت رادەست نەکات،جگە لە گروپێکى مافیاى ناو هەرێمى کوردستان کە بەشێک لە بنەماڵەى بارزانى سەرپەرشتى دەکەن و بەشێک بنەماڵەى تاڵەبانیش کۆمپانیا ئەمنیەکان و خزمەتگوزارییەکانین بۆخۆیان بردوە لەگەل تورکیاش کەسى تر سود لەم نەوتە نابینیێت، حکومەتى هەرێم خۆى زەرەرمەندە لەم هاوکێشەیە وەک حکومەت ئەڵێم نەک وەک بەرپرسەکان،ئێمە لەبودجەدا دە ترلیۆن و هەشت سەد ملیار دینارمان لە بودجەدا بۆ هەرێم جێگیر کردوە ئەوەى کە ئێستا بۆ هەرێم رەوانە دەکرێت شەش ترلیۆنە ئەگەر حسابی بکەی زیاتر لە پێنج ترلیۆنى رەوانە ناکرێت، بۆچى رەوانە ناکرێت، بەهۆى ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلە نەوتە، ئەگەر ئەمان ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلە بفرۆشن بەو نرخەى خۆیان ئەو پارەیەى بەغدایان دەست ناکەوێت و حکومەتى هەرێم دوو ترلیۆنیش زەرەر ئەکات نەک پارتى و یەکێتى، ئاشتى هەورامى کۆمەڵێک گرێبەستى ژێر بەژێرى  کردوە نایانەوێت زەرەرمەند بن، کۆمپانیاى کارو عێراق ئۆیل و قەیوان و نۆکان زەرەرمەند دەبن، تورکیا گەورەترین زەرەرمەند دەبێت، چۆن دەهێڵێت نەوت رادەستى بەغدا بکرێت.

شارپرێس: تورکیا لەکوێى هاوکێشەکەیە ئایا ئەویش نایەوێت هەرێم نەوت رادەستى بەغدا بکات؟
غالب محەمەد: نەخێر تورکیاش نایەوێت، نمونەیەکت بدەمێ بەپێى راپۆرتى دیلیۆت لە سێ مانگى ساڵى رابردوو بە بەهاى یەک ملیارو هەشت سەد ملیۆن دۆلار نەوتیان فرۆشتووە لەو بڕە پارەیە نزیکەى چوار سەد ملیۆنى تورکیا بەناوى جیاجیا بردوویەتى واتە ئەوەندەى پارێزگاى هەولێرى دەستکەوتووە ئێ تورکیا نایەوێت ئەمە رووبدات، ئێستا عێراق دەزانێت مەسەلەکە لەکوێیە، دەزانێت مەسەلەکە تورکیاو  کۆمەڵێک بنەماڵەیە لە هەرێمى کوردستان.

شارپرێس: عێراق بۆچى سکاڵاى لەسەر تورکیا کردوە ئایا لەسەر نەوتى هەرێمە؟
غالب محەمەد: عێراق لە دادگایەکى فەرەنسا سکاڵاى لەدژى تورکیا تۆمار کردوە لەسەر بیست و شەش ملیار دۆلار هەتا نەوتى هەرێم بڕوات عێراق لەسەرى حساب دەکات، خۆى ئەگەر عێراق خاوەنى هەبووایە کە نییەتى دەیتوانى تورکیا وا لێ بکات لەماوەى بیستو چوار سەعاتدا بە هەموو بڕیارەکانى عێراق رازى بێت،چونکە تورکیا مەجبورى عێراقە لە ووزەدا، بەڵام عێراق خاوەنى نییە.

شارپرێس: کەواتە دەتوانین بڵێین هەرێم خەتابارە لەوەى نەوت رادەست ناکات؟
غالب محەمەد: بەدڵنیایەوە هەرێم خەتابارە، ئەگەر نێوانى هەرێم و بەغدا دە هەنگاو بێت بەغدا شەش هەنگاو هاتووەتە پێشەوە هەرێم لە چوار هەنگاوەکەى خۆی هەنگاوێکیش نەهاتووەتە پێشەوە.

شارپرێس:ئەوەى پەرلەمانتاران باسى دەکەن کە موچەى فەرمانبەرانیان لە بودجە گەرەنتى کردوە مەترسى لەسەرە؟
غالب محەمەد: ئەو گەرەنتییە بۆ تەنیا یەک ساڵە، چونکە یاساى بودجە بۆ یەک ساڵە ئێمە توانیمان خەڵکى کوردستان دوور بخەینەوە لەکێشەکە، بەڵام نازانم بۆ ساڵى داهاتوو دەتوانین لە یاساى بودجەدا ئەو بڕگەیە جێگیر بکەینەوە یان نا من پێموایە ناتوانین بیکەین.

شارپرێس: بۆچى پێتانوایە کە ناتوان؟
غالب محەمەد: لەبەر ئەوەى دوو کێشە هەیە، یەکێیکان ئەوەیە ساڵى داهاتوو هەڵمەتى هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنى پارێزگاکان لە هەڵمەتیشدا ئەوان توندن بەرامبەر هەرێم، بۆچى توندن، لەبەر ئەوەى کە وامان لە شەقامى عێراقى کردوە دژمان بێت، چونکە نەوت رادەستى بەغدا ناکەین، بەسرە خۆى نەوت رادەست بکات و هاوڵاتییەکانى تۆشى سەرەتان بن و توشى هەزار کێشە بن داهاتەکەى بۆ هەرێم بڕوات.

شارپرێس: بەغدا دۆسیەى نەوتى لە دادگاى فیدراڵى و لەدادگاکە فەرەنساش راگرتووە بۆچى؟
غالب محەمەد: ئەوەى دادگاى فیدراڵى بۆ مانگى حەوت رایگرتووە، هەر بڕیارێکى دادگاى فیدراڵى تانەى لێدانى نییە دەبێت یەکسەر جێبەجێ بکرێت، بۆیە دوایان خستوە، ئەوەى دادگاى فەرەنساش عێراق ناتوانێت دواى بخات،چونکە ئەوە کێشەیەکى گەورەیەو هیچ کەسێک لە عێراق ناتوانێت جورئەتى ئەوە بکات لەترسى غەزەبى شەقامى عێراق.

شارپرێس: بەو پێیەى مەلەفى نەوت لاى نێچیرڤان بارزانییە دەوترێت مەسرور بارزانى جیاوازتر لە نێرڤان بارزانى بیر دەکاتەوە لەم دۆسییە یاخود سیاسەتیان جیاوازە مەلەفى نەوت چیى لەێ دێت لەنێوان ئەو دووانەدا؟
غالب محەمەد: شتێک هەیە ناوى رادەستکردنى نەوتە کە هەرێم دەبێت ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستى بەغدا بکات هەتا ئێستا نێچیرڤان سەرۆک وەزیرانە، ئەو چۆن موچەکەى چاک کرد ئاواش دەیتوانى نەوت رادەستى بەغدا بکات بۆ ئەوەى کێشەکە کۆتایی پێبێت، بەڵام نێچیرڤان دەیەوێت بیهێڵێتەوە بۆ کابینەى نۆیەم، جا ئایا کابینەى تازە نەوت رادەست دەکات یان نایکات جارێ نازانین، جارێ چاوەڕێ دەکەین بزانین نەوت رادەست دەکەن یان نا، ئێمە چاوەڕێ دەکەین موچە لەکاتى خۆیدا بدرێت، چونکە بەراستى موچە نەدەن لەکاتى خۆیدا ئەمە زوڵمێکە قبوڵ نەکراوە، ناکرێت پارەیان بۆ بچێت و موچە نەدەن لەکاتێکدا چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشن و داهاتى ناوخۆیان هەبێت و داهاتى خاڵە سنورییەکانیان هەبێت، ئەوە ئیتر غەدرێکە پێویستە هەموو لایەک بێنەدەنگ، من خۆم بڕیارمداوە ئەگەر بزانم موچە نادرێت بەفەرمانبەران لەدادگاى فیدراڵى شکاتیان لێ دەکەم.

شارپرێس: لەبارەى نەوتى کەرکوکەوە زانیارى چی هەیە نەوتى ئەو شارە چى لێدێت؟
غالب محەمەد: بەپێى دواین زانیارى کە لەوەزارەتى نەوت وەرمگرتووە کە پرسیومە نەوتى کەرکوک و بەشێک لە خانەقین چەندەو بۆ کوێ دەڕوات وەڵامى ئەوان ئەمەیە، لە کێڵگەکانى کەرکوک رۆژانە ٣٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، بەشێکى لە وێستگەیەک دەمێنێتەوە لە نزیک هاڤانایە کە لەژێر کۆنترۆڵى پارتییە رۆژانە بیست هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت و پارتى بۆخۆى دەیبات لەهیچ حیساباتێکى هەرێمیشدا نەمبینیوە، ئەوان دەڵێن لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمە، بەڵام من دەزانم لەژێر دەسەڵاتى پارتییەو کۆمپانیاى کار ئیشى تیا ئەکات،نەوتى عەینزالەو گیارە بەرهەمى ١٣٠٠ دەبرێت بۆ وێستگەکان، دە هەزار بەرمیلیش دەڕوات بۆ ئەردەن ئێمە قسەمان زۆر لەسەر ئەمە کردوە، داوامان کردوە بانگهێشتى وەزیرى نەوت بکرێت لەسەر ئەوەى ئەو دە هەزار بەرمیل نەوتە بۆ ئەردەن دەڕوات لەکەرکوکەوە، بەشەکەى تریشى بەرێکەوتن لەگەڵ هەرێم لەرێى بۆرى هەرێمەوە رەوانەى تورکیا دەکرێت، لەسەر ئەوەى خانەقینیش لە خانەقین رۆژانە هەزارو پێنج سەد بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت کە نەوتەکەى دەگوازرایەوە بۆ پاڵێوگەى دۆرە لە بەغدا ماوەیەک لە رێگا ئیرهابى و گروپەکان بۆریەکان کونکردبوو نەوتەکە نەدەگەیشتە بەغدا ئێستا دایانخستووە، وەزیرى نەوت پێیوتم نەوتى لێبەرهەم ناهێنین، بەلام من بەدواداچوونى بۆ دەکەم بزانم نەوتى لێ بەرهەم نایەت و بۆ شوێن ترى بنرێن.

س.هـ