ئەمریكا یەكەمە.. لیستی نوێی بەهێزترین سوپاكانی جیهان بڵاوكرایەوە

جیهان

05/05/2019‌ 4208 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەساڵی ٢٠١٩ دا زۆربەی ولاتە بەهیزەكان لەڕووی سەربازییەوە، پارێزگارییان لەپێگەی ساڵی پارییان كردووە .

پێگەكە Global Fire Power ، كە تایبەتە بە پێوانی توانای سەربازی وڵاتان ، لە دیاریكردنی توانای وڵاتان پشتی بەستووە بە پێنوێنی Power Index كە ٥٥ هۆكار لەبەر چاو دەگرێت بۆ دیاریكردنی توانای سەربازی هەر وڵاتێك ، تا پێنوێنەكە لە خاڵی سفر نزیكتر ببێتەوە واتا ئەو دەوڵەتە بەهێزترە .

بەپێی لیستی نوێ‌، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەهۆی زاڵێتی هێزی ئاسمانی و مرۆییەكەی ، ئەوە سەرباری سەرچاوە تەكنیكی و داراییەكەی لە سەری سەرەوەی لیستەكەدایە و پلەی یەكەمی گرتووە .

دوای وڵاتە یەكگرتووەكان روسیا پلەی دووەمی هەیە بەهۆی زاڵبوونی توانا مرۆییەكانی و زۆری توانای هێزە وشكانییەكەی كە لەم ڕووەوە لە هی هاوتا ئەمەریكییەكەی بەهێزترە .

هەرچی چینە ئەوە بەهۆی توانا مرۆییە زەبەلاحەكەی پلەی سێیەمی هەیە ، ئەوە جگە لە بەهێزی توانای هیزی دەریاییەكەی، هیندستانیش بەهۆی هێزە مرۆییەكەی و پشتیوانی هێزە ئاسمانییەكەی پلەی چوارەمی بەهێزترین سوپاكانی جیهانی گرتووە.

لە پلەی پێنجەمی بەهێزترین سوپاكانی جیهان فەرەنسا دێت كە هێزە وشكایی و ئاسمانییەكەی زۆر بەهێزن ، ئەوە جگە لەوەی لەبواری نویكردنەوەی كەرتەكانی تەكنەلۆژیای سەربازی وڵاتەكەی بودجەیەكی زۆر خەرج دەكات .

ژاپۆن سەرباری ئەوەی هێزە سەربازییەكەی بچووك و سنووردارە ، بەڵام لە پلەی شەشەمی بەهیزترین سوپاكانی جیهاندایە ، چاكەی ئەوەش بۆ پێشكەوتنی چەك و چۆڵەكانی دەگەڕێتەوە بەتایبەتی هێزی ئاسمانییەكەی.

كۆریای باشووریش بە هۆی بەهێزی تەكنەلۆژیا سەربازییەكەی و زۆری ژمارەی هێزە مرۆییەكەی وایكردووە ئەو وڵاتە پێگەی حەوتەم وەك بەهێزترین سوپا بۆخۆی بگرێت .

بەریتانیا پلەی هەشتەمی هەیە لەو ریزبەندییەدا ، هەرچەندە پلەیەك لەچاو پۆڵێنی ساڵی پار پاشەكشەی كردووە، بەڵام بەهۆی خەرجی زۆری بۆ بواری بەرگری وایكردووە هەر لە پێگە پێشەنگەكانی بەهێزترین سوپاكانی جیهاندا بمێنیتەوە .

توركیاش بەهۆی توانا مرۆییە گەورەكەی و چەك و چۆڵە وسكانییە پێشكەوتووەكەی ، پلەی نۆیەمی ڕیزبەندیەكەی گرتووە.

پلەی دەیەم بۆ ئەڵمانیایە ، ئەویش سەرەرای كەمی هێزە سەربازییەكەی ، بەڵام بودجەیەكی زەبەلاحی بۆ پێشخستنی تەكنەلۆژیای سەربازی وڵاتەكەی تەرخان كردووە.

هەرچی وڵاتانی عەرەبییە ، ئەوە میسر لە پلەی ١٢ یەمدایە ، سعودییە پلەی ٢٥ ، جەزائیر ٢٧ ، سوریا ٥٠ ، مەغریب پلەی  ٦١ .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی