زۆرینە دەوڵەمەندن.. سان فرانسیسكۆ شاری ملیاردێرەكان

جیهان

14/05/2019‌ 560 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئەگەر دەتەوێت ئەستێرەیەكی ناودار ببینیت بڕۆ بۆ هۆڵیود ، ئەگەر دەتەوێت ملیاردێرەكان ببینی بچۆ بۆ سان فانسیسكۆ".

پێگەی "فۆكس" بەم دەستەواژەیە بابەتێكی لەسەر دەوڵەمەندەكانی جیهان نووسیوە ، تێیدا ژمارەی سەرنجراكیشی لەسەر ملیاردێرەكانی ئەمەریكا خستووەتە ڕوو.

پێگەكە باسی لەوە كردووە، كە لەئێستادا هەڵكشانی  ژمارەی ملیاردێرەكانی ئەمەریكا لەهەموو كاتێك زیاترە ، بەجۆرێك دۆڵی سلیكۆن بووەتە نیشتمانی دەوڵەمەندەكان.

لە سانفرانسیسكۆ لەهەر ١١،٦٠٠ كەس یەكێكیان ملیاردێرە ، بەوەش ئەو شارە كە پلەی چوارەمی هەیە لە ژمارەی ملیاردێرەكان لەجیهاندا ، ببێتە گەورەترین گردبوونەوەی ملیاردێرەكان لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا .

هەرچی نیویۆركە، كە بە هەر ٨١ هەزار كەسی یەكێكیان ملیاردێرە لەدوای سانفرانسیسكۆ  پلەی دووەمی هەیە .

لەبەرانبەردا بەپێی ئەو سەرژمێرییەی پێگەی "وێلس ئێكس" ئامادەی كردووە لەساڵی ٢٠١٨ ژمارەی ملیاردێرەكان بەڕێژەی ٥% كەمی كردووە ، بەجۆرێك ژمارەكەیان بۆ ٢٦٠٠ ملیاردێر لەجیهاندا كەم بۆتەوە ، كە هاوشانە لەگەڵ كەمبوونەوەی تێكرای سامانەكەیان بەرێژەی ٧% ، واتە ٨،٦ تڕیلیۆن دۆلار .

بەڵام زۆربەی پاشەكشەی ژمارەی ملیاردێرەكان لە ئاسیا بووە ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خاوەن سەرمایە و خاوەن كارەكان لەماوەی ساڵی رابردوودا بەكاتێكی قورسدا تێپەڕیون بۆیە،  ئەوە كاری لەقەبارەی سامانەكەیان كردووە ، كە بەپێی بۆچوونی ئامادەكارانی سەرژمێرییەكە هۆكاری ئەوە بۆ خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری چین و هەڵكشانی گەشەی ئابووری وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەگەڕێننەوە. 

لەبەرانبەر كەمبوونەوەی ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهان ، ژمارەی ملیاردێرەكانی ئەمەریكا لەساڵی ٢٠١٨  بەڕیژەی ٤% زیادی كردووە، سەرباری ئەوەی سامانەكەیان ٥% كەمی كردووە.

بەرزبوونەوەی بەهای پشكەكانی كۆمپانیا تەكنەلۆژییەكان لەم چەند ساڵەی رابردوو ، وایكرد كە سەرمایەدارەكانی سان فرانسیسكۆ  ببنە پێشەنگی دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا ، بەجۆرێك ٥% دەوڵەمەندە خاوەنكارەكانی ئەو شارە وەبەرهێنانیان لەبواری "پیشەسازی تەكنەلۆژیا"دا كردووە . 

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی