وردەكاری.. ئەو گرژییانەی شەوی رابردوو لەپاریزگاكانی باشوور ڕوویاندا

عیراق

16/05/2019‌ 2016 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی موقتەدا سەدر چەند كەسایەتییەكی ڕەوتەكەی بەتۆمەتی گەندەڵی لە ڕەوتەكەی دوورخستەوە ، شەوی رابردوو سەدان كەس لە چەندین پارێزگای ناوەراست و باشووی عێراق دژ بەو كەسانە رژانە سەر شەقامەكان و داوای دادگاییكردنیان دەكرد.

كەربەلا
سەدان كەس لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەرانبەر كۆمپانیایەكی بەڵێندەرایەتی گردبوونەوە و دەرگای كۆمپانیاكەیان داخست ، تێیدا خۆپیشاندەران ئاماژەیان بۆ ئەوە دەكرد، كە ئەوە كۆمپانیای یەكێك لەو كەسانەیە، كە لەسەر گەندەڵی لە ڕەوتی سەدر دووخراوەتەوە.

بابل
دەیان خۆپیشاندەری تووڕەیی سەر بە رەوتی سەدر لە شاری حیللە دژ بەكەسە دوورخراوەكانی رەوتی سەدر  گردبوونەوە و تێیدا داوایان دەكرد، كە ئەو كەسانە دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت و بدرێنە دادگا .

واست
لەو شارە دوو كەس لە كاتی خۆپیشاندەران لەبەردەم  كۆمەڵگەی پزیشكی دیمەشق و ماڵی جێگری پارێزگاری ئەو شارە عادل زركانی بریندار بوون ، ئەوەش وەك نارەزایەتی دەربڕین دژ بەو كەسە گەندەڵانەی لە ڕەوتی سەدر دوورخرانەوە ، تێیدا درووشمی " شلع قلع . هەمووتان دزن ".

بەسرە
لەشاری بەسرەش دەیان كەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر رژانە سەر شەقامەكان و درووشمی " بەسرە بەسڕە هی موقتەدایە"یان دەگوتەوە.

لە نەجەف چی ڕوویدا ؟
لەشاری نەجەف سەدان كەسی لایەنگری ڕەوتی سەدر ڕژانە سەر شەقامەكان و لەبەردەم مۆڵ بەشیر، كە هی جەوواد كەرعاوییە و نزیكە لە گۆڕەپانی دوو سەدرەكەیە لەناوەراستی نەجەفە ، تێیدا داوایان دەكرد دەبێت مۆڵەكە دابخرێت ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كەرعاویش یەكێكە لەو كەسانەی لەسەر گەندەڵی لە ڕەوتی سەدر دوورخراوەتەوە.

بەڵام ئەو كۆمپانیا ئەمنییەی بەرپرس بوو لە پاراستنی ئاسایشی مۆڵەكە تەقەی بەسەر خۆپیشاندەراندا كرد و چەند خۆپیشاندەرێك پێكران  .

هەروەك نەخۆشاخنەی حەكیم لەنەجەف رایگەیاند، بەشی فریاگوزاری نەخۆشخانەكەمان لە كاتژمێرەكانی سەرەتای خۆپیشاندانەكان و گرژییەكانی بەردەم مۆڵەكە پێشوازی لە ١٧ كەسی بریندار  و ٤ كوژراو كردووە .

هەرچی شانەی راگەیاندنی ئەمنییە رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان توانیویانە ٥ كەس لەوانەی تەقەیان لەخۆپیشاندەران كردووە دەستگیر بكەن ، كە سەرجەمیان لە پاسەوانەكانی مۆڵەكەن.

دوای ئەو ڕووداوانە چەند كەسێك ئاگریان لە مۆڵەكە بەرداوە و زیانێكی ماددی زۆریان بە مۆڵەكە گەیاندووە.

لای خۆیشییەوە جەواد كەرعاوی خاوەنی مۆڵی بەشیر  گوتویەتی كە ڕووداوەكان بەهۆی ئەوە روویانداوە كە چەند كەسێك هەڵیانكوتاوەتە سەر مۆڵەكە، لەئەنجامدا دووكەس لەوانەی كاریان لە مۆڵەكەدا دەكرد بریندار بوون.

كەرعاوی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە نەتوانراوە كەسە بریندارەكانی ناو مۆڵەكە بۆ نەخۆشخانە بگوازرێتەوە ، كە ئەوەش بەرپرسیارێتی دەوڵەتە ماڵ و موڵكی خەڵك بپاریزێت .

هەر پەیوەست بەو بابەتە ساڵح محەمەد عێراقی كەسی نزیكی موقتەدا سەدر  رۆژی چوارشەممە داوای لە خۆپیشاندەران كرد و خۆپیشاندانەكانیان بكەنە مانگرتن بچنە بەردەم مۆڵی گەندەڵكاران ، تاوەكو بەلایەنی كەم بۆ ماوەی سێ رۆژ  كەس نەچێتە ناویان بۆ شتكڕین.
 
هەرچی دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدرە سەبارەت بەو رووداوانەی لە چەند پارێزگایەك ڕوویاندا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا بەتوندی سەركۆنەی بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران كرد بەتایبەت لە پارێزگای نەجەف ، كە بە قسەی ئەو ڕۆڵەكانی ڕەوتی شەریف لەبەردەم مۆڵ و ماڵ و كۆمپانیای گەندەڵكاران بەشێوەیەكی شارستانیانە و ئاشتیانە خۆپیشاندانیان كردووە .

ڕەوتەكە لە درێژەی بەیاننامەكەیدا رایگەیاند، تەقەكردن لە خۆپیشاندەرە بێچەك و مەدەنییەكان تاوانێكی قێزەونە دەرحەق بە مافی مرۆڤ لە دەربڕینی بۆچوونەكانی و داواكردنی مافەكانی" ، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە بەكارهێنانی فیشەكی راستەقینە دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز  لەلایەن پاسەوانانی مۆڵی گەندەڵكارانەوە تاوانێكە لێخۆشبوونی بۆ نییە .

رۆژی دووشەممەش موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای درووستكردنی لیژنەیەكی كرد بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو كەسانەی سەر بەرەوتی سەدرن  و لە پرۆژە بازرگانییە حكوومییەكاندا كاردەكەن ، تێیدا دەڵێت " چیتر بەرگەی ئەوە ناگرم كە ئێوە ببنە هۆكاری شێواندنی ئابڕووی باوكم و لە ڕێبازەكەی لابدەن ".

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی