سزا نوێیەكانی سەر ئێران ئەو كۆمپانیایانەش دەگرێتەوە لەئیمارات كار دەكەن‌

جیهان

03/05/2019‌ 1305 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی " ووڵ ستریت جۆرنال" باسی ئەوەی كردوە، ئیدارەی ئەمەریكا لە چۆنیەتی توندكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران دەكۆڵێتەوە بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زیاتر كۆمپانیایی دارایی بگرێتەوە كە هاوكاری ئێران دەكەن و دۆلاری بۆ دەنێرن.

رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسە ئەمەریكیەكانەوە گواستویەتیەوە ئەم پلانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئامانجی ئەوەیە ئێران بێ بەش بكات لە سەرچاوەی دراوی دۆلار بۆ پارەداركردنی هاوردەكردنی كەل و پەلی بنەڕەتی و بەهێز كردنی دراوە نیشتمانیەكەی و پارەداركردنی چالاكیەكانی لە ناوچەكەدا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكا بۆ رۆژنامەكەی دووپاتكردۆتەوە، واشنتۆن بە نمرە یەك دەیەوێت سزاكان دژی هەناردەی پەترۆكیمیاوی ئێران توندتر بكات، كە دووەم سەرچاوەی پارەداكردنێتی لەدوای نەوت، ئەمەش لە رێگەی بە ئامانج گرتنی دەیان تۆڕی دارایی كە لە سەنگافورەو مالیزیا و ئیمارات و ئەرمینیا كار دەكەن و دۆلار حەواڵەی كۆمپانیا ئێرانیەكان دەكەن كە تایبەتن بە هەناردەی پەترۆكیمیاویەكان.

لەگەڵ ئەوەی سزاكانی ئەمەریكا كەرتی پەترۆكیمیاوی دەگرێتەوە، بەڵام ئەمەریكا نیازی هەیە هەڵوێستەكانی دەربارەی لایەنە بیانیەكان؛ ئەوانەی هاوكاری تاران دەكەن لەم بوارەدا توندتر بكات، ئەویش لە رێگەی هەڕەشكردنەوە لە كۆمپانیا داراییەكان بەوەی رێگەیان لێدەگرێت بگەن بە سیستەمی دارایی ویلایە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا.

چەندین كەشی ئاگادار لەو بابەتە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن بەرپرسە ئەمەریكیەكان چاودێری چالاكیە وەهمیەكان و پرۆسەی دارایی لە دراوی بیانیەوە دەكەن لە توركیا و ئیمارات و عێراق، وەك ناوەندێكی دارایی گرنگ بۆ تاران.

بەرپرسەكان ئەوەیان روون كردۆتەوە ئەو بانكە ئێرانیانەی لە ئامانج گیراون تا ئێستاش پرۆسەكانی گۆرینەوەی دراوەكان لە دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدەن لە ریگەی چەند ناوەندێكەوە؛ گرێدراو بە‌ كۆمپانیا داراییەكان، ئەمانەش لقیان هەیە لە ئیمارات و توركیا و ئازەربێجان.

هەروەها بەرپرسەكان ئەوەشیان بۆ رۆژنامەكە دووپاتكردۆتەوە، ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا لە خۆسازاندایە بۆ سەپاندنی سزای زۆر توند دژی بازرگانی ئاڵتون و كانزا بە نرخەكان و كەرتی ئۆتومبیل لە ئێران، پێدەچێ ئەم سزایانە لە مانگی ئابی داهاتوەوە بچێتە بواری جێبەجێكردن.

یەكێك لە بەرپرسە ئەمەریكیەكان لەم بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، واشنتۆن رێكاری تۆڵە كردنەوە دەگرێتە بەر دژی هەناردەی كەل و پەلی بەكاربردنی ئێرانی بۆ ئەفغانستان، واتە گەورەترین سەرچاوەی دۆلار بە نیسبەت حكومەتی تارانەوە.

لەلایەكی ترەوە بەرپرسێكی عێراقی ئەوەی بە رۆژنامەكە راگەیاندوە، واشنتۆن فشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ناچاری بكات پارچەی یەدەگی ئۆتومبیل لە ئێرانەوە رابگرێت.

پێش ئەوە، سیگال مانلكر، بریكاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رووبەرووبونەوەی تیرۆرو هەواڵگیریی دارایی لە میانی گەشتەكەیدا لە باشوری ئاسیا لە كۆتایی مانگی ئازاری رابردوو، بەرپرسەكانی سەنگافورەو مالیزیا و هیندی ئاگاداركردبۆوە لەوەی وانشتۆن نیازی هەیە راوەدوی هەر كۆمپانیایەك بنێت كە هاوكاری ئێران دەكات لەو هەڵمەتە فشارەی ولاتەكەی لە تاران.

سەرچاوە: وۆڵ ستریت جۆرناڵ
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا