شارپرێس: دوای چەند سەعاتێك لە ناردنی كەشتیگەلی ئەبراهام لینكۆڵن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، كە كەشتی فرۆكەهەڵگری ئەبراهام لینكۆڵنو چەندین كەشتی جەنگی تری لەخۆ گرتووە ، ئەو وڵاتە ٤ فڕۆكەی مووشەكهاوێژی جۆری "بی ٥٢"ی رەوانەی ناوچەكە كرد، ئەوەش بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەیشەیەكی ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە. رۆژی چوارشەممە پنتاگۆن وێنەی ئەو فرۆكە مووشەكهاوێژانەی بڵاوكردبووەوە، كە لەكاتی هەستاندا بوون لەبنكەیەكی ئاسمانی ویلایەتی لویزیانا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەراست . فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكاش وێنەی ئەو مووشەكهاوێژانەی بڵاوكردبووەوە، كە سەر بە پۆلی ٢٠ لە هێزی ئاسمانی ئەمەریكین ، ئەوەش دوای ئەوەی گەیشتنە بنكەی ئاسمانی "عودەید' لە قەتەر. مێژوویەكی پڕشنگدار فرۆكەی مووشەكهاوێژی B-52 مێژوویەكی پڕشنگداری لەناو هێزی ئاسمانی ئەمەریكیدا هەیە ، نەوەی یەكەمی ئەو فرۆكەیە لەچلەكانی سەدەی رابردوو لەلایەن كۆمپانیای بۆینگی ئەمەریكییەوە دیزاین كراوە ، لەساڵی پەنجاكانیش بۆیەكەمجار چووەتە بواری خزمەتەوە. فڕۆكەكانی جۆری B-52 سترارتو فۆرترس، كە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست نێرداون ، یەكێكن لەو ٧٠٠ فرۆكەیەی لەكاتی جەنگی سارددا درووست كراون و ئامانجیش لێیان هەڵگرتنی بۆمبی ناوەكی بووە. لەماوەی جەنگی سارددا ئەو جۆرە فرۆكەیە بەشداری چەندین پرۆسەی سەربازییان كردووە ، هەروەك لە گەردەلوولی بیابان لە ساڵی ١٩٩٠بۆ دەركردنی سوپای عێراق لە كوێت ڕۆڵیكی گرنگیان گیڕاوە ، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەك لەو فرۆكانە بەشدار بوون لەهێرشكردنە سەر هێزەكانی سەر بە ڕژێمی سوریا لەشوباتی ساڵی ٢٠١٨ . فرۆكەی B-52 بەوە جیادەكرێتەوە، كە تونای هەڵگرتنی تەقەمەنییەكی زۆری هەیە ، ئەوە جگە لەوەی دەتوانێت بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بەئاسمان و بەناو كیشوەرەكاندا بفڕێت بێئەوەی بوەستێت، دەشتوانرێت هەر لە ئاسمانەوە دووبارە سووتەمەنی تێبكرێتەوە. ئەو فرۆكەیە دەتوانێت ٣٢ هەزار كیلۆگرام كەلوپەلی سەربازی هەڵبگرێت ، واتا ٣٠ بۆمبی ٥٠٠ كیلۆگرامی یاخود ١٨ بۆمبی ٩٠٠ كیلۆگرامی ، هەروەك B-52 دەتوانێت ١٢ بۆمبی "هێرشبەری راستەوخۆی هاوبەش" ( DAM) هەڵبگرێت ، كە لەلایەن مانگی دەستكردەوە ئاراستە دەكرێت و كێشەكەی لەنێوان ٢٢٦ بۆ ٩٠٠ كیلۆگرام دەبێت . فڕۆكەیB-52 دەتوانێت بۆمبی زیرەكی "بایفوای"، كە بە لێزەر ئاراستە دەكرێت هەڵبگرێت . یەكێك هەرە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی B-52 خۆی لە هەڵگرتنی هاوێژەری مووشەكەكانی ڕۆتارییدا دەبینێتەوە، بەجۆرێك دەتوانێت ٢٠ مووشەكی كرۆز لەجۆری JASSM بهاوێژیت . ئەو فرۆكەیە دەتوانێت ١٢ مووشەك، كە لە باڵەكانی جێگیر كراون بهاوێژیت ، لەگەڵ ٨ مووشەك لەناو فرۆكەكەدا هەڵگیراوە. موشەكهاوێژی B-52 مووشەكی جۆری AGM-158 JASSM هەڵدەگرێت ، كە تا دووری ٢٥٠ میل بڕ دەكات، ئەوە جگە لەهەڵگرتنی كڵاوەی ئەوتۆ، كە تەقینەوەكەی زۆر بەهێزە و قورساییەكەی دەگاتە ٤٥٠ كیلۆگرام . وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی