بەژمارە.. شەڕی بازرگانی نێوان چین‌و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا

جیهان

14/05/2019‌ 1621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لە رۆژی دووشەممەوە وڵاتە یەكگرتووەكان دەستیكرد بە بەرزكردنەوەی رسووماتی گومرگی لەسەر ئەو كەلوپەلانەی لە چینەوە هاوردە دەكرین.

سەپاندنی باجی گومرگی بەڕێژەی ٢٥% بەسەر كاڵا چینییەكان ، بەجۆرێكە ٤٧% هاوردەكان لە چینەوە دەگرێتەوە، بەوپێیە وڵاتە یەكگرتووەكان ٢٥٠ ملیار دۆلار  ڕسوماتی گومرگی بەسەر كاڵا چینییەكاندا دەسەپێنێت ، ئەوە جگە لەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكان فەرمانی كرد كە ڕێوشێنی تر بگیرێتەبەر بۆ سەپاندنی رسوماتی گورمگی بەسەر سەرجەم كاڵاكانی تری چین بەبەهای ٣٠٠ ملیار دۆلار .

لەگەڕی رابردووی گفتوگۆكانی نێوان چین و ئەمەریكا نەبووە هۆی گەیشتن بە رێكەوتنێك لەنێوانیاندا ، كە وابڕیارە ئەو گفتوگۆیانە تاكاتێكی نادیار بەردەوامیان هەبێت .

ترامپ لە تویتێكی پێشووتریدا داوای لە بەرهەمهێنەرە ئەمەریكییەكان كردبوو كە لەجیاتی هاوردەكانی كەلوپەلی چینی ، ئەو شتومەكانە لەناوخۆی ئەمەریكا بەرهەمبهێنن ، ئەوەش بۆئەوەی لەدانی رسوماتی گومرگی گران دەربازیان بببێت .

داتاكانی نووسینگەی ئاماری ئەمەریكی ئەوەی ئاشكرا كردووە كە تەرازووی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لەبەرژەوەندی چینە ، بەجۆرێك لە چارەگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەبەهای ١٠٦ ملیار دۆلار لەچینەوە هاوردەی كردووە ، لەكاتێكدا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەو ماوەیەدا تەنیا بەبەهای ٢٦ ملیار دۆلار شمەكی هەناردەی چین كردووە .

لەساڵی ٢٠١٨ بەهای هاوردەكردنی كاڵا و شمەك لە چینەوە بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گەیشتۆتە ٥٤٠ ملیار دۆلار ، بەو مانایەی رۆژانە وڵاتە یەكگرتووەكان بەبەهای ١،٥ ملیار دۆلار لەچینەوە هاوردە دەكات ، ئەوە لەكاتێكدا وڵاتە یەكگرتووەكان ساڵانە بەبەهای ١٢٠ ملیار دۆلار شمەك هەناردەی چین دەكات .

تەرازووی بازرگانی لەنێوان چین و ئەمەریكا
ژمارەكان ئەوە پیشان دەدەن كە لەساڵی ٢٠٠٠ وە بەبەهای ٦،٢ تڕیلیۆن دۆلار كاڵا و شمەك لە چینەوە براوەتە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ، لەبەرانبەردا بەبەهای ١،٥ تڕیلیۆن دۆلار كاڵا و شمەك لە ئەمەریكاوە هەناردەی چین كراوە .

لەساڵی ١٩٨٦ وە تەرازووی بازرگانی لەبەرژەوەندی چینە ، لەكاتێكدا لەساڵی ١٩٨٥ تەرازووی بازرگانی نێوانیان هاوسەنگ بوو ، بەجۆرێك ساڵانە وڵاتە یەكگرتووەكان بەبەهای ٣،٨ ملیار دۆلار كالای لە چینەوە هاوردە دەكرد.
وڵاتە یەكگرتووەكان چی لە چینەوە هاوردە دەكات؟

بەزۆری لەساڵی ٢٠١٨ هاوردەی وڵاتە یەكگرتووەكان لە چینەوە بریتییە لە ئامێری كۆمپیوتەر و  ئامێری ئەلیكترۆنی و كارەبایی بەبەهای ٢٢٦ ملیار دۆلار ، هەروەك بەبەهای ٤٤ ملیار دۆلار كەلوپەلی درووستكردن ، بەبەهای ٣٩ ملیار دۆلار بەرهەمی پلاستیكی ، جلوبەرگ بەبەهای ٣٠ ملیار دۆلار .

ئەوە جگە لەوەی وڵاتە یەكگرتووەكان بەبەهای ٢٦ ملیار دۆلار فەڕش و راخەر ، وە بەبەهای ٢١ ملیار دۆلار مادەە كیمیاییەكان لە چینەوە هاوردە دەكات.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی