دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئیستەنبووڵ چی لەئایندەی توركیا دەكات؟

جیهان

11/05/2019‌ 1503 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" ئەمەریكی پێیوایە، كە بڕیاری دووبارە بەڕێوەچوونەوەی هەڵبژاردن بۆ شارەوانی ئیستەنبووڵ ، پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری دابەش كردووە ، ئەوە جگە لەوەی هەڕەشەیەكیشە لەسەر  سەلامەتی دیموكراتییەت لە توركیا .

گۆڤارەكە لە شرۆڤەیەكیدا كە لە پێگە ئەلیكترۆنییەكەیدا بڵاویكردووەتەوە نووسیویەتی، لەهەنگاوێكی بێپێشینەدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا، كە ئەنجامی هەڵبژاردنە شارەوانییەكانی ئیستەنبوڵ هەڵبوەشێنێتەوە ، كە تێیدا ئەكرەم ئیمامۆغڵو  پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزیسیۆن تێیدا براوە بوو .

وابڕیاریشە لە ٢٣ی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا جارێكی تر هەڵبژاردنەكان بۆ شارەوانی ئیستەنبوڵ بەرێوە بچیتەوە ، واچاوەرێش دەكرێت نزیكەی ١٠ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبێت .

بەگوێرەی بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ، ئەكرەم ئیمان ئۆغلو سەرەرای ئەوەی بە جیاوازی ١٣ هەزار دەنگ  لەپێش پاڵیوراوی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدارەوە بووە ، بەڵام پۆستەكەی لێوەردەگیرێتەوە ، بەڵام ئێستا بەشێوەیەكی كاتی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ بەڕێوە دەبات .

گۆڤارە ئەمەریكییەكە پێیوایە كە ئەو بڕیارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا ، دیموكراتییەتی توركی لەكەدار دەكات كە هەر لە بنەڕەتەوە دیموكراتییەتێكی گەمارۆدراو بوو .

لەدرێژەیدا گۆڤارەكە ئەوەشی نووسیوە، متمانە بەو پرۆسەی هەڵبژاردنە بەباداچووە و متمانەی هاوڵاتییانیش بە بنەما دیموكراتییەكان كەمی كردووە".

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئیستەنبوڵ پشتی بەوە بەستووە كە ئەنجوومەنەكانی دەنگدان كە بەرپرسە لە باش بەڕێوەچوونی دەنگدان لە وێستگەكانی دەنگدان ، بەشیوەیەكی نایاسایی پێكهێنراون .

بەڵام ئەم كۆمسیۆنە ئەوەی ڕوون نەكردۆتەوە كە ئەوە چۆن كاری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كردووە ، بەتایبەت كە سندووقەكانی دەنگدان لەژێر چاودێرییەكی توندی نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەكاندا بوون ، لەناویشیاندا پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار .

هەروەك بڕیارەكە دژبەیەكییەكی زۆری تێدایە ، بەجۆرێك ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی شارەوانی گەورەی ئیستەنبووڵی هەڵوەشاندۆتەوە ، بەڵام ئەنجامەكان لەسەر ئاستی بچووكتر وەك خۆی هێڵراوەتەوە ، لەكاتێكدا لەسەر هەمان كاغەزی دەنگدان بوون .

بۆیە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی باسی لەوەش كردووە،  ئەگەر ڕێساكانی هەڵبژاردن پێشێل كرابن ، ئەوە پیویست بوو هەموو ئەنجامەكان هەڵبوەشێننەوە ، نەوەك تەنیا بەشێكیان .

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پاساوی ئە بڕیارەی بۆ ئەوە هێناوەتەوە كە سنووری دەسەڵاتی تەنیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەیە كە تانەیان لێدراوە ، بەڵام گۆڤارە ئەمەریكییەكە دەڵێت ئەگەر ئەوە لەرووی یاساییەوە لۆژیكی بێت ، ئەوە لەڕووی ئاكارییەوە شتێكی راست نییە .

فۆرین پۆیسی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئەو بڕیارە زیانی لە متمانەی جەماوەری توركی بۆ پرۆسەی دیموكراتییەت لە توركیا داوە ، بەجۆرێك پێشینەیەكی ئەوتۆی درووست كردووە كە هەرگیز هیچ حزبێك پێشتر  بەو جۆرە كە ئەنجامەكانی بەدڵ نەبووبێت پێیهەڵنەستاوە.

بڕیارەكە بووە هۆی تووڕەكردنی هەوادارانی ئیمام ئۆغڵو و پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزیسیۆن ، تەنانەت هەندێكیان داوایان كرد كە پێویستە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكرێت ، بەڵام ئیمام ئۆگڵو توانی لەو بریارە پەشیمانیان بكاتەوە.

گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" هەروەها نووسیویەتی، ئەو توورەیی و نیگەرانییە ناو پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداریشی گرتۆتەوە ، وەك ئاماژەیە بۆ نارازی بوونی كادیر و بەشێك لە بنكەی جەماوەری پارتی دەسەڵاتدار لە ئەنجامەكان .

پێشبینی دەكرێت ئەو كارە ناكۆكییەكان لەناو پارتی دەسەڵاتدار زیاتر دەربخات ، هەروەك چۆن عەبدوڵلا گول سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا و یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان لەڕێگای تویتێكەوە سەركۆنەی بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەوەكانی كرد .

عەبدوڵڵا گول ئەو دەنگۆ و قسە و قسەڵۆكانەشی ڕەتنەكردۆتەوە كە باس درووستكردنی پارتێكی نوێ دەكەن بەسەرۆكایەتی عەلی باباجان ، وەزیری دارایی پێشووی توركیا .

راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن لە گوڵ و عەلی باباجان و ئەحمەد داود ئۆغڵو  سەرۆك وەزیری پێشووی توركیا ، خۆیان بۆ درووستكردنی پارتێكی سیاسی نوێ ئامادە دەكەن ، بەڵام بەدڵنیایی كاتی پێویستییان لەبەردەستدا نییە تا بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەی شارەوانی ئیستەنبوڵ بكەونە كێبڕكێوە.

وەرگیران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی